Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
19 ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات،
گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.
2 ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن،
شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.
3 هیچ قسە و زمانێکیان نییە،
دەنگیان نابیسترێت،
4 بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی،
وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.
لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،
5 کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە،
وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.
6 لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و
دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری،
هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.
7 فێرکردنی یەزدان تەواوە،
دەروون دەبووژێنێتەوە.
شەریعەتی[a] یەزدان جێی متمانەیە،
ساویلکە دەکەنە دانا.
8 ڕێنمایی یەزدان دروستە،
دڵ خۆش دەکات.
ڕاسپاردەی یەزدان پاکە،
چاو ڕۆشن دەکات.
9 لەخواترسی بێگەردە،
هەتاهەتایە سەقامگیرە.
حوکمی یەزدان ڕاستە،
بە تەواوی ڕاستودروستە.
10 ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن،
لە زێڕی بێگەردی زۆر،
لە هەنگوین شیرینترن،
لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.
11 خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە،
پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.
12 کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟
گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.
13 خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە،
وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت.
ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم،
لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.
14 با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم
جێی ڕەزامەندی تۆ بێت،
ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم[b].
ساڵی ڕەزامەندی یەزدان
61 ڕۆحی یەزدانی باڵادەست بەهێزم دەکات،
چونکە یەزدان دەستنیشانی کردووم
بۆ مژدەدان بە هەژاران.
منی ناردووە بۆ تیمارکردنی دڵشکاوەکان،
بۆ جاڕدانی ئازادی بۆ ڕاپێچکراوەکان و
ئازادکردنی دیلەکان،
2 بۆ ڕاگەیاندنی ساڵی ڕەزامەندی یەزدان و
ڕۆژی تۆڵەسەندنەوەی خودامان،
بۆ دڵنەواییکردنی هەموو پرسەدارەکان.
3 ناردوومی بۆ ئەوەی بە پرسەدارەکانی سییۆن ببەخشم
تاجێکی جوان لەسەرمە لە جێی قوڕ[a]،
زەیتی دڵخۆشی لە جێی پرسە،
هەروەها بەرگی ستایش لە جێی ڕۆحی ورەبەردان.
جا پێیان دەگوترێت دار بەڕووی ڕاستودروستی،
نەمامی یەزدان بۆ دەرخستنی شکۆمەندییەکەی.
4 کەلاوە کۆنەکان بنیاد دەنێنەوە و
وێرانکراوەکانی پێشتر هەڵدەستێننەوە.
شارە خاپوورەکان نۆژەن دەکەنەوە
کە لە چەرخەکانی پێشووەوە وێران کرابوون.
5 بێگانە دێنە خزمەت و شوانایەتی مێگەلەکانت دەکەن و
کوڕانی نامۆکان دەبنە جوتیار و ڕەزەوانتان.
6 ئێوەش ناوتان لێ دەنرێت، کاهینەکانی یەزدان،
پێتان دەگوترێت، خزمەتکارەکانی خودامان.
سامانی نەتەوەکان دەخۆن و
شانازی بەسەر شکۆمەندی ئەوانەوە دەکەن.
7 گەلەکەم لە جێی ڕیسوایی، دوو ئەوەندە میراتی وەردەگرن،
لە جێی شەرمەزاربوون، بە بەشی خۆیان دڵخۆش دەبن.
ئیتر لە خاکەکەیان دوو هێندە میرات وەردەگرن،
خۆشی هەتاهەتاییان بۆ دەبێت.
ئازادبوون لە تەورات
7 ئەی خوشک و برایان، بۆ ئێوە دەدووێم کە لە تەورات دەزانن، ئایا ئێوە نازانن تەورات دەسەڵاتی بەسەر مرۆڤدا هەیە هەتا ئەو کاتەی زیندووە؟ 2 بۆ نموونە، ژن بەپێی تەورات بە مێردە زیندووەکەیەوە بەستراوەتەوە، بەڵام کە مێردەکە مرد، ئەوا لەو تەوراتە ئازاد دەبێت کە بە مێردەکەیەوە بەستبوویەوە. 3 کەواتە تاکو مێردەکە زیندوو بێت، ژنەکە بە داوێنپیس ناودەبردرێت ئەگەر بووە هی پیاوێکی دیکە. بەڵام ئەگەر مێردەکە بمرێت، ئەوسا لە دەسەڵاتی تەورات ئازادە و داوێنپیس نییە ئەگەر بووە هی پیاوێکی دیکە.
4 ئیتر براکانم، ئێوەش بە لەشی مەسیح سەبارەت بە تەورات مردن، تاکو ببنە هی یەکێکی دیکە، بۆ ئەو کەسەی لەناو مردووان هەستێنرایەوە، تاکو بۆ خودا بەرهەم بدەین، 5 چونکە کاتێک لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایی دەژیاین، ئارەزووەکانی گوناه بەهۆی تەوراتەوە لە ئەندامەکانی لەشماندا کاری دەکرد، تاکو ئەو کارانەی دەکەین ببێتە هۆی مردن. 6 بەڵام ئێستا ئازاد بووین لە شەریعەتی تەورات، مردین سەبارەت بەوەی ئێمەی بەستبووەوە، تاکو بە ڕێگای نوێی ڕۆحی پیرۆز خزمەت بکەین، نەک بە ڕێگای کۆنی شەریعەتی نووسراو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.