Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 125

گۆرانی گەشتیاران.

125 ئەوانەی پشتیان بە یەزدان بەستووە وەک کێوی سییۆن وان،
    کە نالەقێت، بەڵکو هەتاهەتایە هەر چەسپاوە.
وەک چۆن چیاکان دەوری ئۆرشەلیمیان داوە،
    یەزدانیش دەوری گەلی خۆی داوە،
    لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.

چونکە گۆچانی خراپەکاران
    لەسەر میراتی ڕاستودروستان جێگیر نابێت،
نەوەک ڕاستودروستان
    دەستیان درێژ بکەن بۆ خراپەکاری.

ئەی یەزدان، چاکە بکە لەگەڵ پیاوچاکان،
    لەگەڵ ئەوانەی بە دڵ ڕاستودروستن.
بەڵام ئەوانەی بادەدەنەوە و ڕێگای خوار دەگرن،
    یەزدان لەگەڵ بەدکاران دەیانبات.

ئاشتی بۆ ئیسرائیل!

پەندەکانی سلێمان 1:1-19

پێشەکی: ئامانج و بابەت

پەندەکانی سلێمانی کوڕی داود، پاشای ئیسرائیل،

بۆ زانینی دانایی و تەمبێکردن،
    بۆ پەیبردن بە وشەکانی تێگەیشتن،
بۆ وەرگرتنی تەمبێکردن و وریایی،
    ڕاستودروستی و دادپەروەری و ڕاستەڕێیی،
بۆ بەخشینی ژیری بە ساویلکە،
    بە لاویش زانیاری و سەلیقە[a].
دانا گوێی لێ دەگرێت و فێربوونی زیاد دەبێت،
    تێگەیشتووش ڕاوێژی باشی دەست دەکەوێت،
بۆ تێگەیشتنی پەند و نموونە،
    قسەی دانایان و مەتەڵەکانیان.

لەخواترسی سەرەتای زانیارییە،
    بەڵام گێلەکان سووکایەتی بە دانایی و تەمبێکردن دەکەن.

هاندان بۆ دەستگرتن بە دانایی

ئاگادارکردنەوە لە دژی فریودان

ڕۆڵە، گوێ لە تەمبێکردنی باوکت بگرە و
    فێرکردنی دایکت پشتگوێ مەخە،
چونکە تاجەگوڵینەی نیعمەتن بۆ سەرت،
    گەردانەن بۆ ملت.

10 ڕۆڵە، ئەگەر گوناهباران فریویان دایت،
    ڕازی مەبە.
11 ئەگەر گوتیان: «لەگەڵمان وەرە،
    بۆسە بۆ خوێنڕشتن بنێینەوە،
    بەبێ هۆ بۆ بێتاوانێک خۆمان مات بکەین،
12 وەک جیهانی مردووان بە زیندووێتی هەڵیانلووشین و
    بە ساغی وەک ئەوانەی لە گۆڕ دەنرێن.
13 هەموو گەنجینەیەکی بەهادار دەدۆزینەوە و
    ماڵمان پڕ دەکەین لە دەستکەوت.
14 پشکی خۆت هەڵبدە ناومان،
    بە هەموومان یەک کیسەمان دەبێت.»
15 ڕۆڵە، لەگەڵیان بە ڕێگادا مەڕۆ،
    پێیەکانت قەدەغە بکە لە ڕێڕەوەکانیان.
16 چونکە پێیەکانیان بەرەو خراپە ڕادەکەن،
    بۆ خوێنڕشتن پەلە دەکەن.
17 چونکە بێ سوودە دانانەوەی تۆڕ
    لەبەرچاوی هەموو باڵدارێک.
18 بۆ خوێنی خۆیان بۆسەیان ناوەتەوە،
    خۆیان ماتداوە بۆ گیانی خۆیان.
19 ئاوایە ڕێچکەی هەموو ئەوانەی بەدوای دەستکەوتی ناڕەواوەن،
    سەری خاوەنی دەخوات.

ڕۆما 2:1-11

حوکمی دادپەروەرانەی خودا

کەواتە ئەی مرۆڤ، هیچ بیانووێکت نییە کە حوکمی کەسێکی دیکە دەدەیت، چونکە بەوەی خەڵکی پێ حوکم دەدەیت، خۆت تاوانبار دەکەیت، لەبەر ئەوەی تۆ کە حوکم دەدەیت، خۆشت هەمان شت دەکەیت. بەڵام دەزانین حوکمی خودا ڕاستە بەسەر ئەوانەی ئەم شتانە دەکەن. کەواتە ئەی ئەو مرۆڤەی ئەوانە حوکم دەدەیت کە ئەم شتانە دەکەن و خۆشت هەمان شت دەکەیت، وا دەزانیت لە حوکمی خودا دەرباز دەبیت؟ یان گاڵتەت بە دەوڵەمەندی نەرمونیانی و ئارامی و پشوودرێژییەکەی دێت؟ نازانیت نەرمونیانی خودا بەرەو تۆبەکردنت دەبات؟

بەڵام تۆ لەبەر کەللەڕەقی و دڵی تۆبە نەکردووت، لە ڕۆژی تووڕەیی و ئاشکراکردنی حوکمی دادپەروەرانەی خودا، تووڕەیی لەسەر خۆت کۆ دەکەیتەوە. خودا [پاداشتی هەر یەکێک بەگوێرەی کردارەکانی دەداتەوە.][a] ژیانی هەتاهەتاییش بۆ ئەوانەیە کە بە دانبەخۆداگرتنەوە لە کاری چاکەدا داوای شکۆ و ڕێز و نەمری دەکەن. بەڵام ڕق و تووڕەیی بۆ ئەوانەیە کە داوای خۆپەرستی دەکەن و ملکەچی ڕاستی نابن، بۆ ناڕەوایی ملکەچ دەبن. ناخۆشی و تەنگانە بۆ هەر مرۆڤێکە کە خراپە دەکات، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە. 10 شکۆ و ڕێز و ئاشتی بۆ هەموو چاکەکارێکە، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە، 11 چونکە خودا لایەنگری ناکات.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.