Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ستایشێکی داود.
145 بەرزت دەکەمەوە، ئەی خودایە، ئەی پاشا،
هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.
2 هەموو ڕۆژێک ستایشت دەکەم،
هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.
3 یەزدان مەزنە و شایانی ستایشێکی زۆرە،
مەزنایەتی لە سەرووی تێگەیشتنە.
4 هەموو نەوەیەک بۆ نەوەی دوای خۆی شایەتی بۆ کارەکانت دەدات،
پاڵەوانیێتی تۆ ڕادەگەیەنن.
5 دەربارەی پایەبەرزی شکۆی پاشایەتیت دەدوێن،
هەروەها من لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.
6 دەربارەی هێزی کردەوە سامناکەکانت دەدوێن،
منیش مەزنیت ڕادەگەیەنم.
7 یادی زۆری چاکەی تۆ هەڵدەڕێژن،
گۆرانی بەسەر ڕاستودروستیتدا دەڵێن.
8 یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە،
پشوودرێژە و پڕە لە خۆشەویستی نەگۆڕ.
9 یەزدان بۆ هەمووان چاکە،
بەزەییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
10 ئەی یەزدان، هەموو ئەوانەی دروستت کردوون ستایشت دەکەن،
خۆشەویستانت ستایشت دەکەن.
11 دەربارەی شکۆمەندی شانشینەکەت دەدوێن،
باسی پاڵەوانیێتی تۆ دەکەن،
12 تاکو پاڵەوانیێتیت لەلای هەموو ئادەمیزادێک زانراو بێت،
هەروەها پایەبەرزی شکۆی شانشینەکەت.
13 شانشینەکەت شانشینی هەموو سەردەمێکە،
فەرمانڕەوایەتیشت بەسەر هەموو نەوەکانەوەیە.
یەزدان لە هەموو بەڵێنەکانی دڵسۆزە،
خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
14 یەزدان پشتگیرە بۆ هەموو کەوتووەکان،
ڕاستکەرەوەیە بۆ هەموو ئەوانەی چەماونەتەوە.
15 چاوی هەمووان هیوای بە تۆیە،
تۆش لە کاتی خۆیدا خواردنیان دەدەیتێ.
16 دەستت دەکەیتەوە و
ئارەزووی هەموو زیندووێک تێر دەکەیت.
17 یەزدان لە هەموو ڕێگاکانی ڕاستودروستە،
خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
18 یەزدان نزیکە لە هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە،
لە هەموو ئەوانەی بە ڕاستییەوە لێی دەپاڕێنەوە.
19 ئارەزووی هەموو ئەوانە بەجێدەهێنێت کە لێی دەترسن،
گوێی لە هاواریان دەبێت و ڕزگاریان دەکات.
20 یەزدان هەموو ئەوانە دەپارێزێت کە خۆشیان دەوێت،
بەڵام هەموو بەدکاران تەفروتونا دەکات.
21 دەمم بە ستایشی یەزدان دەدوێ،
با هەموو کەسێک ستایشی ناوی پیرۆزی بکات، هەتاهەتایە.
دڵدار
4 ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت،
چەند جوانیت!
چاوەکانت دوو کۆترن لە پشت پەچەکەتەوە.
قژت وەک مێگەلە بزنە
کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە.
2 ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن،
کە تازە بڕاونەتەوە و لە شوشتن گەڕاونەتەوە،
هەموویان جووتن،
هیچیان بە تەنها نین.
3 لێوەکانت وەک ڕیسی ئاڵە،
دەمت شیرینە،
گۆنات وەک لەتە هەنارە
لە پشت پەچەکەتەوە.
4 گەردنت وەک قوللەی داودە
بە ڕیزە بەرد بنیاد نراوە،
هەزار قەڵغانی پێوە هەڵواسراوە،
هەمووی قەڵغانی پاڵەوانانە.
5 جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن،
وەک جووتێک مامزن،
کە لەنێو گوڵە سەوسەندا دەلەوەڕێن.
6 بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و
تاریکی بڕەوێتەوە،
دەچمە چیای موڕ و
گردی بخوور.
7 ئەی یارەکەم، سەرتاپات جوانییە،
هیچ کەموکوڕیت تێدا نییە.
8 بووکێ، لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە،
لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە.
لە لووتکەی چیای ئەماناوە وەرە خوارەوە،
لە سەری سنیرەوە کە لووتکەی حەرمۆنە،
لە لانەی شێرانەوە،
لە چیای پڵنگانەوە.
3 با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
4 سەبارەت بە ئێوە هەمیشە سوپاسی خودام دەکەم، بۆ ئەو نیعمەتەی خودا کە بەهۆی عیسای مەسیحەوە پێتان دراوە. 5 بەهۆی ئەوەوە لە هەموو بوارێکەوە دەوڵەمەند بوون، لە هەموو وتە و زانینێک. 6 خودا بەو شێوەیە شایەتی ئێمە بۆ مەسیح لە ئێوەدا دەچەسپێنێت. 7 بۆیە لە هیچ بەهرەیەک کەموکوڕیتان نییە، هەروەها بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دەرکەوتنی عیسای مەسیحی گەورەمان بن. 8 ئەوەی هەتا کۆتایی دەتانچەسپێنێت، تاکو لە ڕۆژی عیسای مەسیحی گەورەماندا بێ گلەیی بن. 9 خودا بەوەفایە، ئەوەی بانگی کردن بۆ پێکەوە ژیان لەگەڵ کوڕەکەی، عیسای مەسیحی گەورەمان.
ناکۆکی نێوان باوەڕداران
10 ئەی خوشکان و برایان، بە ناوی عیسای مەسیحی گەورەمان لێتان دەپاڕێمەوە کە هەمووتان یەک هەڵوێست بن، دووبەرەکی لەنێوانتاندا نەبێت، بەڵکو هەمووتان یەک بیر و ڕاتان هەبێت. 11 ئەی برایانم، چونکە ماڵی خلۆیی هەواڵیان دامێ ناکۆکی لەنێوانتاندا هەیە. 12 مەبەستم ئەمەیە: یەکێکتان دەڵێت: «من هی پۆڵسم»، یەکێکی دیکە: «من هی ئەپۆلۆسم»، یان «من هی پەترۆسم[b]»، یان «من هی مەسیحم.»
13 ئایا مەسیح بەشکراوە؟ یان پۆڵس لە پێناوتاندا لە خاچ دراوە؟ یان بە ناوی پۆڵس لە ئاو هەڵکێشران؟ 14 سوپاس بۆ خودا کەستانم لە ئاو هەڵنەکێشا، کریسپۆس و گایۆس نەبێت، 15 نەوەک یەکێک بڵێت بە ناوی منەوە لە ئاو هەڵکێشراوە. 16 هەروەها ستیفاناس و خاووخێزانەکەیم لە ئاو هەڵکێشاوە، جگە لەمانە نازانم کەسی دیکەم لە ئاو هەڵکێشابێت، 17 چونکە مەسیح نەیناردووم بۆ لەئاوهەڵکێشان، بەڵکو بۆ مزگێنیدان، ئەمەش نەک بە دانایی و قسەی زیرەکانە، نەوەک هێزی خاچی مەسیح پووچەڵ بێتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.