Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 144:9-15

ئەی خودایە، گۆرانییەکی نوێت بۆ دەڵێم،
    بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقات بۆ دەژەنم،
10 بۆ ئەوەی ڕزگاری دەدات بە پاشایان،
    ئەوەی داودی بەندەی خۆی لە شمشێری بەدکار دەرباز دەکات.

11 دەربازم بکە و لە دەست بێگانە فریام بکەوە،
    ئەوانەی بە دەم درۆ دەکەن،
    سوێندخواردنیشیان ساختەیە.

12 ئەوسا کوڕەکانمان لە سەردەمی لاویێتییان
    وەک نەمامی گەشەکردوو بن،
کچەکانمان وەک ستونی داتاشراوی
    گۆشەی کۆشک بن.
13 ئەمبارەکانمان پڕ بن
    لە هەموو جۆرە دانەوێڵەیەک،
مەڕەکانمان یەکە و هەزار و
    بە دەیان هەزار بن لەناو کێڵگەکانمان،
14 گامان باری قورس ڕابکێشیت.
    بێ شکانی شوورا و بێ ڕاپێچکردن،
    شەقامەکانمان هاواری تەنگانەیان لێ نەیێت!
15 خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی ئاوای بۆ ببێت،
    خۆزگە دەخوازرێ بەو گەلەی یەزدان خودایانە.

گۆرانی گۆرانییەکان 5:2-6:3

ئەویندار

من خەوتووم، بەڵام دڵم بێدارە!
    دەنگی دڵدارەکەمە لە دەرگا دەدات:
«دەرگام بۆ بکەرەوە، دڵداری ئازیزم،
    ئەی کۆترەکەم، ئەی بێ کەموکوڕییەکەم،
سەرم پڕ خوناو بووە،
    ئەگریجەم پڕ شەونم.»
جلەکانم داکەندووە،
    ئایا دەبێ دیسان لەبەری بکەمەوە؟
پێیەکانم شوشتووە،
    ئایا دەبێ دیسان پیسیان بکەمەوە؟
دڵدارەکەم لە کونی دەرگاوە دەستی درێژکرد،
    هەناوم بۆی ڕاچەنی.
هەستام هەتا دەرگا لە دڵدارەکەم بکەمەوە،
    دەستەکانم موڕیان لێ دەچۆڕا،
پەنجەکانم موڕی شل
    لەسەر دەسکی سورگییەکە.
دەرگام بۆ دڵدارەکەم کردەوە،
    بەڵام دڵدارەکەم بایدابووەوە و ڕۆیشتبوو.
    گیانم بەدوای ئەودا دەرچوو،
بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە.
    بانگم کرد، وەڵامی نەدامەوە.
تووشی ئێشکگرەکان بووم
    کاتێک بەناو شاردا دەسووڕانەوە.
لێیان دام و برینداریان کردم،
    چارۆکەکەیان لەبەر داکەندم،
    ئێشکگری شووراکان
ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم،
    ئەگەر تووشی دڵدارەکەم بوون،
ئەمەی پێ بڵێن،
    من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم.

دەستەخوشکەکان

دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران،
    ئەی جوانی نێو ئافرەتان؟
دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران،
    کە ئاوا سوێندت داین؟

ئەویندار

10 دڵدارەکەی سوور و گەشاوەیە،
    لەناو دە هەزار کەسدا دیارە.
11 سەری زێڕی بێگەردە،
    زولفی بەرداوەتەوە،
    ڕەشە وەک قەلەڕەش.
12 چاوەکانی وەک کۆترن
    چاوەکانی وەک کۆترن لەسەر کانییەک،
کۆترەکان هێندە سپین وەکو شیر،
    لە کەناری حەوزێک هەڵنیشتوون.
13 گۆناکانی وەک باخچەی بۆندارن،
    بۆنیان خۆشە.
لێوەکانی سەوسەنن،
    موڕی شلیان لێ دەتکێت.
14 دەستەکانی لوولەی زێڕن،
    بە زەبەرجەد ڕازاونەتەوە،
لەشی عاجی تاشراوە
    بە بەردی یاقووتی شین[a] پێچراوەتەوە.
15 قاچەکانی ستوونی مەڕمەڕن،
    لەسەر دوو بنکەی زێڕی بێگەرد دامەزراون.
ڕوخساری وەک لوبنانە،
    هەڵبژاردە وەک ئورز.
16 دەمی شیرینە،
    سەراپای خۆشەویستە.
ئەمە دڵدارەکەمە، ئەو ئازیزی منە،
    ئەی کچانی ئۆرشەلیم!

دەستەخوشکەکان

دڵدارەکەت چووە کوێ،
    ئەی جوانی نێو ئافرەتان؟
دڵدارەکەت ڕووی لەکوێ کرد،
    هەتا لەگەڵت بەدوایدا بگەڕێین؟

ئەویندار

دڵدارەکەم دابەزییە ناو باخچەکەی،
    بۆ ناو باخچەی بۆندار،
هەتا مێگەلی خۆی لەناو باخچەکاندا بلەوەڕێنێت و
    سەوسەن کۆبکاتەوە.
من بۆ دڵدارەکەمم و دڵدارەکەم بۆ منە،
    لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.

یەکەم پەترۆس 2:19-25

19 چونکە ئەگەر کەسێک لەبەر ویژدانی بەرامبەر خودا بەرگەی ژانی ئازاری زۆرداری بگرێت، ئەمە جێی ستایشە. 20 بەڵام ئەگەر هەڵەتان کرد و لێتان درا و بەرگەتان گرت، ئەمە چ شانازییەکە؟ بۆیە ئەگەر چاکە بکەن و لە ئازاردا بەرگەتان گرت، ئەمە جێی ستایشە لەلای خودا. 21 بۆ ئەمە بانگکراون، لەبەر ئەوەی مەسیحیش لە پێناوتاندا ئازاری چێژت و نموونەی بۆ بەجێهێشتن، تاکو بە هەنگاوەکانیدا بڕۆن.

22 [ئەوەی هیچ گوناهێکی نەکردبوو،
    فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو.][a]

23 ئەوەی جنێوی پێدەدرا و جنێوی نەدەدایەوە، ئازار دەدرا و هەڕەشەی نەدەکرد، بەڵکو خۆی دەدایە دەست ئەوەی حوکمی دادپەروەرانەیە. 24 ئەوەی خودی خۆی لە لەشیدا لەسەر دار گوناهەکانمانی هەڵگرت، تاکو سەبارەت بە گوناه بمرین و بۆ ڕاستودروستی بژین. بە برینەکانی ئەو چاکبوونەوە.[b] 25 چونکە ئێوە وەک مەڕی ونبوو وابوون، بەڵام ئێستا گەڕانەوە لای شوان و چاودێری گیانتان.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.