Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ל (لامد)
89 ئەی یەزدان، فەرمایشتی تۆ هەتاهەتاییە،
لە ئاسمان چەسپاوە.
90 دڵسۆزیت نەوە دوای نەوەیە،
زەویت دامەزراند و دەمێنێت.
91 ئەوان بە حوکمەکانی تۆ هەتا ئەمڕۆ ماون،
چونکە هەمووان خزمەتکاری تۆن.
92 ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادیم نەدەبوو،
بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم.
93 هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم،
چونکە بەوان منت ژیاندەوە.
94 من هی تۆم، ڕزگارم بکە،
چونکە بەدوای ڕێنماییەکانی تۆدا گەڕاوم.
95 بەدکارەکان خۆیان بۆم ماتداوە هەتا بمفەوتێنن،
بەڵام من لە یاساکانی تۆ ڕادەمێنم.
96 بۆ هەموو تەواوییەک سنوورم بینی،
بەڵام ڕاسپاردەی تۆ زۆر فراوانە.
27 دوای ئەوەی پاشا تۆمارەکەی سووتاند کە ئەو وشانەی تێدابوو باروخ لە دەمی یەرمیاوە نووسیبووی، فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 28 «بگەڕێوە و تۆمارێکی دیکە ببە و هەموو ئەو وشانەی تێدا بنووسەوە کە لەناو تۆمارەکەی یەکەم جار بوو، ئەوەی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا سووتاندی. 29 بە یەهۆیاقیمی پاشای یەهوداش بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: تۆ ئەو تۆمارەیەت سووتاند و گوتت: ’بۆچی تێیدا نووسیت و گوتت، بێگومان پاشای بابل دێت و ئەم خاکە دەفەوتێنێت و مرۆڤ و ئاژەڵی تێدا قڕ دەکات؟‘ 30 لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی یەهۆیاقیمی پاشای یەهوداوە ئەمە دەفەرموێت: کەس لە ڕەچەڵەکی ئەو لەسەر تەختی داود دانانیشێت، تەرمەکەی فڕێدەدرێتە بەر گەرمای ڕۆژ و سەرمای شەو. 31 سزای خۆی و منداڵ و خزمەتکارەکانی دەدەم لەسەر تاوانەکانیان، هەموو ئەو بەڵایەی پێیانم گوت، بەسەر خۆیان و دانیشتووانی ئۆرشەلیم و پیاوانی یەهودای دەهێنم، چونکە گوێیان لێ نەگرت.“»
32 ئینجا یەرمیا تۆمارێکی دیکەی برد و دایە باروخی کوڕی نێرییای سەرقەڵەم، ئەویش لە دەمی یەرمیاوە هەموو وشەکانی ئەو تۆمارەی نووسییەوە کە یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا لەناو ئاگردانەکە سووتاندی، هەروەها زۆر وشەی لەو جۆرەشی بۆ زیاد کرد.
چاککردنەوەی خەڵکێکی زۆر
38 عیسا لە کەنیشت هەستا و چووە ماڵی شیمۆن. خەسووی شیمۆن تایەکی توندی هەبوو، لەبەر ئەو تکایان لێکرد. 39 ئەویش هاتە سەری، فەرمانی بە تایەکە کرد و بەریدا. دەستبەجێ هەستایەوە و خزمەتی کردن.
40 کاتی ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆشەکانیان هێنایە لای عیسا، بە نەخۆشی جۆراوجۆرەوە، ئەویش دەستی لەسەر هەریەکەیان دانا و چاکیکردنەوە. 41 ڕۆحی پیسی لە زۆریان دەرکرد، ڕۆحەکان هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!» ئەویش لێی ڕادەخوڕین و نەیدەهێشت بدوێن، چونکە دەیانزانی مەسیحەکەیە.
42 کاتێک ڕۆژ هەڵات، هەستا و چووە جێگایەکی چۆڵ، خەڵکەکەش بەدوایدا دەگەڕان و هاتنە لای، ڕایانگرت تاکو لەلایان نەڕوات. 43 بەڵام پێی فەرموون: «لەسەرمە مزگێنی پاشایەتی خودا بدەمە شارەکانی دیکەش، چونکە بۆ ئەمە نێردراوم.» 44 ئیتر بەردەوام لە کەنیشتەکانی یەهودیا پەیامی خودای ڕادەگەیاند.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.