Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
هۆنراوەیەکی داود کە لە ئەشکەوت بوو. نوێژ.
142 پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم،
بە دەنگی بەرز لە یەزدان دەپاڕێمەوە.
2 سکاڵای خۆمی لەبەردەم هەڵدەڕێژم،
لەبەردەمی باسی تەنگانەکانی خۆم دەکەم.
3 لە کاتی ورەبەردانی ڕۆحم،
تۆ شارەزای ڕێڕەوی منی.
لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆم،
خەڵک تەڵەیان بۆم ناوەتەوە.
4 ئاوڕ بەلای ڕاستدا بدەوە و ببینە،
کوا ناسیاوی من؟
پەناگا بۆ من قڕبووە،
کوا پرسیارکەر لە ئەحواڵی من؟
5 ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد،
گوتم: «تۆ پەناگای منی،
لە خاکی زیندووان تۆ بەشی منی.»
6 بە وردی گوێ لە لاوانەوەم بگرە،
چونکە زۆر زەلیلم،
لە دەست ڕاونەرانم دەربازم بکە،
چونکە لە من بەهێزترن.
7 گیانم لە بەندیخانە دەربهێنە،
بۆ ئەوەی ستایشی ناوت بکەم.
ئینجا ڕاستودروستان دەورم دەگرن،
چونکە چاکەم لەگەڵ دەکەیت.
نوێژێکی حەبەقوق
3 نوێژێکی حەبەقوقی پێغەمبەر. لەسەر ئاوازی «شگیانۆت»:
2 ئەی یەزدان، هەواڵی تۆم بیست،
ئەی یەزدان، لە کارەکانت ترسام،
لە سەردەمی ئێمە دووبارەیان بکەوە،
با لە سەردەمی ئێمە بزانرێن،
لە تووڕەییدا بەزەیی بهێنەرەوە یادت!
3 خودا لە تێمانەوە هات،
پیرۆزەکە لە کێوی پارانەوە هات. [a]
شکۆی ئەو ئاسمانی داپۆشیوە و
ستایشی ئەو زەوی پڕکردووە.
4 پڕشنگی ئەو وەک تیشکی بەرەبەیانە،
لە دەستیەوە ڕووناکی دەبارێت،
لەوێدا توانای شاردرابووەوە.
5 پەتا لەپێشیەوە ڕۆیشت،
گرانەتاش لەدوای هەنگاوەکانی ئەو بوو.
6 ڕاوەستا و زەوی هەژاند،
تەماشای کرد و هەموو گەلەکانی لەرزاند.
چیا دێرینەکان کوتران،
گردە لەمێژینەکان هاتنە خوارەوە،
بەڵام یەزدان جاویدانییە.
7 چادرەکانی کوشانم لە تەنگوچەڵەمەدا بینی،
ڕەشماڵەکانی میدیان دەلەرزین.
8 ئەی یەزدان، ئایا جۆشی تووڕەیی تۆ لە ڕووبارەکان بوو؟
ئایا لە ڕووبارەکان تووڕە بوویت؟
ئایا هەڵچوونی تۆ لە دەریا بوو،
تاکو سواری ئەسپ بیت و
گالیسکەکانت بەرەو سەرکەوتن بچن؟
9 کەوانەکەی خۆتت ئامادە کرد و
داوای تیرێکی زۆرت کرد.
بە ڕووبارەکان زەویت شەق کردووە،
10 چیاکان تۆیان بینی و لەرزین،
لافاوی ئاوەکان تێپەڕین،
قووڵاییەکان دەنگیان هات،
شەپۆلەکانی بەرزبوونەوە.
11 خۆر و مانگ لە ئاسمان وەستان[b]،
بە بریسکانەوەی تیرە هاوێژراوەکانت،
بە درەوشانەوەی ڕمە پڕشنگدارەکەت.
12 بە تووڕەییەوە لەسەر زەوی گەڕایت،
بە تووڕەییەوە نەتەوەکانت وردوخاش کرد.
13 بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەت هاتییە دەرەوە،
بۆ ڕزگارکردنی دەستنیشانکراوەکەت.
سەرۆکی وڵاتی بەدکارت وردوخاش کرد،
لە سەرەوە هەتا پێی ڕووتت کردەوە.
14 بە تیرەکانی خۆی سەری سەرکردەکانی ئەوت کونت کرد،
کاتێک هێرشیان هێنا بۆ پەرتەوازەکردنمان،
خۆشیان ئامادە کرد
بۆ ڕاوکردنی ئەو کڵۆڵەی خۆی ماتداوە.
15 بە ئەسپەکانت بەناو دەریادا ڕێگات گرتەبەر،
ئاوە زۆرەکانت هەژاند.
16 بیستم و هەناوم کەوتە خوارەوە،
لەبەر دەنگەکە لێوەکانم لەرزین،
ئێسکەکانم کلۆر بوون،
چۆکم لەرزی.
لەگەڵ ئەوەشدا بە ئارامییەوە چاوەڕێی ڕۆژی تەنگانەم
بۆ ئەو نەتەوانەی هێرشیان هێنایە سەرم.
سزای مامۆستا درۆزنەکان
5 بەڵام دەمەوێت بیرتان بخەمەوە کە خۆتان دەیزانن، یەزدان کە گەلەکەی خۆی لە خاکی میسر ڕزگار کرد، بەڵام دواتر ئەوانەی باوەڕیان نەهێنا لەناوی بردن. 6 هەروەها ئەو فریشتانەی پایەکانی خۆیان نەپاراست، بەڵکو شوێنی خۆیان بەجێهێشت، بە کۆتی هەتاهەتایی بۆ سزای ڕۆژی گەورە لەژێر تاریکیدا هەڵگیران. 7 هەروەها سەدۆم و عەمۆرا و شارەکانی دەوروبەریان بە هەمان ڕێگا بەدوای داوێنپیسی و هاوڕەگەزبازی کەوتن، جا بە ئاگرێکی هەتاهەتایی سزادران و بوون بە پەند.
8 خەیاڵخاوەکانیش بە هەمان شێوە، جەستە گڵاو دەکەن و دەسەڵات ڕەت دەکەنەوە و بوختان بە شکۆداران[a] دەکەن. 9 بەڵام میکائیلی سەرۆکی فریشتەکان، کاتێک دژایەتی شەیتانی کرد و سەبارەت بە تەرمی موسا مشتومڕی کرد، نەیوێرا بە بوختان سکاڵای لێ بکات، بەڵکو گوتی: «یەزدان سەرزەنشتت بکات!» 10 کەچی ئەوانە قسە بۆ شتێک هەڵدەبەستن کە نایزانن. ئەوەی بە سروشتیش دەیزانن، وەک ئاژەڵی بەستەزمان، لەمانەدا تێکی دەدەن.
11 قوڕبەسەریان! چونکە ڕێگای قایینیان گرتووە، بۆ بڕێک دەستکەوت خۆیان داوەتە دەست چەواشەیی بەلعامەوە[b]، لە یاخیبوونەکەی قۆڕەح[c] لەناوچوون.
12 ئەوانە لە داوەتە برایەتییەکانی ئێوەدا لەکەیەکن، بێشەرمانە نان دەخۆن، شوانێکن کە تەنها خۆیان دەلەوەڕێنن. ئەوانە هەوری بێ بارانن و با هەڵیگرتوون، وەک داری بێ بەری پاییزن، لە ڕەگەوە هەڵکەنراون، دوو جار مردوون. 13 ئەوان شەپۆلی دەریای هەڵچوون و کارە شەرمهێنەرەکانیان وەک کەف دەردەکەون، ئەستێرەی گەڕۆکن کە هەتاهەتایە ڕەشایی تاریکییان بۆ هەڵگیراوە.
14 حەنۆخ کە لە نەوەی حەوتەمی ئادەمە لەبارەی ئەوانەوە پێشبینیی کرد: «سەیر بکەن، یەزدان لەگەڵ هەزاران فریشتەی پیرۆزی خۆی دێت، 15 تاکو هەموو خەڵک حوکم بدات و تاوانباریان بکات بە ئەنجامدانی هەموو ئەو کردەوە خوانەناسییانەی کە بەهۆی خوانەناسییان ئەنجامیان داوە، هەروەها هەموو ئەو قسە ڕەقانەی کە گوناهبارە خوانەناسەکان لە دژی ئەو گوتوویانە.» 16 ئەوانە بۆڵەبۆڵکەر و گلەییکەرن، بەگوێرەی ئارەزووە خراپەکانیان هەڵسوکەوت دەکەن و قسەی گەورە دەکەن، بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە دووڕوویی ستایشی خەڵک دەکەن.
خۆتان بنیاد بنێن
17 بەڵام ئێوە ئەی خۆشەویستان، قسەکانی نێردراوانی عیسای مەسیحی گەورەمان بهێننەوە یاد کە پێشتر گوتوویانە. 18 پێی گوتن: «لە کۆتایی ڕۆژگار، هەندێک گاڵتەجاڕ پەیدا دەبن و دوای ئارەزووە خراپەکانیان دەکەون.» 19 ئەوانە دووبەرەکی دەنێنەوە، سروشتی مرۆڤانەن و ڕۆحی پیرۆزیان نییە.
20 بەڵام ئێوە خۆشەویستان، خۆتان لەسەر باوەڕی پیرۆزتان بنیاد بنێن، بە ڕۆحی پیرۆز نوێژ بکەن، 21 خۆتان لەناو خۆشەویستی خودا بپارێزن، چاوەڕوانی بەزەیی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بن بۆ ژیانی هەتاهەتایی.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.