Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 145

ستایشێکی داود.

145 بەرزت دەکەمەوە، ئەی خودایە، ئەی پاشا،
    هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.
هەموو ڕۆژێک ستایشت دەکەم،
    هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.

یەزدان مەزنە و شایانی ستایشێکی زۆرە،
    مەزنایەتی لە سەرووی تێگەیشتنە.
هەموو نەوەیەک بۆ نەوەی دوای خۆی شایەتی بۆ کارەکانت دەدات،
    پاڵەوانیێتی تۆ ڕادەگەیەنن.
دەربارەی پایەبەرزی شکۆی پاشایەتیت دەدوێن،
    هەروەها من لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.
دەربارەی هێزی کردەوە سامناکەکانت دەدوێن،
    منیش مەزنیت ڕادەگەیەنم.
یادی زۆری چاکەی تۆ هەڵدەڕێژن،
    گۆرانی بەسەر ڕاستودروستیتدا دەڵێن.

یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە،
    پشوودرێژە و پڕە لە خۆشەویستی نەگۆڕ.

یەزدان بۆ هەمووان چاکە،
    بەزەییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
10 ئەی یەزدان، هەموو ئەوانەی دروستت کردوون ستایشت دەکەن،
    خۆشەویستانت ستایشت دەکەن.
11 دەربارەی شکۆمەندی شانشینەکەت دەدوێن،
    باسی پاڵەوانیێتی تۆ دەکەن،
12 تاکو پاڵەوانیێتیت لەلای هەموو ئادەمیزادێک زانراو بێت،
    هەروەها پایەبەرزی شکۆی شانشینەکەت.
13 شانشینەکەت شانشینی هەموو سەردەمێکە،
    فەرمانڕەوایەتیشت بەسەر هەموو نەوەکانەوەیە.

یەزدان لە هەموو بەڵێنەکانی دڵسۆزە،
    خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
14 یەزدان پشتگیرە بۆ هەموو کەوتووەکان،
    ڕاستکەرەوەیە بۆ هەموو ئەوانەی چەماونەتەوە.
15 چاوی هەمووان هیوای بە تۆیە،
    تۆش لە کاتی خۆیدا خواردنیان دەدەیتێ.
16 دەستت دەکەیتەوە و
    ئارەزووی هەموو زیندووێک تێر دەکەیت.

17 یەزدان لە هەموو ڕێگاکانی ڕاستودروستە،
    خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
18 یەزدان نزیکە لە هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە،
    لە هەموو ئەوانەی بە ڕاستییەوە لێی دەپاڕێنەوە.
19 ئارەزووی هەموو ئەوانە بەجێدەهێنێت کە لێی دەترسن،
    گوێی لە هاواریان دەبێت و ڕزگاریان دەکات.
20 یەزدان هەموو ئەوانە دەپارێزێت کە خۆشیان دەوێت،
    بەڵام هەموو بەدکاران تەفروتونا دەکات.

21 دەمم بە ستایشی یەزدان دەدوێ،
    با هەموو کەسێک ستایشی ناوی پیرۆزی بکات، هەتاهەتایە.

گۆرانی گۆرانییەکان 4:9-5:1

ئازیزەکەم، بووکێ، دڵی منت ڕفاندووە،
    بە تیلەی چاوت دڵت ڕفاندووم،
    بە موورووێکی ملوانکەکەت.
10 ئەوینت چەند جوانە، بووکی ئازیزم،
    ئەوینت چەند لە شەراب خۆشترە،
    بۆنی عەترەکەشت لە هەموو بۆنوبەرامێک.
11 لێوەکانت شانەی هەنگوینیان لێ دەتکێت، بووکێ،
    شیر و هەنگوین لەژێر زمانتە!
    بۆنی جلوبەرگت وەک بۆنی لوبنانە.
12 باخچەیەکی داخراوە! بووکی ئازیزم،
    سەرچاوەیەکی داخراوە، کانییەکی مۆرکراوە!
13 نەمامەکانت باخی هەنارن
    لەگەڵ بەروبوومی هەڵبژاردە،
    خەنە و ناردین،
14     ناردین و کارکۆم[a]،
    قامیشی بۆنخۆش و دارچین،
    لەگەڵ هەموو جۆرە دار بخوورێک،
    موڕ و ئەلوا[b]
    لەگەڵ هەموو بۆنوبەرامەکان.
15 تۆ سەرچاوەی باخچەکانیت،
    بیری ئاوی لەبەر ڕۆیشتووی،
    لێشاوە لە لوبنان دێتە خوارێ.

ئەویندار

16 هەستە، ئەی بای باکوور،
    وەرە، ئەی بای باشوور!
بەسەر باخچەکەم هەڵبکەن،
    با بۆنوبەرامی بڵاوبێتەوە،
بۆ ئەوەی دڵدارەکەم بێتە ناو باخچەکەی خۆی،
    با بەروبوومە هەڵبژاردەکەی تام بکات.

دڵدار

هاتمە ناو باخچەکەم، ئازیزم، بووکێ،
    موڕ و بۆنوبەرامی خۆمم کۆکردەوە،
شانەی هەنگوین و هەنگوینی خۆمم خوارد،
    شەراب و شیری خۆمم خواردەوە.

هاوڕێیەکان

ئەی هاوڕێیان، بخۆن و بخۆنەوە؛
    یاران، بە ئەوین مەست بن.

لۆقا 5:33-39

لەبارەی ڕۆژوو

33 ئینجا پێیان گوت: «قوتابییەکانی یەحیا زۆر ڕۆژوو دەگرن و نوێژ دەکەن، هەروەها ئەوانەی فەریسییەکان، بەڵام ئەوانەی تۆ دەخۆن و دەخۆنەوە.»

34 عیساش پێی فەرموون: «ئایا دەتوانن وا بکەن بانگهێشتکراوانی زەماوەند بەڕۆژوو بن، کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ 35 بەڵام ڕۆژێک دێت کە زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن.»

36 هەروەها نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «هیچ کەس پارچەیەک لە جلوبەرگێکی نوێ ناکاتەوە بۆ ئەوەی جلوبەرگێکی کۆنی پێ پینە بکات، چونکە جلوبەرگە نوێیەکە دەدرێت و پینە نوێیەکەش لەگەڵ جلوبەرگە کۆنەکە ناگونجێت. 37 کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو مەشکەی کۆنەوە، نەوەک شەرابە نوێیەکە مەشکەکە بدڕێنێت، شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. 38 کەواتە پێویستە شەرابی نوێ بکرێتە مەشکەی نوێوە. 39 کەسیش نییە شەرابی کۆن بخواتەوە و ئارەزووی نوێ بکات، چونکە دەڵێت ”کۆنەکە خۆشترە.“»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.