Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
کۆکراوەی بەشی سێیەم
زەبوورەکانی 73–89
زەبوورێکی ئاساف.
73 بێگومان خودا چاکە بۆ ئیسرائیل،
بۆ دڵپاکەکان.
2 بەڵام من خەریک بوو پێم بخزێت و
زۆری نەمابوو هەنگاوم بخلیسکێت،
3 چونکە بەغیلیم بە لووتبەرزەکان برد،
کە ئاسوودەیی بەدکارانم دی.
4 چونکە ترسیان لە مردن نییە،
جەستەیان تەندروست و قەڵەوە.
5 لە ڕەنجکێشانی مرۆڤ بەدەرن،
وەک خەڵکی تێناکەون.
6 بۆیە لووتبەرزییان وەک ملوانکە لە مل کردووە و
بەرگی توندوتیژییان پۆشیوە.
7 خراپە لە دڵی بێ بەزەییانەوە دێت،
لێکدانەوەی دڵیان بێ سنوورە.
8 گاڵتەجاڕی دەکەن و بە خراپە دەدوێن،
بە لووتبەرزییەوە باسی ستەم دەکەن.
9 ڕووی دەمیان لە ئاسمان کردووە،
زمانیشیان بەسەر زەویدا دەگێڕن.
10 بۆیە خەڵکی خۆیان دێنە لایان و
باوەڕ بە قسەکانیان دەکەن[a].
11 دەڵێن: «چۆن خودا دەزانێت؟
ئایا لەلای هەرەبەرز زانیاری هەیە؟»
12 ئەوەتا ئەمانە بەدکارن،
هەمیشە لە خۆشیدان و سامانیان لە زیادبووندایە.
13 بێگومان بە بێهوودە دڵی خۆمم بە پاکی ڕاگرتووە،
دەستیشم بە بێگەردی شوشتووە.
14 بە درێژایی ڕۆژ لێم قەومابوو،
هەتا بەرەبەیان تەمبێ کرابووم.
15 ئەگەر بە ڕاشکاوی قسەم دەکرد،
ئەوا لەگەڵ منداڵەکانت ناپاک دەبووم.
16 کاتێک ویستم لەمە تێبگەم،
بە ئەرکێکی سەختم بینی،
17 هەتا چوومە ناو پیرۆزگای خودا،
ئەوسا لە چارەنووسیان گەیشتم.
18 بە ڕاستی لە جێگایەکی خلیسک داتناون،
تووشی وێرانیت کردوون.
19 چۆن بە چاوتروکانێک وێران بوون،
لە ترسان بە تەواوی لەناوچوون!
20 ئەی پەروەردگار، وەک خەون کاتی بەئاگا هاتنەوە،
لە کاتی بەئاگایی وەک خەون ڕیسوایان دەکەیت.
11 تەرازووی لاسەنگ لەلای یەزدان قێزەونە،
بەڵام ئارەزووی لە کێشی دروستە.
2 کە لووتبەرزی هات، ڕیسواییش دێت،
بەڵام لەگەڵ بێفیزەکان دانایی دێت.
3 ڕاستیی سەرڕاستەکان ڕێنماییان دەکات،
بەڵام خواری ناپاکان سەری خۆیان دەخوات.
4 بێ سوودە سامان لە ڕۆژی تووڕەیی،
بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.
5 ڕاستودروستی ڕێگا بۆ کەسی بێ کەموکوڕی ئاسان دەکات،
بەڵام بەدکار بە بەدکاری خۆی دەگلێت.
6 ڕاستودروستی سەرڕاستەکان فریایان دەکەوێت،
بەڵام ناپاکان گرفتاری ئارەزووەکانیان دەبن.
7 بە مردنی بەدکار ئومێدی دەبڕێت،
هیوای پاڵەوانانیش لەناودەچێت.
8 کەسی ڕاستودروست لە تەنگانەدا دەرباز دەبێت و
بەدکار دەگرێتەوە.
9 کەسی دووڕوو بە دەمی دراوسێکەی لەناودەبات،
بەڵام ڕاستودروستان بە زانیاری دەرباز دەبن.
10 بە سەرکەوتنی ڕاستودروستان شار شادمان دەبێت،
بە لەناوچوونی بەدکارانیش هاواری خۆشییە.
11 بە بەرەکەتی سەرڕاستەکان شار بەرز دەبێتەوە،
بەڵام بە دەمی بەدکاران وێران دەبێت.
12 ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات تێنەگەیشتووە،
بەڵام کەسی تێگەیشتوو بێدەنگ دەبێت.
13 دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات،
بەڵام مرۆڤی دڵسۆز شت دادەپۆشێت.
14 بێ ڕاوێژ گەل دەکەوێت،
بەڵام سەرکەوتن بە زۆری ئامۆژگارانە.
15 ئەوەی ببێتە کەفیلی بێگانە بێگومان تووشی خراپە دەبێت،
بەڵام ئەوەی ڕقی لە دەست تێکەڵبوون بێت ئاسوودەیە.
16 ئافرەتی نەرمونیان ڕێزی دەست دەکەوێت،
بەڵام کەسی زۆردار تەنها سامان.
17 مرۆڤی بە بەزەیی چاکە لەگەڵ خۆی دەکات،
بەڵام دڵڕەق خۆی ماندوو دەکات.
18 خراپەکار کرێیەکەی قەڵبە،
بەڵام چێنەری ڕاستودروست پاداشتی مسۆگەرە.
19 وەک چۆن ڕاستودروستی بۆ ژیانە،
شوێنکەوتنی خراپەش بۆ مردنە.
20 قێزی یەزدان لە دڵخراپانە،
ڕەزامەندیشی بۆ ڕێ تەواوانە.
21 بێگومان بەدکار بێ سزا نابێت،
بەڵام نەوەی ڕاستودروستان دەرباز دەبن.
22 وەک خەزێمی زێڕە بە لووتی بەرازەوە،
ئافرەتی جوانی بێ ئەقڵ.
23 ئارەزووی ڕاستودروستان تەنها چاکەیە،
بەڵام هیوای بەدکاران لە تووڕەییە.
24 هەیە بڵاو دەکاتەوە و بۆی زیاد دەکرێت،
بەڵام ئەوەی لە ڕادەبەدەر دەستی پێوە بگرێت تەنها بۆ نەدارییە.
25 چاوتێر دەوڵەمەند دەبێت،
ئاوگێڕیش ئاوی دەدرێتێ.
26 ئەوەی گەنم ئەمبار دەکات و نایفرۆشێت گەل نەفرەتی لێ دەکات،
بەڵام بەرەکەت بۆ سەری فرۆشیارە.
27 ئەوەی پەرۆشە بۆ چاکە ڕەزامەندی دەست دەکەوێت،
بەڵام ئەوەی بەدوای خراپەدا بگەڕێت خراپە دێتە ڕێی.
28 ئەوەی پشت بە دەوڵەمەندی خۆی ببەستێت دەکەوێت،
ڕاستودروستانیش وەک گەڵا دەپشکوێن.
29 ئەوەی ماڵی خۆی ماندوو بکات میراتی با دەبێت،
گێلیش دەبێتە نۆکەری دانا.
30 بەروبوومی کەسی ڕاستودروست درەختی ژیانە،
ئەوەی خەڵک دەباتەوە دانایە.
31 ئەگەر کەسی ڕاستودروست لەسەر زەوی پاداشت دەکرێت،
لەوەش زیاتر خراپەکار و گوناهبار!
3 با بیر بکەنەوە لەوەی کە دانی بەخۆیدا گرت بەرامبەر ئەو دژایەتییەی کە گوناهباران لەگەڵیان کرد، تاکو شەکەت نەبن و ورە بەرنەدەن.
4 لە خەباتی ئێوە لە دژی گوناه هەتا ئاستی خوێن ڕشتن بەرگریتان نەکردووە. 5 ئایا ئێوە بە تەواوی ئەو پەیامەی هاندانتان لەبیر چووەوە کە وەک ڕۆڵە لەگەڵتان دەدوێت؟ پەیامەکە دەڵێت:
[ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە،
هەروەها کاتێک سەرزەنشتت دەکات ورە بەرمەدە،
6 چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات،
هەروەها هەر یەکێک وەک ڕۆڵەی خۆی وەریگرێت، بە گۆچان لێی دەدات.][a]
7 کەواتە بەرگەی تەمبێکردن بگرن، خوداش وەک ڕۆڵەی خۆی لەگەڵتان دەجوڵێتەوە. چ ڕۆڵەیەک هەیە باوکی تەمبێی نەکات؟ 8 ئەگەر بێتو خودا تەمبێتان نەکات وەک هەموو منداڵەکانی دیکەی، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ ئێوە زۆڵن و منداڵی ئەو نین. 9 سەرەڕای ئەمە، باوکی مرۆڤانەمان هەیە کە تەمبێی کردووین و ڕێزی ئەومان گرتووە. ئەی چەند زیاتر ملکەچی باوکی ڕۆحیمان بین، بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بەدەستبهێنین؟ 10 چونکە باوکانمان بۆ ماوەیەک ئەوەندەی بە باشیان زانیوە تەمبێیان کردووین، بەڵام خودا بۆ سوودی ئێمەیە تەمبێمان دەکات، تاکو بەشداری پیرۆزییەکەی بکەین. 11 هەموو تەمبێکردنێک لە کاتی خۆیدا ئازاربەخشە و خۆش نییە، بەڵام دواتر بەروبوومی ئاشتییانەی ڕاستودروستی دەگرێت بۆ ئەوانەی پێی ڕاهێنراون.
12 کەواتە دەستە لاوازبووەکان و ئەژنۆ لەرزۆکەکان بەهێز بکەن، 13 [ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە،][b] تاکو شەل پێی لەجێ نەچێت، بەڵکو چاک بێتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.