Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 145:1-5

ستایشێکی داود.

145 بەرزت دەکەمەوە، ئەی خودایە، ئەی پاشا،
    هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.
هەموو ڕۆژێک ستایشت دەکەم،
    هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.

یەزدان مەزنە و شایانی ستایشێکی زۆرە،
    مەزنایەتی لە سەرووی تێگەیشتنە.
هەموو نەوەیەک بۆ نەوەی دوای خۆی شایەتی بۆ کارەکانت دەدات،
    پاڵەوانیێتی تۆ ڕادەگەیەنن.
دەربارەی پایەبەرزی شکۆی پاشایەتیت دەدوێن،
    هەروەها من لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.

زەبوورەکان 145:17-21

17 یەزدان لە هەموو ڕێگاکانی ڕاستودروستە،
    خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
18 یەزدان نزیکە لە هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە،
    لە هەموو ئەوانەی بە ڕاستییەوە لێی دەپاڕێنەوە.
19 ئارەزووی هەموو ئەوانە بەجێدەهێنێت کە لێی دەترسن،
    گوێی لە هاواریان دەبێت و ڕزگاریان دەکات.
20 یەزدان هەموو ئەوانە دەپارێزێت کە خۆشیان دەوێت،
    بەڵام هەموو بەدکاران تەفروتونا دەکات.

21 دەمم بە ستایشی یەزدان دەدوێ،
    با هەموو کەسێک ستایشی ناوی پیرۆزی بکات، هەتاهەتایە.

زەکەریا 1:1-17

بانگەوازی گەڕانەوە بۆ لای یەزدان

لە مانگی هەشتی ساڵی دووەمی داریوش، فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات:

«یەزدان زۆر لە باوباپیرانتان تووڕە بوو. لەبەر ئەوە بە گەل دەڵێیت: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”بگەڕێنەوە بۆ لام، منیش دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. وەک باوباپیرانتان مەبن، ئەوانەی پێغەمبەرەکانی پێشوو پێیان ڕاگەیاندن: یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”لە ڕەفتارە خراپ و نەریتە خراپەکانتان بگەڕێنەوە.“ بەڵام گوێیان نەگرت و سەرنجیان نەدامێ. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ئێستا باوباپیرانتان لەکوێن؟ هەروەها پێغەمبەرەکان، ئایا هەتاهەتایە دەژین؟ بەڵام فەرمایشت و فەرزەکانم کە بەندە پێغەمبەرەکانم پێ ڕاسپارد، ئایا بە باوباپیرانتان نەگەیشت؟

«ئینجا تۆبەیان کرد و گوتیان: ”هەروەک ئەوەی یەزدانی سوپاسالار مەبەستی بوو پێمانی بکات، بەپێی ڕەفتار و نەریتەکانمان، ئاوای پێ کردین.“»

پیاوێک لەنێو دار مۆردەکان

لە بیست و چواری یازدە کە مانگی شوباتە لە دووەم ساڵی داریوش، پەیامی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات.

لە شەودا بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا: لەبەردەمم پیاوێک سواری ئەسپێکی سوور بووە. پیاوەکە لە شیوێک لەنێو دار مۆردەکان[a] ڕاوەستاوە، لە پشتییەوە ئەسپی سوور و زەرد و سپی هەبوو.

ئینجا پرسیارم کرد: «گەورەم، ئەمانە چین؟»

ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵم دەکرد وەڵامی دامەوە: «من پیشانت دەدەم ئەمانە چین.» 10 ئینجا ئەو پیاوەی لەنێو دار مۆردەکان ڕاوەستا بوو فەرمووی: «ئەمانە ئەوانەن کە یەزدان ناردوونی تاکو بەناو زەویدا بگەڕێن.»

11 ئینجا وەڵامی فریشتەکەی یەزدانیان دایەوە ئەوەی لەنێو دار مۆردەکان وەستابوو، گوتیان: «بەناو زەویدا گەڕاین، هەموو زەوی حەساوەتەوە و لە ئارامیدایە.»

12 ئینجا فریشتەکەی یەزدان فەرمووی: «ئەی یەزدانی سوپاسالار، هەتا کەی تۆ بەزەییت بە ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا نایەتەوە کە ئەم حەفتا ساڵە لێیان تووڕە بوویت؟» 13 یەزدانیش بە قسەی خۆش و دڵدانەوە وەڵامی ئەو فریشتەیەی دایەوە کە قسەی لەگەڵم دەکرد.

14 ئینجا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم پێی گوتم: «ئەم پەیامە ڕابگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”خۆشەویستییەکی بێ پایانم[b] بۆ ئۆرشەلیم و سییۆن هەیە. 15 زۆریش لەو نەتەوانە تووڕەم کە لەخۆڕازین. من کەمێک تووڕە بووم، بەڵام ئەوان لە سزادانەکە درێژدادڕییان کرد.“

16 «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بە بەزەییەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئۆرشەلیم و لەوێ ماڵەکەم بنیاد دەنرێتەوە. گوریسی پێوانەش بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕادەکێشرێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

17 «هەروەها ڕایبگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”دیسان شارۆچکەکانم سەرڕێژ دەبن لە خێروخۆشی، یەزدان دووبارە دڵی سییۆن دەداتەوە و ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە.“»

کردار 22:22-23:11

22 هەتا باسی نەتەوەکان گوێیان لە پۆڵس گرت، ئینجا هاواریان کرد و گوتیان: «لەسەر ڕووی زەوی مەیهێڵە! چونکە ئەمە شایانی ژیان نییە!»

23 ئینجا هاواریان کرد و جلەکانی خۆیان فڕێدەدا و خۆڵیان بە هەوادا دەکرد. 24 فەرماندەکە فەرمانی دا بۆ سەربازگە ببردرێت و لەژێر قامچیدا لێی بکۆڵنەوە، تاکو بزانێت بۆچی ئاوا هاواریان لێی دەکرد.

پۆڵس هاوڵاتییەکی ڕۆمانییە

25 کاتێک بەستیانەوە تاکو بە قامچی لێی بدەن، پۆڵس بە سەرپەلەکەی گوت کە لەوێ وەستا بوو: «ئایا لە ڕووی یاساییەوە ڕێتان پێدراوە کە هاوڵاتی ڕۆمانی بەر قامچی بدەن کە هێشتا نەسەلمێنراوە تاوانبارە؟» 26 کاتێک سەرپەلەکە گوێی لەمە بوو چووە لای فەرماندەکە، هەواڵی پێدا و گوتی: «ئەوە بەتەمای چی بکەیت؟ ئەم پیاوە هاوڵاتی ڕۆمانییە!»

27 فەرماندەکەش چوو بۆ لای پۆڵس و پێی گوت: «پێم بڵێ، تۆ هاوڵاتی ڕۆمانیت؟»

گوتی: «بەڵێ.»

28 فەرماندەکە گوتی: «بە پارەیەکی زۆر ئەم هاوڵاتی بوونەم وەرگرت.»

پۆڵس گوتی: «بەڵام من بە زگماک هاوڵاتیم.»

29 ئەوانەی بەتەمابوون لێی بکۆڵنەوە دەستبەجێ لێی دوورکەوتنەوە، فەرماندەکەش کە زانی هاوڵاتی ڕۆمانییە و وا کۆتی کردووە، ترسا.

30 بۆ بەیانی ویستی بە تەواوی بزانێت بۆچی جولەکە سکاڵای لێدەکەن، ئازادی کرد و فەرمانی دا کاهینانی باڵا و هەموو سەنهەدرین کۆببنەوە، پۆڵسی بانگکرد و لەبەردەمیاندا ڕایگرت.

پۆڵس لە ئەنجومەنی جولەکە

23 پۆڵس ڕوانییە سەنهەدرین و گوتی: «برایان، تاکو ئەمڕۆ بە تەواوی ویژدانێکی پاک بۆ خودا ژیاوم.» حەنانیای سەرۆک کاهین فەرمانی بەوانە دا کە لەلای ڕاوەستابوون تاکو بە دەمیدا بکێشن. پۆڵس پێی گوت: «خودا لێت بدات، ئەی دیواری سپیکراو! چۆن دانیشتووی بەپێی تەورات حوکمم دەدەیت، کەچی پێچەوانەی تەورات فەرمانی لێدانم دەدەیت؟»

ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون گوتیان: «ئایا جنێو بە سەرۆک کاهینی خودا دەدەیت؟»

پۆڵس گوتی: «برایان، نەمدەزانی سەرۆک کاهینە، چونکە نووسراوە: [بە خراپە باسی سەرکردەیەکی گەلەکەت مەکە.][a]»

پۆڵس دەیزانی بەشێک سەدوقین و بەشێک فەریسی، لە سەنهەدریندا هاواری کرد: «برایان، من فەریسی کوڕی فەریسیم. لەبەر هیوام بە هەستانەوەی مردووان وا حوکم دەدرێم.» کە ئەمەی گوت، ناکۆکی کەوتە نێوان فەریسی و سەدوقییەکان و ئەنجومەنەکە بوو بە دوو بەش، چونکە سەدوقییەکان دەڵێن هەستانەوە و فریشتە و ڕۆح نین، بەڵام فەریسییەکان دان بە هەموو ئەمانەدا دەنێن.

ئینجا هاوار بەرزبووەوە، هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون هەستان و بە توندی دەمەقاڵەیان دەکرد: «تاوان لەم پیاوەدا نابینین. مەگەر ڕۆحێک یان فریشتە لەگەڵیدا دوابێت؟» 10 کاتێک ناکۆکییەکە پەرەی سەند، فەرماندەکە ترسا پۆڵس پارچەپارچە بکەن، ئینجا فەرمانی بە سەربازەکان دا دابەزن، لەنێوانیاندا بیڕفێنن و بیبەنەوە سەربازگە.

11 بۆ شەوی پاشتر، مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای پۆڵس ڕاوەستا و فەرمووی: «ورەت بەرزبێت! وەک لە ئۆرشەلیم شایەتیت بۆ من دا، دەبێ لە ڕۆماش ئاوا شایەتی بدەیت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.