Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 119:89-96

ל (لامد)

89 ئەی یەزدان، فەرمایشتی تۆ هەتاهەتاییە،
    لە ئاسمان چەسپاوە.
90 دڵسۆزیت نەوە دوای نەوەیە،
    زەویت دامەزراند و دەمێنێت.
91 ئەوان بە حوکمەکانی تۆ هەتا ئەمڕۆ ماون،
    چونکە هەمووان خزمەتکاری تۆن.
92 ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادیم نەدەبوو،
    بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم.
93 هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم،
    چونکە بەوان منت ژیاندەوە.
94 من هی تۆم، ڕزگارم بکە،
    چونکە بەدوای ڕێنماییەکانی تۆدا گەڕاوم.
95 بەدکارەکان خۆیان بۆم ماتداوە هەتا بمفەوتێنن،
    بەڵام من لە یاساکانی تۆ ڕادەمێنم.
96 بۆ هەموو تەواوییەک سنوورم بینی،
    بەڵام ڕاسپاردەی تۆ زۆر فراوانە.

یەرمیا 36:11-26

11 کاتێک میخایوی کوڕی گەمەریای کوڕی شافان هەموو وشەکانی یەزدانی لەنێو تۆمارەکە بیست، 12 دابەزی بۆ ژوورەکەی خامەی نهێنی لە کۆشکی پاشا، کە هەموو پیاوە گەورەکان لەوێ دانیشتبوون، ئەلیشاماعی خامەی نهێنی، دەلایای کوڕی شەمەعیا، ئەلناتانی کوڕی عەکبۆر، گەمەریای کوڕی شافان، سدقیای کوڕی حەنەنیا، هەروەها هەموو پیاوە گەورەکانی دیکە. 13 میخایوش هەموو ئەو قسانەی پێ ڕاگەیاندن کە بیستبووی، لە کاتێک کە باروخ تۆمارەکەی بۆ گەل دەخوێندەوە. 14 جا هەموو پیاوە گەورەکان یەهودی کوڕی نەتەنیاهۆی کوڕی شەلەمیاهوی کوڕی کووشیان نارد بۆ ئەوەی بە باروخ بڵێت: «ئەو تۆمارەی لێیەوە بۆ ئەم گەلە خوێندتەوە، لەگەڵ دەستت هەڵیبگرە و وەرە.» ئینجا باروخی کوڕی نێرییاش تۆمارەکەی لەگەڵ دەستی هەڵگرت و چوو بۆ لایان. 15 پێیان گوت: «فەرموو دابنیشە، گوێمان لێبێت بیخوێنەوە.» باروخیش بۆی خوێندنەوە.

16 کاتێک گوێیان لە هەموو ئەو وشانە بوو، بە ترسەوە تەماشای یەکتریان کرد و بە باروخیان گوت: «دەبێ تەواوی ئەم وشانە بە پاشا ڕابگەیەنین.» 17 ئینجا لە باروخیان پرسی: «تکایە پێمان بڵێ چۆن هەموو ئەم وشانەت نووسی؟ ئایا لە دەمی یەرمیا بیستت؟»

18 باروخیش وەڵامی دانەوە: «بەڵێ، بە دەمی خۆی هەموو ئەم وشانەی بۆ دەگوتم، منیش بە مەرەکەب لە تۆمارەکەدا دەمنووسییەوە.»

19 ئینجا پیاوە گەورەکان بە باروخیان گوت: «بڕۆ خۆت و یەرمیا خۆتان بشارنەوە، با کەس نەزانێت ئێوە لەکوێن.»

20 دوای ئەوەی تۆمارەکەیان لە ژوورەکەی ئەلیشاماعی خامەی نهێنی دانا، چوونە هەیوانەکە بۆ لای پاشا، هەموو ئەو شتانەیان بە پاشا ڕاگەیاند. 21 پاشا یەهودی نارد بۆ ئەوەی تۆمارەکە بهێنێت، ئەویش لە ژوورەکەی ئەلیشاماعی خامەی نهێنییەوە تۆمارەکەی هێنا. یەهودی بۆ پاشا و بۆ هەموو ئەو پیاوە گەورانەی لای پاشا وەستابوون خوێندییەوە. 22 ئەوە لە مانگی نۆ بوو، پاشا لە ماڵی زستانە دانیشتبوو، ئاگردانێکیش لەبەردەمی داگیرسابوو. 23 کاتێک یەهودی سێ چوار ستوونی لە تۆمارەکە خوێندەوە، پاشا بە قەڵەمبڕی نووسەرەکە پارچەپارچەی کرد و فڕێیدایە ناو ئاگردانەکەوە هەتا هەموو تۆمارەکە لەناو ئاگرەکە بە تەواوی فەوتا. 24 جا نە پاشا و نە هیچ یەکێک لە خزمەتکارەکانی کە گوێیان لە هەموو ئەو وشانە بوو نەترسان، جلەکانی بەریان دانە دڕی. 25 هەرچەندە ئەلناتان و دەلایا و گەمەریا تکایان لە پاشا کرد تۆمارەکە نەسووتێنێت، بەڵام ئەو گوێی لێ نەگرتن. 26 بەڵکو پاشا فەرمانی دا بە میر یەرەحمێل و سەرایای کوڕی عەزریێل و شەلەمیاهوی کوڕی عەبدئێل بۆ گرتنی باروخی سەرقەڵەم و یەرمیای پێغەمبەر، بەڵام یەزدان ئەوانی شاردەوە.

دووەم کۆرنسۆس 7:2-12

تۆبەکردن بەهۆی خەمباری

دڵتان بۆمان بکەنەوە. ستەممان لە کەس نەکردووە، ڕەوشتی کەسمان تێک نەداوە، کەسمان بۆ ڕووتاندنەوە بەکارنەهێناوە. ئەمە ناڵێم بۆ ئەوەی تاوانبارتان بکەم، چونکە پێشتر گوتوومە کە ئێوە لە دڵماندان بە ڕادەیەک کە ئامادەین لەگەڵتان بمرین و لەگەڵتان بژین. متمانەیەکی زۆرم پێتان هەیە و زۆر شانازیشتان پێوە دەکەم، لە هەموو تەنگانەکانماندا پڕبووم لە دڵنەوایی و خۆشییەکی لە ڕادەبەدەر.

ڕاستە، لەو کاتەوەی هاتووینەتە مەکدۆنیا، جەستەمان حەسانەوەی نەبووە، بەڵکو لە هەموو لایەک هەراسان بووین، لە دەرەوە ناکۆکی و لە ناوەوە ترس. بەڵام خودا کە دڵنەوایی ماتومەلوولەکان دەکات، بە هاتنی تیتۆس دڵنەوایی کردین، نەک تەنها بە هاتنی، بەڵکو بەو دڵنەواییەی لەلایەن ئێوە کراوە. بۆی گێڕاینەوە لەبارەی پەرۆشی و پەژارە و دڵگەرمیتان بۆ من، زیاتر دڵشاد بووم.

جا ئەگەر بە نامەکە خەمبارم کردبن، پەشیمان نیم، هەرچەندە پەشیمان بوومەوە، چونکە دەبینم نامەکە بۆ ماوەیەک خەمباری کردن. بەڵام ئێستا دڵشادم، نەک لەبەر ئەوەی خەمبار بوون، بەڵکو لەبەر ئەوەی خەمباریتان ئێوەی بۆ تۆبەکردن برد. بێگومان بەگوێرەی ویستی خودا خەمبار بوون، تاکو بەهۆی ئێمەوە هیچ زیانێک نەکەن، 10 چونکە ئەو خەمبارییەی لە خوداوەیە، دەبێتە هۆی تۆبەکردن، ئەمەش ئەنجامەکەی ڕزگارییە و کەس لێی پەشیمان نابێتەوە، بەڵام ئەو خەمبارییەی لە جیهانەوەیە دەبێتە هۆی مردن. 11 کەواتە سەیر بکەن خەمباری بەگوێرەی ویستی خودا چەندی لە ئێوەدا بەرهەم هێناوە: چ پەرۆشییەک، چ پاکانەیەک، چ تووڕەییەک، چ ترسێک، چ تامەزرۆییەک، چ دڵگەرمییەک، چ حەزێک بۆ دادپەروەری! لە هەموو شتێکدا خۆتان سەلماند کە بێتاوانن لەو باسەدا. 12 کەواتە ئەگەر بۆم نووسیون، لە پێناوی تاوانبار یاخود تاوان لێکراو نییە، بەڵکو بۆ ئەوەی لەبەردەم خودا ببینن کە ئێوە چەند پەرۆشی ئێمەن،

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.