Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
68 «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
چونکە گەلەکەی بەسەرکردەوە و کڕییەوە[a].
69 هێزی ڕزگاریمانی هەستاندەوە،
لە بنەماڵەی داودی بەندەی،
70 وەک چۆن لە کۆنەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە دواوە،
71 بۆ ڕزگاربوون لە دەست دوژمنان و
هەموو ناحەزانمان،
72 هەروەها بۆ بەخشینی بەزەیی بە باوباپیرانمان و
پەیوەستبوون بە پەیمانە پیرۆزەکەی،
73 واتە ئەو سوێندەی کە بۆ ئیبراهیمی باپیرە گەورەمانی خوارد:
74 کە ئێمە لە دەست دوژمن ڕزگارمان بێت و
بێ ترس ئەو بپەرستین،
75 هەموو ڕۆژانی ژیانمان بە پیرۆزی و ڕاستودروستی[b] لەبەردەمیدا بین.
76 «تۆش ئەی منداڵ، بە پێغەمبەری خودای هەرەبەرز ناودەبردرێیت،
چونکە پێش یەزدان دەکەویت، تاکو ڕێگای بۆ ئامادە بکەیت،
77 تاکو بە گەلەکەی ڕابگەیەنیت
بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان ڕزگاریان دەبێت،
78 بەهۆی بەزەییە بەسۆزەکەی خودامانەوە،
کە بەهۆیەوە ڕووناکی لە بەرزاییەوە بەسەرماندا دەدرەوشێتەوە،
79 تاکو بەسەر ئەوانەی لە تاریکی و لە سێبەری مەرگدا دانیشتوون بدرەوشێتەوە،
بۆ ئەوەی پێیەکانمان بە ڕێگای ئاشتیدا ببات.»
خودا داوای سدقیا ڕەت دەکاتەوە
21 ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، کاتێک سدقیای پاشا پەشحوری کوڕی مەلکیا و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی ناردە لای و گوتی: 2 «تکایە لە پێناوی ئێمە داوا لە یەزدان بکە، چونکە نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشمان دەکاتە سەر، بەڵکو یەزدان وەک ڕابردوو کاری سەرسوڕهێنەرمان لەگەڵ دەکات هەتا نەبوخودنەسر لەلای ئێمە بکشێتەوە.»
3 بەڵام یەرمیا وەڵامی دانەوە: «بە سدقیا بڵێن، 4 ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەو چەکانەی لە دەستتانە کە لەگەڵ پاشای بابل و بابلییەکان شەڕی پێ دەکەن کە لە دەرەوەی شوورای شارەکان گەمارۆیان داون، من خەریکم ئەو چەکانە لە دژتان بەکاردەهێنم، لە ناوەڕاستی شار کۆیان دەکەمەوە. 5 من خۆم بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز، بە تووڕەیی و هەڵچوونێکی بە جۆشی گەورەوە لە دژتان دەجەنگم. 6 دانیشتووانی ئەو شارە دەکوژم، مرۆڤ و ئاژەڵ پێکەوە، بە دەردێکی گەورەوە دەمرن. 7 پاش ئەمەش، سدقیای پاشای یەهودا و خزمەتکارەکانی و ئەوەی لەم گەلە لە شارەکەدا ماونەتەوە، لەدوای دەرد و شمشێر و قاتوقڕییەکە، دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و دوژمنەکانیان و ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن. ئەوانیش دەیاندەنە بەر شمشێر و لەگەڵیان میهرەبان نابن و دڵیان پێیان ناسووتێت و بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
8 «بەم گەلەش دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئێستا من ڕێگای ژیان و ڕێگای مردنتان لەپێش دادەنێم. 9 ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت، ئەوەش دەچێتە دەرەوە و ڕوو لە بابلییەکان بکات، ئەوانەی گەمارۆیان داون، دەژیێت و ژیانی خۆی دەرباز دەکات. 10 لەبەر ئەوەی مکوڕم لەسەر ئەوەی خراپە بەسەر ئەو شارە بهێنم نەک باشە. دەدرێتە دەست پاشای بابل و بە ئاگر دەیسووتێنێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
11 «بە بنەماڵەی پاشای یەهودا بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. 12 ئەی بنەماڵەی داود، یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”هەموو بەیانییەک بە دادپەروەری حوکم بدەن،
تاڵانکراو لە دەستی زۆردار ڕزگار بکەن،
نەوەک تووڕەییم وەک ئاگر بتەقێتەوە،
لەبەر ئەو خراپانەی کردووتانە،
جا بسووتێنێت و کەس نەبێت بکوژێنێتەوە.
13 ئەی ئۆرشەلیم، ئەوەی نیشتەجێی لەسەر دۆڵەکە،
بەسەر دەشتی بەردەڵانی بەرز،
ئەوەتا من لە دژی تۆم.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ئێوە دەڵێن: ’کێ بەسەرماندا دەدات؟
کێ دێتە ناو نشینگەکانمانەوە؟‘
14 بەڵام من سزای شایستەی کردارەکانتان دەدەم،
ئاگر بەردەدەمە دارستانەکەی و
هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
مەسیح گەورەترین قوربانییە
23 پاککردنەوەی وێنەی شتە ئاسمانییەکان دەبووایە ئاوا بکرێت، بەڵام خودی شتە ئاسمانییەکان بە قوربانی باشتر لەمانە پاک دەبنەوە، 24 چونکە مەسیح نەچووە پیرۆزگای دەستکرد کە لەبەرگیراوەی شتە ڕاستەقینەکەیە، بەڵکو خودی ئاسمان، ئێستاش لەوێ لەبەردەم خودا بۆ ئێمە دەردەکەوێت. 25 نەک تاکو چەند جارێک خۆی پێشکەش بکات، وەک سەرۆک کاهین ساڵی جارێک بە خوێنێک کە خوێنی خۆی نییە دەچێتە شوێنی هەرەپیرۆز. 26 ئەگینا دەبووایە مەسیح لە دامەزراندنی جیهانەوە چەندین جار ئازاری بچێژتبووایە. بەڵام ئێستا لە کۆتایی زەمان تەنها جارێک دەرکەوت تاکو گوناه بسڕێتەوە، بەوەی خۆی کردە قوربانی. 27 وەک بۆ مرۆڤ دانراوە جارێک بمرێت، دواتر لێپرسینەوەیە، 28 مەسیحیش، جارێک خۆی کرد بەقوربانی تاکو گوناهی خەڵکێکی زۆر لاببات. بەڵام هاتنەوەی عیسا بۆ جاری دووەم بۆ لابردنی گوناه نییە، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەیە کە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەکەن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.