Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێری ژێدار. زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک.
76 لە یەهودا خودا ناسراوە،
لە ئیسرائیلدا ناوی گەورەیە!
2 کەپری لە شالیمە[a]،
هەواری لە سییۆنە.
3 لەوێ تیرە گڕدارەکان و
قەڵغان و شمشێر جەنگەکانی تێکشکاند.[b]
4 تۆ ڕەوشەنی،
لە چیای نێچیرەکان شکۆدارتری.
5 قارەمانەکان ماڵیان بە تاڵان چوو،
دوایین خەوی خۆیان نوستن،
هیچ جەنگاوەرێک نەیتوانی دەست بکاتەوە.
6 ئەی خودای یاقوب، بە سەرزەنشتی تۆ،
ئەسپ و سوار پێکەوە کەوتنە خەوێکی قووڵەوە!
7 تۆ خۆت بەسامیت!
لە کاتی تووڕەییت، کێ لەبەردەمت ڕادەوەستێت؟
8 لە ئاسمان حوکمت بیسترا،
زەوی ترسا و کپ بوو،
9 بە هەستانی خودا بۆ دادوەری،
بۆ ڕزگارکردنی هەموو ستەملێکراوانی زەوی.
10 چونکە تووڕەیی مرۆڤ ستایشت دەکات،
خۆتت بە پاشماوەی تووڕەیی چەکدار کردووە.
11 نەزر بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن و بەجێی بهێنن.
ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوریدان،
دیاری پێشکەش بە سامناک بکەن.
12 ئەوەی ڕۆحی میرەکان دەشکێنێت،
سامناکە بۆ پاشاکانی سەر زەوی.
14 جا دەبینن و دڵتان خۆش دەبێت و
جەستەتان وەک گیا نەشونما دەکات.
جا دەزانرێت کە یەزدان لەگەڵ خزمەتکارەکانی دەبێت،
بەڵام لە دوژمنەکانی تووڕە دەبێت،
15 ئەوەتا یەزدان بە ئاگرەوە دێت،
گالیسکەکانی وەک گەردەلوولن،
هەتا تووڕەییەکەی بە گڕەوە بگەڕێنێتەوە،
سەرزەنشتەکەی بە بڵێسەی ئاگرەوە.
16 لەبەر ئەوەی یەزدان بە ئاگر و شمشێرەکەی
حوکم بەسەر هەموو مرۆڤدا دەدات،
ئەوانەی بە دەستی یەزدان دەکوژرێن زۆر دەبن.
17 «پێکەوە دەفەوتێن، ئەوانەی خۆیان تەرخان و پاک دەکەن بۆ چوونە ناو باخچەکان، شوێنی ئەو کەسە دەکەون کە لە لەناوەڕاستی ئەوانە، کە جرج و گۆشتی بەراز و شتی قێزەون دەخۆن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18 «من کردەوەکانیان و بیروڕایان دەزانم، لەبەر ئەوە خەریکە دێم و هەموو نەتەوەکان و زمانەکان کۆدەکەمەوە، جا دێن و شکۆمەندی من دەبینن.»
19 یەزدان دەفەرموێت: «نیشانەیەکیان لەنێو دادەنێم و دەربازبووانیان لێ دەنێرم بۆ نەتەوەکان، بۆ تەرشیش و بۆ لای لیبییەکان و لوودییەکان، ئەوانەی تیرئەندازن، بۆ توبال، یۆنان و دوورگە دوورەکان، ئەوانەی هەواڵی منیان نەبیستووە و شکۆمەندی منیان نەبینیوە، جا شکۆمەندی من لەنێو نەتەوەکاندا ڕادەگەیەنن. 20 هەموو براکانتان لە هەموو نەتەوەکانەوە وەک پێشکەشکراو بۆ یەزدان لەسەر ئەسپ و بە گالیسکە و بە عەرەبانە و بە هێستر و وشتر بۆ کێوی پیرۆزم بۆ ئۆرشەلیم دەهێننەوە، وەک ئەوەی نەوەی ئیسرائیل پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان لەناو دەفرێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم بۆ پەرستگای یەزدان بهێنن. 21 هەروەها هەندێک لەوان هەڵدەبژێرم بە کاهین و بە لێڤی.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
22 یەزدان دەفەرموێت: «بێگومان وەک ئەو ئاسمانە نوێیە و ئەو زەوییە نوێیە کە من دروستیان دەکەم لەبەردەممدا دەمێننەوە، ئاواش ناو و نەوەی ئێوە دەمێنێت. 23 لە سەرەمانگێکەوە بۆ سەرەمانگێک و لە شەممەیەکەوە بۆ شەممەیەک هەموو مرۆڤێک دێت بۆ ئەوەی لەبەردەمم کڕنۆش ببات،» یەزدان دەفەرموێت. 24 «دەچنە دەرەوە و لاشەی ئەو خەڵکانە دەبینن کە لە من یاخی بوون، چونکە کرمەکانیان نامرن و ئاگریان ناکوژێتەوە و بۆ هەمووان دەبن بە قێزەون.»
خەمباری عیسا سەبارەت بە ئۆرشەلیم
37 «ئەی ئۆرشەلیم، ئەی ئۆرشەلیم، بکوژی پێغەمبەران و بەردبارانکەری ئەوانەی بۆت نێردران، چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە، هەروەک چۆن مریشک جوجەڵەکانی لەژێر باڵیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام نەتانویست. 38 ئەوەتا ماڵەکەتان بە وێرانی بۆ بەجێدەهێڵدرێ! 39 پێتان دەڵێم، ئیتر نامبیننەوە، هەتا ئەو کاتەی دەڵێن: [پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت.][a]»
پێشبینی وێرانبوونی پەرستگا
24 عیسا لە پەرستگا هاتە دەرەوە، هێشتا لە ڕێگا بوو کاتێک قوتابییەکانی لێی هاتنە پێشەوە تاکو سەرنجی بۆ تەلارەکانی پەرستگا ڕابکێشن. 2 وەڵامی دایەوە: «هەموو ئەمانە دەبینن؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: لێرە بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت کە نەڕووخێت.»
نیشانەکانی کۆتایی سەردەم
3 کاتێک لەسەر کێوی زەیتوون دانیشتبوو، قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای و گوتیان: «پێمان بفەرموو کەی ئەمە ڕوودەدات؟ نیشانەی هاتنەوەت و کۆتایی زەمان چییە؟»
4 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات، 5 چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن ”من مەسیحم،“ زۆر کەس چەواشە دەکەن. 6 جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن، وریابن مەتۆقن، چونکە دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. 7 نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین، قاتوقڕی و بوومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت. 8 بەڵام ئەمانە هەمووی سەرەتای ژانەکانن.
9 «ئینجا بۆ چەوسانەوە بە گرتنتان دەدەن و دەتانکوژن، هەموو نەتەوەکان لەبەر ناوی من ڕقیان لێتان دەبێتەوە. 10 ئەو کاتە زۆر کەس لەڕێ لادەدەن و یەکتری بە گرتن دەدەن و ڕقیان لە یەکتری دەبێتەوە. 11 زۆر پێغەمبەری درۆزن دەردەکەون، زۆر کەس چەواشە دەکەن. 12 لەبەر زۆربوونی سەرپێچی، خۆشەویستی زۆر کەس سارد دەبێتەوە. 13 بەڵام ئەوەی تاکو کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت. 14 ئەم مزگێنی پاشایەتییەش لە هەموو جیهاندا ڕادەگەیەنرێت، وەک شایەتییەک بۆ هەموو نەتەوەکان، ئینجا کۆتاییەکە دێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.