Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
کۆکراوەی بەشی سێیەم
زەبوورەکانی 73–89
زەبوورێکی ئاساف.
73 بێگومان خودا چاکە بۆ ئیسرائیل،
بۆ دڵپاکەکان.
2 بەڵام من خەریک بوو پێم بخزێت و
زۆری نەمابوو هەنگاوم بخلیسکێت،
3 چونکە بەغیلیم بە لووتبەرزەکان برد،
کە ئاسوودەیی بەدکارانم دی.
4 چونکە ترسیان لە مردن نییە،
جەستەیان تەندروست و قەڵەوە.
5 لە ڕەنجکێشانی مرۆڤ بەدەرن،
وەک خەڵکی تێناکەون.
6 بۆیە لووتبەرزییان وەک ملوانکە لە مل کردووە و
بەرگی توندوتیژییان پۆشیوە.
7 خراپە لە دڵی بێ بەزەییانەوە دێت،
لێکدانەوەی دڵیان بێ سنوورە.
8 گاڵتەجاڕی دەکەن و بە خراپە دەدوێن،
بە لووتبەرزییەوە باسی ستەم دەکەن.
9 ڕووی دەمیان لە ئاسمان کردووە،
زمانیشیان بەسەر زەویدا دەگێڕن.
10 بۆیە خەڵکی خۆیان دێنە لایان و
باوەڕ بە قسەکانیان دەکەن[a].
11 دەڵێن: «چۆن خودا دەزانێت؟
ئایا لەلای هەرەبەرز زانیاری هەیە؟»
12 ئەوەتا ئەمانە بەدکارن،
هەمیشە لە خۆشیدان و سامانیان لە زیادبووندایە.
13 بێگومان بە بێهوودە دڵی خۆمم بە پاکی ڕاگرتووە،
دەستیشم بە بێگەردی شوشتووە.
14 بە درێژایی ڕۆژ لێم قەومابوو،
هەتا بەرەبەیان تەمبێ کرابووم.
15 ئەگەر بە ڕاشکاوی قسەم دەکرد،
ئەوا لەگەڵ منداڵەکانت ناپاک دەبووم.
16 کاتێک ویستم لەمە تێبگەم،
بە ئەرکێکی سەختم بینی،
17 هەتا چوومە ناو پیرۆزگای خودا،
ئەوسا لە چارەنووسیان گەیشتم.
18 بە ڕاستی لە جێگایەکی خلیسک داتناون،
تووشی وێرانیت کردوون.
19 چۆن بە چاوتروکانێک وێران بوون،
لە ترسان بە تەواوی لەناوچوون!
20 ئەی پەروەردگار، وەک خەون کاتی بەئاگا هاتنەوە،
لە کاتی بەئاگایی وەک خەون ڕیسوایان دەکەیت.
14 ژنی دانا ماڵی خۆی بنیاد دەنێت،
گێلیش بە دەستی خۆی کاولی دەکات.
2 ئەوەی ڕاستەڕێیەکەی خۆی بگرێت لەخواترسە،
بەڵام ئەوەی ڕێگای خۆی خوار بکاتەوە سووکایەتی پێ دەکات.
3 گێل بە قسەکانی خۆی تووشی گۆچانی سزادان دەبێت،
بەڵام دانایان لێوەکانیان دەیانپارێزێت.
4 کە مانگا نەبێت ئاخوڕ بەتاڵە،
دروێنەی زۆریش بە هێزی گایە.
5 شایەتی دەستپاک درۆ ناکات،
بەڵام شایەتی درۆزن درۆ بڵاو دەکاتەوە.
6 گاڵتەجاڕ داوای دانایی دەکات و نایدۆزێتەوە،
بەڵام زانیاری بۆ تێگەیشتوو ئاسانە.
7 لەبەردەم کەسی گێل دووربکەوە،
چونکە لە لێوەکانی زانیاری نابیستیت.
8 دانایی ژیر تێگەیشتنی ڕێگای خۆیەتی،
بەڵام گێلایەتی گێلەکان فریودانە.
9 گێلەکان گاڵتە بە تاوان دەکەن،
بەڵام لەنێو سەرڕاستان ڕەزامەندی خودا دەدۆزرێتەوە.
دەرکردنی ڕۆحی پیس
14 کاتێک گەیشتنە لای خەڵکەکە، کابرایەک هات و لەبەردەمی چۆکی دادا و 15 گوتی: «گەورەم، بەزەییت بە کوڕەکەمدا بێتەوە، فێدارە و ئازارێکی زۆر دەچێژێت. زۆر جار دەکەوێتە ناو ئاگر و زۆر جاریش ناو ئاوەوە. 16 هێنامە لای قوتابییەکانت، بەڵام نەیانتوانی چاکی بکەنەوە.»
17 جا عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ بیهێننە ئێرە بۆ لام.» 18 عیسا لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و لە کوڕەکە هاتە دەرەوە، لەو کاتەوە کوڕەکە چاک بووەوە.
19 پاشان قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای عیسا و گوتیان: «بۆچی ئێمە نەمانتوانی دەریبکەین؟»
20 ئەویش پێی فەرموون: «لەبەر کەمی باوەڕتان. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر ئەوەندەی دەنکە خەردەلێک باوەڕتان هەبێ، بەو کێوە دەڵێن ”لەوێ بڕۆ،“ دەڕوات و شتێک بۆتان مەحاڵ نابێت. ⌟ 21 بەڵام ئەم جۆرە ڕۆحانە دەرناکرێن، بە نوێژ و ڕۆژوو نەبێت.⌞»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.