Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 19

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

19 ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات،
    گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن،
    شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.
هیچ قسە و زمانێکیان نییە،
    دەنگیان نابیسترێت،
بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی،
    وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.
لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،
    کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە،
    وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.
لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و
    دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری،
    هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.

فێرکردنی یەزدان تەواوە،
    دەروون دەبووژێنێتەوە.
شەریعەتی[a] یەزدان جێی متمانەیە،
    ساویلکە دەکەنە دانا.
ڕێنمایی یەزدان دروستە،
    دڵ خۆش دەکات.
ڕاسپاردەی یەزدان پاکە،
    چاو ڕۆشن دەکات.
لەخواترسی بێگەردە،
    هەتاهەتایە سەقامگیرە.
حوکمی یەزدان ڕاستە،
    بە تەواوی ڕاستودروستە.

10 ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن،
    لە زێڕی بێگەردی زۆر،
لە هەنگوین شیرینترن،
    لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.
11 خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە،
    پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.
12 کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟
    گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.
13 خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە،
    وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت.
ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم،
    لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.

14 با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم
    جێی ڕەزامەندی تۆ بێت،
    ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم[b].

پەندەکانی سلێمان 21:1-17

21 دڵی پاشا لەناو دەستی یەزدان جۆگەی ئاوە،
    بۆ کوێ بیەوێت ئاراستەی دەکات.

هەموو ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی خۆی ڕاستە،
    بەڵام یەزدان دڵەکان هەڵدەسەنگێنێت.

کارکردن بە ڕاستودروستی و دادپەروەری
    لەلای یەزدان لە قوربانی سەربڕین پەسەندترە.

چاوی بەفیز و دڵی لەخۆبایی
    چرای بەدکارانن و گوناهن.

پلانی مرۆڤی ماندوو بەرەو پڕییە،
    بێگومان هەموو هەڵەشەیەکیش بەرەو نەبوونییە.

کۆکردنەوەی سامان بە زمانی درۆ
    هەڵمە دەڕەوێتەوە و تەڵەی مردنە.

زۆرداری بەدکارەکان ڕایاندەماڵێت،
    چونکە ڕەتیان کردەوە دادپەروەری بکەن.

ڕێگای پیاوی تاوانبار خوارە،
    بەڵام کەسی پاک کرداری ڕاستە.

باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت،
    نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی.

10 کەسی بەدکار ئارەزووی خراپە دەکات،
    دراوسێکەی بەزەیی لێی نابینێت.

11 بە سزادانی گاڵتەجاڕ ساویلکە دانا دەبێت،
    بە فێرکردنی داناش زانیاری وەردەگرێت.

12 خودای ڕاستودروست سەرنج دەداتە ماڵی خراپەکار،
    خراپەکاران لە خراپە سەرەوژێر دەکات.

13 ئەوەی گوێی خۆی لە هاواری هەژاران کەڕ بکات،
    ئەویش هاوار دەکات و وەڵام نادرێتەوە.

14 دیاری بە نهێنی تووڕەیی سارد دەکاتەوە،
    بەرتیلی ناو باخەڵیش هەڵچوونی توند.

15 ئەنجامدانی دادپەروەری دڵخۆشی ڕاستودروستانە،
    بەڵام تۆقاندنی بەدکارانە.

16 پیاو لە ڕێگای وریایی وێڵ بێت
    لەناو کۆمەڵی مردووان پاڵدەداتەوە.

17 ئەوەی حەزی لە ڕابواردن بێت هەژار دەبێت،
    ئەوەی حەز لە شەراب و ڕۆن بکات دەوڵەمەند نابێت.

مەتا 21:23-32

دەسەڵاتی عیسا

23 کاتێک عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و خەڵکەکەی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و پیرانی گەل هاتنە لای و گوتیان: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە؟»

24 عیسا وەڵامی دانەوە: «منیش پرسیارێکتان لێ دەکەم، ئەگەر وەڵامتان دامەوە، ئەوا پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم. 25 لەئاوهەڵکێشانی یەحیا، لەکوێوە بوو؟ لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟»

لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن، گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە بوو،“ دەڵێت، ”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“ 26 ئەگەریش بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو،“ لە خەڵکەکە دەترسین، چونکە هەموو یەحیا بە پێغەمبەر دادەنێن.»

27 ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.»

ئەویش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»

نموونەی دوو کوڕەکە

28 ئینجا عیسا فەرمووی: «ڕاتان چییە؟ پیاوێک دوو کوڕی هەبوو. چووە لای یەکەمیان و گوتی: ”کوڕم ئەمڕۆ بڕۆ لە ڕەزەکەدا کار بکە.“

29 «ئەویش وەڵامی دایەوە: ”ناچم.“ بەڵام پاشان پەشیمان بووەوە و چوو.

30 «چووە لای دووەم و هەمان قسەی کرد. وەڵامی دایەوە: ”بەسەرچاو[a]، گەورەم!“ بەڵام نەچوو.

31 «ئایا کام لەم دووانە بە خواستی باوکیان کرد؟» گوتیان: «یەکەمیان.» عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: باجگران و لەشفرۆشان لە چوونە ناو شانشینی خودا پێشتان دەکەون، 32 چونکە یەحیا بە ڕێگای ڕاستودروستی بۆ لاتان هات و ئێوە باوەڕتان پێی نەکرد، بەڵام باجگران و لەشفرۆشان باوەڕیان پێی کرد. دواتر کە بینیشتان، هەر تۆبەتان نەکرد و باوەڕتان پێی نەکرد.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.