Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
سییۆن ناوێکی نوێی هەیە
62 لە پێناوی سییۆن بێدەنگ نابم و
لە پێناوی ئۆرشەلیم هێمن نابم
هەتا بێتاوانییەکەی وەک گزنگی خۆر دەدرەوشێتەوە و
ڕزگاریشی وەک مەشخەڵ داگیرسێت.
2 ئەو کاتە هەموو نەتەوەکان بێتاوانییەکەت و
هەموو پاشاکان شکۆمەندییەکەت دەبینن.
ناوێکی نوێت لێ دەنرێت
کە دەمی یەزدان دیاری دەکات.
3 دەبیت بە تاجی جوانی لە دەست یەزدان و
تاجەگوڵینە لەناو لەپی خودات.
4 چیتر ناوت نانرێت «بەجێماو» و
چیتر بە خاکەکەت ناگوترێت «وێرانە»،
بەڵکو پێت دەگوترێت «حەفچیڤا[a]»،
خاکەکەشت، «بەعولە[b]»،
چونکە یەزدان بە تۆ دڵخۆش دەبێت،
خاکەکەشت مێردی دەبێت.
5 چونکە چۆن گەنج دەبێت بە مێردی کچێکی پاکیزە،
ئاواش کوڕەکانت دەبن بە مێردت.
وەک دڵخۆشی زاوا بە بووک،
ئاواش خودات بە تۆ دڵخۆش دەبێت.
5 ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەگاتە ئاسمان،
دڵسۆزیت دەگاتە هەورەکان.
6 ڕاستودروستییەکەت وەک چیا سەرکەشەکانە،
دادپەروەرییەکەت وەک دەریا گەورەکەی ژێر زەوییە[a].
ئەی یەزدان، تۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش ڕزگار دەکەیت.
7 ئەی خودایە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چەند بەنرخە!
ئادەمیزاد لەژێر سێبەری باڵەکانت پەنا دەگرن.
8 بە چەوری ماڵەکەت تێر دەبن،
تۆش پێیان دەدەیت لە ڕووباری خۆشییەکانت بنۆشن،
9 چونکە کانی ژیان لەلای تۆیە،
بە ڕووناکی تۆ ئێمە ڕووناکی دەبینین.
10 بەردەوامی بدە بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ ئەوانەی دەتناسن،
بە ڕاستودروستییەکەت بۆ ئەوانەی دڵڕاستن.
بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆز
12 خوشکان، برایان، نامەوێت بێ ئاگا بن لەبارەی بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆزەوە. 2 دەزانن کاتێک بتپەرست بوون، بەرەو بتە لاڵەکان ڕابەرایەتی و گومڕا کران. 3 بۆیە بزانن کە کەس نییە بە ڕۆحی خودا بدوێت و بڵێت: «نەفرەت لە عیسا،» کەسیش ناتوانێت بڵێت: «عیسا پەروەردگارە،» بە ڕۆحی پیرۆز نەبێت.
4 جۆرەها بەهرە هەیە، بەڵام هەمان ڕۆحە، 5 جۆرەها خزمەت هەیە، بەڵام هەمان پەروەردگارە، 6 جۆرەها کار هەیە، بەڵام هەمان خودایە، ئەوەی هەموو کارێک لە هەموواندا دەکات.
7 بەڵام دەرکەوتنی بەهرەی ڕۆحی پیرۆز بۆ هەر یەکێک لە پێناوی سوودمەندی گشتییە دەدرێت. 8 جا یەکێک لە ڕێگەی ڕۆحەکەوە قسەی دانایی پێدەدرێت، بۆ یەکێکی دیکەش قسەی زانین بەگوێرەی هەمان ڕۆح. 9 بۆ یەکێکی دیکەش باوەڕ بە هەمان ڕۆح، بۆ یەکێکی دیکە بەهرەی چاککردنەوە بە هەمان ڕۆح، 10 یەکێکی دیکەش کاری پەرجوو، بۆ ئەوی دیکە ڕاگەیاندنی پەیامی خودا، بۆ ئەوی دیکە جیاکردنەوەی ڕۆحەکان، بۆ ئەوی دیکە جۆرەها زمان[a]، بۆ یەکێکی دیکەش لێکدانەوەی زمانەکان. 11 ئەمانە هەمووی کاری یەک ڕۆح و هەمان ڕۆحە، بۆ هەر یەکێک بە تایبەت دابەشی دەکات، چۆن بیەوێت.
شایی لە قانا
2 لە ڕۆژی سێیەم لە قانای جەلیل شاییەک هەبوو، دایکی عیساش لەوێ بوو. 2 عیسا و قوتابییەکانیشی بۆ شاییەکە بانگهێشتکراوبوون. 3 کاتێک شەراب نەما، دایکی بە عیسای گوت: «شەرابیان نییە!»
4 عیساش پێی فەرموو: «ژنەکە، چیت لە من دەوێ؟ هێشتا کاتی من نەهاتووە!»
5 ئینجا دایکی بە خزمەتکارانی گوت: «هەرچییەکتان پێ دەڵێ، بیکەن.»
6 شەش کوپەی بەردین، لەو جۆرەی کە جولەکەکان بۆ پاککردنەوە بەکاریاندەهێنا، لەوێ دانرابوون، هەریەکەی هەشتا هەتا سەد و بیست لیتریان دەگرت[a].
7 جا عیسا پێی فەرموون: «کوپەکان پڕ بکەن لە ئاو.» ئەوانیش کوپەکانیان هەتا سەر پڕکرد.
8 ئینجا پێی فەرموون: «ئێستا لێی دەربهێنن و بۆ گەورەی شاییەکەی ببەن!»
ئەوانیش بردییان. 9 کاتێک گەورەی شاییەکە تامی ئەو ئاوەی کرد کە ببووە شەراب، سەرچاوەکەی نەدەزانی، بەڵام خزمەتکاران دەیانزانی، ئەوانەی ئاوەکەیان دەرهێنابوو. ئەوسا گەورەی شاییەکە زاوای بانگکرد و 10 پێی گوت: «هەموو کەس یەکەم جار شەرابە چاکەکە دادەنێن، کاتێک مەست بوون، ئینجا خراپەکە. بەڵام تۆ هەتا ئێستا شەرابە چاکەکەت هێشتووەتەوە!»
11 ئەو پەرجووەی[b] عیسا لە قانای جەلیل کردی، یەکەمین نیشانەی بوو بۆ دەرخستنی شکۆی خۆی، قوتابییەکانیشی باوەڕیان پێی هێنا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.