Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 60:1-6

شکۆمەندی سییۆن

60 «ئەی ئۆرشەلیم هەستە! پڕشنگ بدەوە، چونکە ڕووناکییت هات،
    شکۆمەندی یەزدانیش بەسەرتدا گزنگی داوە.
ئەوەتا تاریکی زەوی داپۆشیوە و
    هەوری تاریش نەتەوەکان.
بەڵام یەزدان بەسەر تۆدا گزنگ دەدات،
    شکۆمەندییەکەشی بەسەرتەوە دەبینرێت.
نەتەوەکان بەرەو ڕووناکی تۆ دێن،
    پاشاکانیش بەرەو گزنگی ڕووناکییت.

«چاو هەڵبڕە بۆ دەوروبەری خۆت و تەماشا بکە!
    هەموو کۆبوونەوە و بۆ لای تۆ هاتن،
کوڕەکانت لە دوورەوە دێن و
    کچەکانیشت لە ئامێز دەگرن.
ئینجا تەماشا دەکەیت و ڕووناکییت لێ دەبارێت،
    لە خۆشیدا دڵت دادەخورپێت،
چونکە سامانی دەریا بۆ تۆ دەگوازرێتەوە،
    دەوڵەمەندی نەتەوەکان بۆ لای تۆ دێت.
ڕەوە وشتر زەویت دادەپۆشێت،
    وشترەکانی میدیان و عێفا.
هەموو لە شەباوە دێن،
    زێڕ و بخووریان بارکردووە،
    ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنن.

زەبوورەکان 72:1-7

بۆ سلێمان.

72 ئەی خودایە، دادپەروەری خۆت بدە بە پاشا،
    ڕاستودروستیت بە کوڕی پاشا.
با بە ڕاستودروستی حوکمی گەلەکەت بکات،
    بە دادپەروەریش هەژارەکانت.

با چیاکان ئاشتی بۆ گەل دابین بکەن،
    گردەکان ڕاستودروستی.
با دادوەری کڵۆڵانی گەل بکات،
    کوڕی نەداران ڕزگار بکات،
    زۆرداران وردوخاش بکات.
با وەک خۆر بمێنێت،
    وەک مانگ بە درێژایی نەوەکان.
وەک باران بەسەر گیادا ببارێت،
    وەک هەور زەوی ئاو بدات،
ڕاستودروستان لە سەردەمی ئەو شکۆفە دەکەن،
    ئاشتییەکی زۆر دەبێت هەتا فەوتانی مانگ.

زەبوورەکان 72:10-14

10 پاشاکانی تەرشیش[a] و دوورگە دوورەکان سەرانە دەنێرن،
    پاشاکانی شەبا و سەبا[b] دیاری بۆ دێنن.
11 هەموو پاشاکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و
    هەموو نەتەوەکان خزمەتی دەکەن.

12 چونکە نەدار هاواری بۆ ببات، دەربازی دەکات،
    چەوسێنراوەش کە یارمەتیدەری نییە.
13 بەزەیی بە لاواز و نەداردا دێتەوە،
    گیانی نەدارەکان ڕزگار دەکات،
14 گیانیان لە ستەم و توندوتیژی دەکڕێتەوە،
    خوێنی ئەوان لەلای بەنرخە.

ئەفەسۆس 3:1-12

پەیامی پۆڵس بۆ نەتەوەکان

بەهۆی ئەمەوە[a]، من کە پۆڵسم، لە پێناوی ئێوەی ناجولەکە ئێستا دیلی عیسای مەسیحم…

بێگومان گوێتان لەوە بووە کە ئەرکی ڕاگەیاندنی نیعمەتی خودا بۆ ئێوە بە من سپێردراوە، کە خودا بە ئاشکراکردن نهێنییەکەی بۆ دەرخستم، وەک پێشتر بە کورتی نووسیم. بە خوێندنەوەی، دەتوانن لە تێگەیشتنی من لە نهێنی مەسیح حاڵی بن، ئەو نهێنییەی بۆ هیچ کەسێک لە نەوەکانی پێشتر ئاشکرا نەکراوە، وەک ئێستا بە ڕۆحی پیرۆز بۆ نێردراوە پیرۆزەکانی و پێغەمبەران ئاشکرا کرا. نهێنییەکە ئەوەیە کە لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ناجولەکە بوو بە هاومیراتی جولەکە و پێکەوە بوونە ئەندامانی یەک جەستە و هاوبەشی ئەو بەڵێنەی کە بەهۆی عیسای مەسیحەوە پێمان دراوە.

بەپێی هێزە کردەییەکەی خودا و بەگوێرەی بەخشینی نیعمەتەکەی کە پێمدرا، بوومە خزمەتکاری پەیامی ئینجیل. هەرچەندە من بچووکترینی هەموو گەلی پیرۆزی خودام، ئەم نیعمەتە درایە من: مژدەی دەوڵەمەندی بێ سنووری مەسیح بدەمە نەتەوەکان و پلانی ئەم نهێنییە بۆ هەمووان ڕوون بکەمەوە، ئەوەی لە دێرزەمانەوە بەهۆی خوداوە شاردراوەتەوە، ئەوەی هەموو شتێکی بەدیهێناوە، 10 بۆ ئەوەی ئێستا لە ڕێگەی کڵێساوە، دانایی هەمەجۆرەی خودا بۆ فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران لە شوێنەکانی ئاسمان زانراو بێت، 11 بەگوێرەی خواستی هەتاهەتایی، ئەوەی بەهۆی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە هێنایە دی. 12 بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ مەسیح و باوەڕهێنانمان پێی، بە دڵنیاییەوە ئەو ئازادییەمان هەیە بۆ چوونە[b] لای خودا.

مەتا 2:1-12

مۆغەکان سەردانی مەسیح دەکەن

لەدوای لەدایکبوونی عیسا لە بێت‌لەحمی یەهودیا[a]، لە سەردەمی شا هێرۆدس[b]، هەندێک مۆغ[c] لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتنە ئۆرشەلیم، پرسییان: «کوا ئەوەی لەدایک بووە کە پاشای جولەکەیە؟ لە ڕۆژهەڵاتەوە ئەستێرەی ئەومان بینی، هاتووین کڕنۆشی بۆ ببەین.»

کاتێک شا هێرۆدس ئەمەی بیست، پەشۆکا و هەموو خەڵکی ئۆرشەلیم لەگەڵی پەشۆکان. هەموو کاهینانی[d] باڵا و مامۆستایانی تەوراتی[e] گەلی کۆکردەوە، لێی پرسین: «مەسیح لەکوێ لە دایک دەبێت؟» وەڵامیان دایەوە: «لە بێت‌لەحم لە یەهودیا، چونکە لە ڕێی پێغەمبەرەکەوە[f] ئاوای نووسیوە:

«[بەڵام تۆ ئەی بێت‌لەحمی خاکی یەهودا،
    کەمتر نیت لە فەرمانڕەواکانی یەهودا،
چونکە لە تۆوە فەرمانڕەوایەک دەردەکەوێت،
    شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم دەکات.][g]»

هێرۆدسیش بە نهێنی مۆغەکانی بانگکرد و لەبارەی کاتی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردن. ئینجا بۆ بێت‌لەحمی ناردن و پێی گوتن: «بڕۆن و بە وردی بەدوای منداڵەکەدا بگەڕێن. کاتێک دۆزیتانەوە هەواڵم بدەنێ، تاکو منیش بێم و کڕنۆشی بۆ ببەم.»

لەدوای ئەوەی گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، ئەستێرەکەی لە ڕۆژهەڵات بینیبوویان، پێشیان کەوت هەتا لەسەر ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو ڕاوەستا. 10 بە بینینی ئەستێرەکە زۆر شادمان بوون، 11 چوونە ماڵەکە، منداڵەکەیان لەگەڵ مریەمی دایکی بینی، دانەوین و کڕنۆشیان بۆ برد و گەنجینەکانیان کردەوە، زێڕ و بخوور و موڕیان[h] بە دیاری پێشکەش کرد. 12 ئینجا خودا لە خەوندا مۆغەکانی ئاگادار کردەوە کە نەگەڕێنەوە لای هێرۆدس، ئەوانیش بە ڕێگایەکی دیکەدا گەڕانەوە وڵاتی خۆیان.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.