Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
71 ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ،
با هەرگیز شەرمەزار نەبم،
2 بە ڕاستودروستی خۆت فریام بکەوە و دەربازم بکە.
گوێم بۆ ڕاگرە و ڕزگارم بکە.
3 بۆم ببە بە تاشەبەردی پەنا،
هەمیشە پەنای بۆ ببەم.
فەرمانی ڕزگاریی من بدە،
چونکە تۆ تاشەبەردی منیت، تۆ قەڵای منیت.
4 ئەی خودای من، لە دەستی بەدکاران،
لە چەپۆکی خراپەکاران و زۆرداران دەربازم بکە.
5 ئەی یەزدانی باڵادەستم، چونکە تۆ هیوای منیت،
لە گەنجییەوە پشتوپەنای منیت.
6 لە سکی دایکمەوە پشتم بە تۆ بەستووە،
تۆ بووی لە هەناوی دایکمەوە دەرتهێنام،
ستایشم هەمیشە بۆ تۆیە.
مردنی یۆشیا
20 پاش هەموو ئەمانە کە یۆشیا پەرستگاکەی ئامادە کرد، نەخوی پاشای میسر چوو بۆ شەڕ لە کەرکەمیش لەلای ڕووباری فورات، یۆشیاش چوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی. 21 بەڵام نەخو نێردراوی بۆ نارد و گوتی: «ئەی پاشای یەهودا، چ کێشەیەک لە نێوان من و تۆ هەیە؟ ئەمڕۆ لە دژی تۆ نەهاتووم، بەڵکو لە دژی ئەو ماڵەی جەنگی لەگەڵ دەکەم. خودا فەرموویەتی پەلە بکەم. لەبەر ئەوە واز لە دژایەتی خودا بهێنە کە لەگەڵمدایە، با لەناوت نەبات.»
22 بەڵام یۆشیا پێداگری کرد و گوێی لە قسەکانی نەخو نەگرت کە لە دەمی خوداوە بوو، بەڵکو شێوەی خۆی گۆڕی و چوو لە دەشتی مەگیدۆ شەڕی لەگەڵ کرد.
23 تیرهاوێژەکان یۆشیا پاشایان پێکا و پاشاش بە ئەفسەرەکانی گوت: «بمگوازنەوە، چونکە برینەکەم سەختە.» 24 ئیتر خزمەتکارەکانی لە گالیسکەکەیەوە بۆ گالیسکەکەی دیکەی گواستیانەوە و بردیان بۆ ئۆرشەلیم، لەوێ مرد و لە گۆڕستانی باوباپیرانیدا نێژرا و هەموو یەهودا و ئۆرشەلیمیش شیوەنیان بۆ گێڕا.
25 یەرمیاش بۆ یۆشیای لاواندەوە و هەموو پیاو و ژنە گۆرانیبێژەکانیش ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت لە لاواندنەوەکانیان شیوەن بۆ یۆشیا دەگێڕن و کردیان بە فەرز بەسەر ئیسرائیلەوە و لە پەڕتووکی لاواندنەوە نووسراوە.
26 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆشیا و کردەوە چاکەکانی بەپێی ئەوەی لە تەوراتی یەزداندا نووسراوە و 27 کاروبارەکانی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا تۆمار کراون.
پۆڵس لە ئەفەسۆس
19 لە کاتێکدا کە ئەپۆلۆس لە کۆرنسۆس بوو، پۆڵس بە ڕێگاکانی ناوەوە تێپەڕی و هاتە ئەفەسۆس. لەوێ چاوی بە هەندێک قوتابی کەوت، 2 لێی پرسین: «کاتێک باوەڕتان هێنا، ڕۆحی پیرۆزتان وەرگرت؟»
کەچی وەڵامیان دایەوە: «نەخێر! تەنانەت نەمانبیستووە کە ڕۆحی پیرۆز هەیە!»
3 گوتی: «کەواتە چ جۆرە لە ئاو هەڵکێشانێکتان وەرگرتووە؟»
گوتیان: «بە لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا.»
4 پۆڵس گوتی: «لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردن بوو، بە خەڵکی دەگوت باوەڕ بهێنن بەوەی لەدوای دێت، واتە بە عیسا.» 5 کاتێک ئەمەیان بیست بە ناوی عیسای خاوەن شکۆ لە ئاو هەڵکێشران. 6 جا پۆڵس دەستی لەسەر دانان، ڕۆحی پیرۆز هاتە سەریان، بە زمانی ڕۆحی دوان و پێشبینییان کرد. 7 بە هەموویان نزیکەی دوازدە پیاو دەبوون.
8 ئینجا پۆڵس چووە کەنیشت و بۆ زیاتر لە سێ مانگ ئازایانە دەدوا، گفتوگۆی دەکرد و سەبارەت بە کاروباری شانشینی خودا قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا. 9 بەڵام هەندێک کەللەڕەقییان کرد و باوەڕیان نەهێنا، لەبەردەم خەڵکەکە جنێویان بە ڕێگاکە[a] دا. جا پۆڵس لێیان کشایەوە و قوتابییەکانی برد، ڕۆژانە لە قوتابخانەی تیرانۆس گفتوگۆی دەکرد. 10 بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر ئەمە بەردەوام بوو، هەتا وای لێهات هەموو ئەوانەی لە ئاسیادا دانیشتبوون، جولەکە و یۆنانی، پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان بیست.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.