Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.
122 شادمان بووم بەوانەی پێیان گوتم،
«با بچینە ماڵی یەزدان.»
2 ئەی ئۆرشەلیم، پێیەکانمان
لە دەروازەکانت ڕادەوەستن.
3 ئۆرشەلیم بنیاد نراوە،
وەک شارێکی یەکگرتوو.
4 لەوێ کە خێڵەکان سەردەکەون،
هۆزەکانی یەزدان،
وەک یاسا بۆ ئیسرائیل
بۆ ئەوەی ستایشی ناوی یەزدان بکەن.
5 چونکە تەختەکان بۆ دادوەری لەوێ دادەنرێت،
تەختەکانی بنەماڵەی داود.
6 داوای ئاشتی بکەن بۆ ئۆرشەلیم:
«با ئەوانەی تۆیان خۆشدەوێت ئاسوودە بن.
7 با ئاشتی لە شووراکانت بێت،
ئاسایش لە قەڵاکانت.»
8 لە پێناوی برا و هاوڕێیەکانم دەڵێم:
«ئاشتیت تێدابێت!»
9 لە پێناوی ماڵی یەزدانی پەروەردگارمان،
بەدوای چاکەی تۆدا دەگەڕێم.
خودا ئاوی لافاو بەسەر زەویدا دەهێنێت
6 کاتێک مرۆڤ دەستیان بە زیادبوون کرد لەسەر ڕووی زەوی و کچیان بوو، 2 کوڕانی خودا بینییان کچانی مرۆڤ جوانن. جا لە هەموو ئەوانەی هەڵیانبژاردن ژنیان هێنا. 3 ئینجا یەزدان فەرمووی: «ڕۆحی من هەتاسەر ململانێ لەگەڵ مرۆڤ ناکات، چونکە مەرگدارن؛ ڕۆژانی ژیانیان دەبێتە سەد و بیست ساڵ.»
4 لەو ڕۆژانەدا لەسەر زەوی نەفیلیم[a] هەبوون. لەدوای ئەوەی کوڕانی خودا چوونە لای کچانی مرۆڤ منداڵیان لێیان بوو، منداڵەکان بوونە ئەو پاڵەوانانەی کە لە کۆنەوە ناوبانگیان هەیە.
5 یەزدان بینی کە خراپەکاری مرۆڤ لەسەر زەوی زۆر بووە، هەروەها هەموو بیروبۆچوونەکانی دڵیشی بە درێژایی ڕۆژ تەنها لەلای خراپەیە. 6 یەزدان خەفەتبار بوو کە مرۆڤی لەسەر زەوی دروستکردبوو، هەروەها دڵگرانیش بوو. 7 ئیتر یەزدان فەرمووی: «مرۆڤ دەسڕمەوە، ئەوەی لەسەر ڕووی زەوی دروستم کرد، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەری خشۆک و باڵندەی ئاسمان، چونکە خەفەت دەخۆم لەوانەی کە دروستم کردوون.» 8 بەڵام نوح لەبەرچاوی یەزدان ڕەزامەندی بەدەستهێنابوو.
9 ئەمانەش نەوەکانی نوحن.
نوح پیاوچاک و بێ کەموکوڕی نێو خەڵکانی سەردەمی خۆی بوو، دۆستی خودا بوو. 10 نوح سێ کوڕی بوو: سام و حام و یافەت.
باوەڕی باپیرانمان
11 باوەڕ دڵنیاییە بەوەی هیوامان پێیەتی، بێگومانییە لەوەی نایبینین، 2 چونکە بەم باوەڕە پێشینان پەسەند کراون.
3 بە باوەڕ تێدەگەین کە گەردوون بە فەرمایشتی خودا بەدیهێنراوە، تەنانەت ئەوەی دەیبینین لەو شتانەی کە بینراوە نەهاتووەتە کایەوە.
4 بە باوەڕ هابیل قوربانییەکی باشتری لەوەی قایین پێشکەشی خودا کرد[a]. بە باوەڕ شایەتی بۆ درا کە ڕاستودروستە کاتێک خودا شایەتی بۆ قوربانییەکەی دا. هەرچەندە هابیل مرد بەڵام هێشتا بە باوەڕ قسە دەکات.
5 بە باوەڕ حەنۆخ بەرزکرایەوە لای خودا تاکو مردن نەبینێ، ئیتر لەسەر زەوی نەما، چونکە خودا بردی بۆ لای خۆی[b]. پێش بردنیشی شایەتی وەرگرت کە خودای ڕازی کردووە. 6 بەبێ باوەڕ مەحاڵە ڕەزامەندی خودا بەدەستبهێنرێت، چونکە ئەوەی لەو نزیک بێتەوە، دەبێ باوەڕی بە بوونی ئەو هەبێت و پاداشتی ئەوانەش دەداتەوە کە بە پەرۆشەوە ڕوویان لەو دەکەن.
7 بە باوەڕ نوح، کاتێک لەلایەن خوداوە سەبارەت بەوەی کە هێشتا نەبینرابوو ئاگادار کرایەوە، ئاگادارکردنەوەکەی خستە دڵییەوە و کەشتییەکی بنیاد نا بۆ ڕزگارکردنی ماڵەکەی.[c] بەم شێوەیە، بە باوەڕ جیهانی حوکم دا و بوو بە میراتگری ئەو ڕاستودروستییەی کە بەگوێرەی باوەڕ بوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.