Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 36:5-10

ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەگاتە ئاسمان،
    دڵسۆزیت دەگاتە هەورەکان.
ڕاستودروستییەکەت وەک چیا سەرکەشەکانە،
    دادپەروەرییەکەت وەک دەریا گەورەکەی ژێر زەوییە[a].
ئەی یەزدان، تۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش ڕزگار دەکەیت.
    ئەی خودایە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چەند بەنرخە!
ئادەمیزاد لەژێر سێبەری باڵەکانت پەنا دەگرن.
بە چەوری ماڵەکەت تێر دەبن،
    تۆش پێیان دەدەیت لە ڕووباری خۆشییەکانت بنۆشن،
چونکە کانی ژیان لەلای تۆیە،
    بە ڕووناکی تۆ ئێمە ڕووناکی دەبینین.

10 بەردەوامی بدە بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ ئەوانەی دەتناسن،
    بە ڕاستودروستییەکەت بۆ ئەوانەی دڵڕاستن.

یەرمیا 3:1-5

«ئەگەر پیاو ژنی خۆی تەڵاق بدات و
    ژنەکەی لەلای بڕوات و بۆ پیاوێکی دیکە بێت،
ئایا کابرا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە لای ئەو ژنە؟
    ئایا ئەو خاکە بە تەواوی گڵاو نابێت؟
بەڵام تۆ لەشی خۆتت بە زۆر دۆست فرۆشت،
    ئایا ئێستا دەگەڕێیتەوە لام؟»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«چاو هەڵبڕە بۆ گردۆڵکەکان و ببینە!
    بزانە جێی ژووانێک هەیە کە لێی زەلیل نەکرابیت؟
وەک کۆچەر لە چۆڵەوانی
    لەسەر ڕێگاکان بۆ خۆشەویستان دانیشتیت.
بە لەشفرۆشیت و بە خراپەت
    خاکەکەت گڵاو کرد.
جا لێزمە باران ڕاوەستا و
    بەهارە بارانیش نەبوو،
کەچی تۆ ناوچەوانی ژنە لەشفرۆشێکت هەبوو،
    شەرم لەخۆکردنەوەت ڕەتکردەوە.
ئایا هەر ئێستا بانگت نەکردم،
    ”باوکە! تۆ هاوڕێی گەنجیێتی منیت!
ئایا هەتاهەتایە تووڕە دەبیت؟
    ئایا هەتا کۆتایی هەڵدەچیت؟“
بەم شێوەیە قسەت کرد،
    بەڵام تۆ ئەو هەموو خراپەیەت کرد کە توانیت.»

کردار 8:18-24

18 شیمۆن بینی کە نێردراوان دەستیان لەسەر خەڵک دادەنێن ڕۆحی پیرۆز دەدرێت، پارەی بۆ هێنان و 19 گوتی: «ئەو دەسەڵاتە بە منیش بدەن، تاکو دەست لەسەر هەرکەسێک دابنێم ڕۆحی پیرۆز وەربگرێت.»

20 پەترۆس پێی گوت: «با زیوەکەت لەگەڵ خۆت لەناوبچێت! چونکە واتزانی بەهرەی خودا بە پارە دەبێت! 21 لەم شتەدا نە بەشت هەیە و نە پشک، چونکە دڵت بەرامبەر خودا ڕاست نییە. 22 لەم خراپەیەت تۆبە بکە و لە مەسیحی خاوەن شکۆ بپاڕێوە بەڵکو لە مەبەستی دڵت خۆش بێت، 23 چونکە دەتبینم کە پڕیت لە تاڵی و لە بەندی گوناهیت.»

24 شیمۆن گوتی: «ئێوە لە پێناوی من داوا لە مەسیحی خاوەن شکۆ بکەن، تاکو هیچ شتێک لەوەی باستان کرد بە سەرمدا نەیەت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.