Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
هۆنراوەیەکی داود کە لە ئەشکەوت بوو. نوێژ.
142 پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم،
بە دەنگی بەرز لە یەزدان دەپاڕێمەوە.
2 سکاڵای خۆمی لەبەردەم هەڵدەڕێژم،
لەبەردەمی باسی تەنگانەکانی خۆم دەکەم.
3 لە کاتی ورەبەردانی ڕۆحم،
تۆ شارەزای ڕێڕەوی منی.
لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆم،
خەڵک تەڵەیان بۆم ناوەتەوە.
4 ئاوڕ بەلای ڕاستدا بدەوە و ببینە،
کوا ناسیاوی من؟
پەناگا بۆ من قڕبووە،
کوا پرسیارکەر لە ئەحواڵی من؟
5 ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد،
گوتم: «تۆ پەناگای منی،
لە خاکی زیندووان تۆ بەشی منی.»
6 بە وردی گوێ لە لاوانەوەم بگرە،
چونکە زۆر زەلیلم،
لە دەست ڕاونەرانم دەربازم بکە،
چونکە لە من بەهێزترن.
7 گیانم لە بەندیخانە دەربهێنە،
بۆ ئەوەی ستایشی ناوت بکەم.
ئینجا ڕاستودروستان دەورم دەگرن،
چونکە چاکەم لەگەڵ دەکەیت.
12 «قوڕبەسەر ئەوەی بە خوێنڕشتن شار بنیاد دەنێت و
بە ستەمکاری شارۆچکە دادەمەزرێنێت.
13 ئایا ئەوە لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە نییە
کە ماندووبوونی گەلان تەنها بۆ ئاگر بێت،
شەکەتبوونی نەتەوەکان بێ سوود بێت؟
14 چونکە زەوی پڕ دەبێت لە زانینی شکۆمەندی یەزدان،
هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.
15 «قوڕبەسەر ئەوەی شەراب دەرخواردی نزیکەکەی دەدات،
هەتا سەرخۆش دەبێت لە مەشکەکەوە بۆی تێدەکات،
تاکو جەستەیان بە ڕووتی ببینێت.
16 تێردەبیت لە شەرمەزاری لە جیاتی شکۆمەندی.
ئێستا نۆرەی تۆیە! بینۆشە و ڕووت ببەوە،
جامی دەستە ڕاستی یەزدان دێتە سەر تۆ،
شەرمەزاریش شکۆی تۆ دادەپۆشێت.
17 ئەو ستەمەی لە لوبنانت کرد بەسەرت دێتەوە،
لەناوبردنی ئاژەڵەکانی دەتترسێنێت.
لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت،
تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد.
18 «ئەو بتەی کە دەتاشرێت چ کەڵکێکی هەیە؟
یان ئەو پەیکەرە لەقاڵبدراوەی خەڵکی فێری درۆ دەکات؟
چونکە دروستکەرەکەی پشتی پێ دەبەستێت،
بتێکی دروستکردووە ناتوانێت قسە بکات.
19 قوڕبەسەر ئەوەی بە تەختەدار دەڵێت: ”هەستە!“
بە بەردی بێ هەست و نەست: ”بە ئاگابە!“
ئایا دەتوانێت ڕێنمایی بکات؟
بە زێڕ و زیو ڕووکەش کراوە،
ڕۆحی تێدا نییە.»
20 بەڵام یەزدان لەناو پەرستگای پیرۆزیدایە،
با هەموو دانیشتووانی زەوی لەبەردەمیدا بێدەنگ بن.
9 من پێشتر لە نامەکەی دیکەم بۆم نووسین تێکەڵ بە داوێنپیسان مەبن، 10 مەبەستم لە داوێنپیس و چاوچنۆک و تاڵانکەر و بتپەرستانی ئەم جیهانە نییە، ئەگینا ناچار دەبوون لەم جیهانە بچنە دەرەوە. 11 بەڵام ئێستا بۆتان دەنووسم تێکەڵی یەکێک مەبن بە خوشک یان برا ناودەبردرێت و داوێنپیسە یان چاوچنۆکە یاخود بتپەرستە و بوختانکەرە یان سەرخۆشە و تاڵانکەرە. نانیش لەگەڵ کەسی ئاوا مەخۆن.
12 بە من چی ئەو بێباوەڕانەی دەرەوەی کڵێسا حوکم بدەم؟ ئایا ئێوە ئەوانەی ناوەوەی کڵێسا حوکم نادەن؟ 13 ئەوانەی دەرەوەی کڵێسا خودا حوکمیان دەدات. [خراپەکار لەنێو خۆتان دووربخەنەوە.][a]
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.