Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
19 ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات،
گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.
2 ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن،
شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.
3 هیچ قسە و زمانێکیان نییە،
دەنگیان نابیسترێت،
4 بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی،
وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.
لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،
5 کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە،
وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.
6 لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و
دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری،
هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.
7 فێرکردنی یەزدان تەواوە،
دەروون دەبووژێنێتەوە.
شەریعەتی[a] یەزدان جێی متمانەیە،
ساویلکە دەکەنە دانا.
8 ڕێنمایی یەزدان دروستە،
دڵ خۆش دەکات.
ڕاسپاردەی یەزدان پاکە،
چاو ڕۆشن دەکات.
9 لەخواترسی بێگەردە،
هەتاهەتایە سەقامگیرە.
حوکمی یەزدان ڕاستە،
بە تەواوی ڕاستودروستە.
10 ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن،
لە زێڕی بێگەردی زۆر،
لە هەنگوین شیرینترن،
لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.
11 خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە،
پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.
12 کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟
گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.
13 خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە،
وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت.
ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم،
لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.
14 با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم
جێی ڕەزامەندی تۆ بێت،
ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم[b].
ناردنی نەحەمیا بۆ ئۆرشەلیم
2 ئەوە بوو لە مانگی نیسان، لە بیستەمین ساڵی ئەرتەحشەستە پاشا، شەرابی لەپێش بوو، منیش شەرابەکەم هەڵگرت و دامە پاشا. پێشتر لەبەردەمی ئەو خەمبار نەببووم، 2 لەبەر ئەوە پاشا لێی پرسیم: «بۆچی ڕووت خەمبارە، لە کاتێکدا کە نەخۆش نیت؟ هەبێت و نەبێت دڵت بە خەمە.»
من زۆر ترسام، 3 بەڵام بە پاشام گوت: «با پاشا هەتاهەتایە هەر بژیێت! چۆن ڕووم خەمبار نەبێت، کە ئەو شارەی ماڵی گۆڕستانی باوباپیرانمە کاول بووە، دەروازەکانیشی سووتێنراون؟»
4 پاشا پێی گوتم: «چیت دەوێت؟»
منیش نزام بۆ خودای ئاسمان کرد و 5 بە پاشام گوت: «ئەگەر پاشا پێی باش بێت، ئەگەر خزمەتکارەکەت لەبەردەمت پەسەندە، بمنێرە یەهودا، بۆ شاری گۆڕستانی باوباپیرانم، تاوەکو بنیادی بنێمەوە.»
6 شاژنیش لەتەنیشتی پاشا دانیشتبوو. پاشا پێی گوتم: «گەشتەکەت چەندی پێ دەچێت و کەی دەگەڕێیتەوە؟» پاشا پێی خۆش بوو بمنێرێت، منیش کاتێکم بۆ دیاری کرد.
7 بە پاشام گوت: «ئەگەر پاشا پێی باش بێت، با چەند نامەیەکم بۆ پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات پێ بدات بۆ ئەوەی ڕێگام بدەن هەتا دەگەمە یەهودا، 8 هەروەها نامەیەک بۆ ئاسافی چاودێری دارستانەکانی پاشا بنووسە، تاکو دارم پێ بدات بۆ کاریتەی سەر دەروازەکانی قەڵای پەرستگاکە و شووراکانی شارەکە و ئەو ماڵەی کە تێیدا دەژیم.» پاشا پێیدام، چونکە دەستی چاکەی خوداکەم لەسەرم بوو. 9 ئیتر چوومە لای پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات و نامەکانی پاشام پێدان، پاشا چەند ئەفسەرێکی سوپا و چەند سوارێکی لەگەڵمدا ناردبوو.
10 کاتێک سەنڤەلەت حۆرۆنی و تۆڤییای کاربەدەستی عەمۆنی ئەمەیان بیستەوە، زۆریان پێ ناخۆش بوو کە کەسێک هاتووە و هەوڵی چاکەی نەوەی ئیسرائیل دەدات.
قوربانییەکی زیندوو
12 بۆیە ئەی خوشک و برایان، لەبەر میهرەبانی خودا لێتان دەپاڕێمەوە لەشتان وەک قوربانییەکی زیندوو پێشکەش بکەن، پیرۆز و پەسەندکراو لەلای خودا، کە پەرستنی هۆشمەندانەتانە. 2 شێوەی ئەم دنیایە وەرمەگرن، بەڵکو بە نوێکردنەوەی بیرتان بگۆڕێن، تاکو بە لێکدانەوە بتوانن دەریبخەن خواستی خودا چییە، کە باش و پەسەندکراو و تەواوە.
3 بەو نیعمەتەی پێم دراوە بە هەر یەکێک دەڵێم کە لەنێوتاندایە: با لە نرخ بۆ خۆ دانان زێدەڕۆیی نەکات، بەڵکو لە نرخاندن هۆشیار بێت، بەو بڕە باوەڕەی خودا بە هەر یەکێکی بەخشیوە. 4 وەک چۆن لە یەک جەستەدا ئەندامی زۆرمان هەیە، هەموو ئەندامەکانیش یەک کاریان نییە، 5 ئێمەش بە هەمان شێوە، هەرچەندە زۆرین، بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح ئەندامی یەک جەستەین و هەر ئەندامێک پەیوەستە بە ئەندامەکانی دیکەوە. 6 بەڵام بەهرەی جیاوازمان هەیە، بەگوێرەی ئەو نیعمەتەی پێمان دراوە: ئەگەر کەسێک بەهرەی ڕاگەیاندنی پەیامی خودای هەیە، با بەگوێرەی ڕێژەی باوەڕ بێت؛ 7 ئەگەر بەهرەی خزمەتکردنی هەیە، با خزمەت بکات؛ ئەگەر بەهرەی فێرکردنی هەیە، با فێر بکات؛ 8 ئەگەر بەهرەی هاندانی هەیە، با هانبدات؛ ئەگەر بەهرەی بەخشینی هەیە، با بە دڵفراوانییەوە ببەخشێت؛ ئەگەر بەهرەی ڕابەرایەتیکردنی هەیە، با بە دڵگەرمییەوە بێت؛ ئەگەر بەهرەی بەزەیی هەیە، با بە دڵخۆشییەوە بێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.