Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەندەکانی سلێمان 22:1-2

22 ناوبانگی چاک لە دەوڵەمەندی گەورە خوازراوترە،
    پەسەندی چاکیش لە زێڕ و زیو باشترە.

دەوڵەمەند و هەژار لەمەدا یەکدەگرنەوە،
    دروستکەری هەردووکیان یەزدانە.

پەندەکانی سلێمان 22:8-9

ئەوەی ناڕەوایی بچێنێت دروێنەی خراپە دەکات،
    کوتەکی تووڕەییشی دەفەوتێت.

ئەوەی چاوتێر بێت بەرەکەتدار دەبێت،
    چونکە لە نانی خۆی دەداتە هەژار.

پەندەکانی سلێمان 22:22-23

22 هەژار تاڵان مەکە لەبەر هەژارییەکەی و
    نەبوون وردوخاش مەکە لە دادگا،
23 چونکە یەزدان بەرگری لە کێشەکەیان دەکات و
    ئەوانەی تاڵانیان دەکەن گیانیان تاڵان دەکات.

زەبوورەکان 125

گۆرانی گەشتیاران.

125 ئەوانەی پشتیان بە یەزدان بەستووە وەک کێوی سییۆن وان،
    کە نالەقێت، بەڵکو هەتاهەتایە هەر چەسپاوە.
وەک چۆن چیاکان دەوری ئۆرشەلیمیان داوە،
    یەزدانیش دەوری گەلی خۆی داوە،
    لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.

چونکە گۆچانی خراپەکاران
    لەسەر میراتی ڕاستودروستان جێگیر نابێت،
نەوەک ڕاستودروستان
    دەستیان درێژ بکەن بۆ خراپەکاری.

ئەی یەزدان، چاکە بکە لەگەڵ پیاوچاکان،
    لەگەڵ ئەوانەی بە دڵ ڕاستودروستن.
بەڵام ئەوانەی بادەدەنەوە و ڕێگای خوار دەگرن،
    یەزدان لەگەڵ بەدکاران دەیانبات.

ئاشتی بۆ ئیسرائیل!

یاقوب 2:1-10

بە جیاوازی هەڵسوکەوت مەکەن

ئەی خوشکان و برایانم، ئێمەی باوەڕداران بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، نابێت جیاکاری لەنێوان خەڵکی بکەین. ئەگەر پیاوێک هاتە ناو کۆڕەکەتان، ئەنگوستیلەی زێڕی لە پەنجە بوو و بەرگی نایاب بوو، هەروەها هەژارێکیش بە بەرگی پیس، تەماشای بەرگە نایابەکەتان کرد و گوتتان: «لێرە دانیشە باشە،» بە هەژارەکەش بڵێن: «لەوێ ڕابوەستە» یان «لەبەرپێم دانیشە،» ئایا لەنێوان خۆتاندا جیاکاری ناکەن و بە بیری خراپ حوکم بەسەر یەکدا نادەن؟

خوشک و برا خۆشەویستەکانم، گوێ بگرن: ئایا خودا هەژارانی ئەم جیهانەی هەڵنەبژاردووە لە باوەڕ دەوڵەمەند بن و میراتگری شانشین بن کە بەڵێنی داوە بیدات بەوانەی خۆشیان دەوێت؟ بەڵام ئێوە سووکایەتیتان بە هەژارەکە کرد. ئایا دەوڵەمەندەکان نین خۆیان بەسەرتاندا دەسەپێنن و ڕاپێچی دادگاکانتان دەکەن؟ ئایا ئەوان نین کفر بەو ناوە چاکە دەکەن کە پێی بانگکراون؟

ئەگەر بەڕاستی شەریعەتی شاهانەتان هێناوەتە دی کە بەگوێرەی نووسراوە پیرۆزەکە دەڵێ: [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،][a] چاک دەکەن. بەڵام ئەگەر جیاکاری بکەن، ئەوا گوناه دەکەن و وەک سەرپێچیکار لەلایەن شەریعەتەوە سەرزەنشت دەکرێن، 10 چونکە ئەوەی هەموو شەریعەت بەجێبهێنێت، بەڵام تەنها بەندێکی بشکێنێت، ئەوا لە هەمووی تاوانبارە.

یاقوب 2:11-13

11 ئەوەی فەرموویەتی: [داوێنپیسی مەکە،][a] هەروەها فەرمووشیەتی: [مەکوژە.][b] ئەگەر داوێنپیسیت نەکرد بەڵام یەکێکت کوشت، ئەوا سەرپێچی شەریعەتت کردووە.

12 ئاوا بدوێن و ئاوا کار بکەن، وەک بە شەریعەتی ئازادی حوکم بدرێن، 13 چونکە حوکمدان بێ بەزەییانەیە بۆ ئەو کەسەی کە بێ بەزەیی بووە، بەڵام بەزەیی بەسەر حوکمداندا سەردەکەوێت.

یاقوب 2:14-17

باوەڕ و کردار

14 خوشکان و برایانم، چ سوودێکی هەیە ئەگەر یەکێک بڵێت باوەڕم هەیە، بەڵام کرداری نەبێت؟ ئایا ئەم جۆرە باوەڕە دەتوانێت ڕزگاری بکات؟ 15 ئەگەر خوشک یان برایەک پێویستی بە جلوبەرگ و خواردنی ڕۆژانە هەبوو، 16 یەکێکتان پێتان گوتن: «بەخێر بچن، جلی گەرم لەبەر بکەن، تێر بخۆن،» و پێداویستییەکانی ژیانیان نەدەنێ، چ سوودێکی هەیە؟ 17 بەم شێوەیەش، باوەڕ ئەگەر کرداری نەبێت، لە خۆیدا مردووە.

مەرقۆس 7:24-37

باوەڕی ژنێکی کەنعانی

24 عیسا ئەوێی بەجێهێشت، چوو بۆ هەرێمی سور. چووە ماڵێک و نەیویست کەس بزانێت، هەرچەندە نەیتوانی خۆی بشارێتەوە. 25 لەبەر ئەوەی ژنێک کچەکەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، کاتێک هەواڵی ئەوی بیست یەکسەر هات و لەبەرپێی کەوت. 26 ژنەکەش یۆنانی بوو، لە ڕەگەزی فینیکیای سوریا بوو، داوای لێکرد ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەی دەربکات.

27 ئەویش پێی فەرموو: «جارێ با منداڵان تێر بن، چونکە ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»

28 بەڵام وەڵامی دایەوە: «گەورەم! سەگیش لەژێر خواندا لە پاشماوەی منداڵان دەخوات.»

29 پێی فەرموو: «لەبەر ئەم قسەیە، بڕۆ، ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەت دەرچوو.»

30 گەڕایەوە ماڵەکەی، بینی منداڵەکە لەسەر جێگاکەی پاڵکەوتووە و ڕۆحە پیسەکە دەرچووبوو.

چاکبوونەوەی کەڕولاڵێک

31 ئینجا عیسا هەرێمی سوری بەجێهێشت و بە سەیدا دا بەرەو دەریاچەی جەلیل هات، بە هەرێمی دە شارەکەدا. 32 کەڕێکی لاڵوپتەیان بۆ هێنا، لێی پاڕانەوە دەستی لەسەر دابنێت.

33 عیسا بردییە لایەکەوە، دوور لە خەڵکەکە، پەنجەکانی خستە ناو گوێی کابراوە و تفی کرد بە دەستی خۆیدا و دەستی لە زمانی دا. 34 چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و هەناسەیەکی هەڵکێشا و پێی فەرموو: «ئێففەسا!» واتە بکرێوە. 35 دەستبەجێ گوێیەکانی کرانەوە و گرێی زمانی شلبووەوە و بە ڕەوانی قسەی کرد.

36 ئینجا ڕایسپاردن بە کەس نەڵێن، بەڵام چەند ڕایدەسپارد ئەوان زیاتر بڵاویان دەکردەوە. 37 زۆر سەرسام بوون و دەیانگوت: «هەموو شتێکی بە باشی کردووە! وا دەکات کەڕ ببیستێت و لاڵ قسە بکات.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.