Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 119:89-96

ל (لامد)

89 ئەی یەزدان، فەرمایشتی تۆ هەتاهەتاییە،
    لە ئاسمان چەسپاوە.
90 دڵسۆزیت نەوە دوای نەوەیە،
    زەویت دامەزراند و دەمێنێت.
91 ئەوان بە حوکمەکانی تۆ هەتا ئەمڕۆ ماون،
    چونکە هەمووان خزمەتکاری تۆن.
92 ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادیم نەدەبوو،
    بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم.
93 هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم،
    چونکە بەوان منت ژیاندەوە.
94 من هی تۆم، ڕزگارم بکە،
    چونکە بەدوای ڕێنماییەکانی تۆدا گەڕاوم.
95 بەدکارەکان خۆیان بۆم ماتداوە هەتا بمفەوتێنن،
    بەڵام من لە یاساکانی تۆ ڕادەمێنم.
96 بۆ هەموو تەواوییەک سنوورم بینی،
    بەڵام ڕاسپاردەی تۆ زۆر فراوانە.

یەرمیا 36:1-10

سووتاندنی تۆمارەکەی یەرمیا

36 لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەم پەیامە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: «تۆمارێک بۆ خۆت بهێنە و هەموو ئەو وشانەی کە پێم فەرموویت سەبارەت بە ئیسرائیل و یەهودا و هەموو گەلان، لە ماوەی پاشایەتی یۆشیاوە هەتا ئەمڕۆ، هەمووی تێدا تۆمار بکە. بەڵکو بنەماڵەی یەهودا گوێیان لە هەموو ئەو بەڵایە دەبێت کە بە نیازم بەسەریان بهێنم، بۆ ئەوەی هەریەکە و لە ڕێگا خراپەکانی خۆیەوە بگەڕێتەوە، منیش لە تاوان و گوناهەکانیان خۆشدەبم.»

یەرمیاش باروخی کوڕی نێرییای بانگکرد، کاتێک یەرمیا هەموو وشەکانی یەزدان کە قسەی لەگەڵیدا پێکردبوو دەیگوت، باروخ لە تۆمارێکدا نووسییەوە. یەرمیا فەرمانی بە باروخ کرد و گوتی: «من بەندم و ناتوانم بچمە ناو پەرستگای یەزدانەوە. جا تۆ لە ڕۆژی ڕۆژووگرتن بڕۆ ناو پەرستگای یەزدان و وشەکانی یەزدان ئەوەی لەبەردەمم لە تۆمارەکەدا نووسیتەوە بیخوێنەوە. بۆ گەلی یەهودای بخوێنەوە، ئەوانەی لە شارۆچکەکانی خۆیانەوە دێن. بەڵکو لەبەردەم یەزدان دەپاڕێنەوە، هەریەکە لە ڕێگا خراپەکانی خۆیان بگەڕێنەوە، لەبەر ئەوەی ئەو تووڕەیی و هەڵچوونەی کە یەزدان سەبارەت بەم گەلە فەرموویەتی، گەورەیە.»

باروخی کوڕی نێرییاش هەموو ئەوەی کرد کە یەرمیای پێغەمبەر ڕایسپارد. بەوەی لە پەرستگای یەزداندا وشەکانی یەزدانی لەنێو تۆمارەکە خوێندەوە. لە مانگی نۆی ساڵی پێنجەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، بانگەوازی ڕۆژووگرتنیان ڕاگەیاند بۆ هەموو گەل لە ئۆرشەلیم، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە شارۆچکەکانی یەهوداوە هاتبوونە ئۆرشەلیم. 10 لە ژوورەکەی گەمەریای کوڕی شافانی خامەی نهێنی[a]، لە حەوشەکەی سەرەوە، لەلای داڵانی دەروازە نوێیەکەی پەرستگای یەزدان، باروخ وشەکانی نێو تۆمارەکەی یەرمیای بۆ هەموو گەل خوێندەوە.

یەکەم کۆرنسۆس 14:1-12

بەهرەی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا

14 بەدوای خۆشەویستی بکەون، تامەزرۆی بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆز بن، بە تایبەتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا. ئەوەی بە زمان[a] دەدوێت، قسە بۆ خەڵک ناکات، بەڵکو بۆ خودا، کەس لێی تێناگات، چونکە بە ڕۆحی پیرۆز باسی نهێنی دەکات. بەڵام ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت، ئەوە بۆ بنیادنان و هاندان و دڵنەوایی خەڵک دەدوێت. ئەوەی بە زمان دەدوێت، خۆی بنیاد دەنێت، بەڵام ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت، ئەوا کڵێسا بنیاد دەنێت. حەز دەکەم هەمووتان بە زمانەکان بدوێن، بەڵام باشترە پەیامی خودا ڕابگەیەنن. ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت گەورەترە لەوەی بە زمانەکان دەدوێت، مەگەر لێکی بداتەوە، تاکو کڵێسا بنیادنانی دەستبکەوێت.

ئێستا ئەی خوشک و برایانم، ئەگەر هاتمە لاتان و بە زمانەکان دوام، چ سوودم بۆتان دەبێت، مەگەر بە ئاشکراکراوێک[b] یان بە زانیارییەک یان بە پەیامێک لە خوداوە یان بە فێرکردنێک بۆتان بدوێم؟ تەنانەت ئەو شتە بێ ڕۆحانەی دەنگ دەردەکەن، شمشاڵ یان قیسارە، ئەگەر ئاوازی جیاواز نەدات، چۆن بزانرێت ئەوەی دەژەنرێت شمشاڵە یان قیسارەیە؟ ئەگەر کەڕەنا دەنگێکی ڕوون نەدات، کێ بۆ شەڕ خۆی ئامادە دەکات؟ ئێوەش ئاوا، ئەگەر بە زمان قسەیەکی ڕوون نەدەن، ئەوەی گوتراوە چۆن دەزانرێ؟ چونکە هەر لە هەوادا دەدوێن. 10 بێگومان لە جیهاندا جۆرەها زمان هەیە و هیچیان بێ واتە نین. 11 بۆیە ئەگەر لە واتای دەنگێک نەزانم، بۆ قسەکەر دەبمە بەربەری[c]، قسەکەریش بەربەرییە بۆ من، 12 ئێوەش بە هەمان شێوەن. لەبەر ئەوەی بە پەرۆشن بۆ بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆز، کەواتە هەوڵ بدەن لەو بەهرانە زیاد بکەن کە لە پێناوی بنیادنانی کڵێسایە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.