Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 98

زەبوورێک

98 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، گۆرانییەکی نوێ،
    چونکە کاری سەرسوڕهێنەری کردووە.
دەستە ڕاست و بازووی پیرۆزی،
    سەرکەوتنیان بۆ بەدەستهێناوە.
یەزدان ڕزگاریی خۆی ڕاگەیاند،
    ڕاستودروستییەکەی بۆ گەلان دەرخست.
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی،
    بەیادهێنایەوە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
هەموو زەوی هەتا ئەوپەڕی دنیا،
    ڕزگاریی خودای ئێمەیان بینی.

ئەی سەراپای زەوی هاواری شادی بکەن بۆ یەزدان،
    بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن و هەلهەلە لێ بدەن.
بە قیسارە مۆسیقای بۆ یەزدان بژەنن،
    بە قیسارە و دەنگی گۆرانی.
بە زوڕنا و دەنگی کەڕەنا،
    هاواری شادی بکەن بەرامبەر بە یەزدانی پاشا.

با دەریا و هەرچی تێیدایە،
    با جیهان و دانیشتووانی بخرۆشێن.
با ڕووبارەکان چەپڵە لێبدەن و
هەموو چیاکان هەلهەلە لێبدەن،     لەبەردەم یەزدان،
چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات،
    بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات،
    گەلانیش بە دادپەروەری.

حەگەی 2:10-19

بەرەکەت بۆ گەلی گڵاو

10 لە بیست و چواری نۆی ساڵی دووەمی داریوش، فەرمایشتی یەزدان بۆ حەگەی پێغەمبەر هات و فەرمووی: 11 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”ئێستا لە کاهینەکان بپرسە تەورات چی دەڵێت: 12 ئەگەر کەسێک گۆشتی تەرخانکراوی پیرۆزی بە دامێنی کراسەکەی هەڵگرت و دامێنی بە نان یان چێشت یان شەراب یان زەیت یان هەر خواردنێک کەوت، ئایا ئەم خواردنە پیرۆز دەبێت؟“»

کاهینەکانیش وەڵامیان دایەوە گوتیان: «نەخێر.»

13 ئینجا حەگەی گوتی: «ئەگەر کەسێک بە مردووێک گڵاو بووبێت، دەست لە یەکێک لەم خواردنانە بدات، ئایا ئەم خواردنە گڵاو دەبێت؟»

کاهینەکان وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «بەڵێ، گڵاو دەبێت.»

14 ئینجا حەگەی وەڵامی دایەوە و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت: ”ئەم گەلە و ئەم نەتەوەیە لەبەردەمم ئاوان. هەموو کردەوەکانی دەستیان و ئەوەی لەوێ پێشکەشی دەکەن گڵاوە.

15 «”ئێستاش لەمڕۆوە لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕابمێنن: پێش ئەوەی لە پەرستگای یەزدان بەردێک بخرێتە سەر بەردێک. 16 لەو ڕۆژانە یەکێکتان دەهاتە سەر خەرمانی گەنم بیست ڕبە ببات، تەنها دە هەبوو. دەهاتە سەر قەڕابەکە تاکو پەنجا قاپی لێ پڕ بکات، تەنها بیست هەبوو. 17 بە بای گەرمەسێر و کەڕوو و تەرزە لە هەموو کردەوەکانی دەستتانم دا، بەڵام ئێوە نەگەڕانەوە لام.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 18 ”لەم ڕۆژە بەدواوە ڕابمێنن، لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی نۆ، لەو ڕۆژەوە کە پەرستگای یەزدان دامەزرا. لێی ڕابمێنن: 19 ئایا هێشتا تۆو لە ئەمبارەکانە؟ ئەی مێو و هەنجیر و هەنار و داری زەیتوونیش هێشتا بەریان نەگرتووە؟

«”لەم ڕۆژەوە بەرەکەتدارت دەکەم.“»

دووەم پەترۆس 1:16-21

شایەتی نەگۆڕی نێردراوان

16 کاتێک هاتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و هێزەکەیمان پێ ناساندن، ئێمە بەدوای کۆمەڵە ئەفسانەیەکی زیرەکانەی هەڵبەستراو نەکەوتبووین، بەڵکو شایەتحاڵی پایەبەرزییەتی ئەو بووین. 17 ڕێز و شکۆی لە خودای باوک وەرگرت کاتێک ئەم دەنگەی لە شکۆداری پایەبەرزەوە بۆ هات: «ئەمەیە کوڕی خۆشەویستم، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»[a] 18 ئێمەش گوێمان لەم دەنگە بوو کە لە ئاسمانەوە هات، کاتێک لە شاخی پیرۆز لەگەڵی بووین.

19 هەروەها پەیامی پێغەمبەرانمان هەیە کە بە تەواوی پشتی پێ دەبەسترێت، چاک دەکەن کە گرنگی پێ بدەن، هەروەک چۆن گرنگی بەو چرایە دەدەن کە لە شوێنێکی تاریکدا دەدرەوشێتەوە هەتا ئەو کاتەی ڕۆژ دەبێتەوە و ئەستێرەی بەیان لە دڵتاندا هەڵدێت. 20 لە سەرووی هەموو شتێکەوە ئەمە بزانن، کە هیچ پێشبینییەک لە نووسراوە پیرۆزەکاندا بە لێکدانەوەی خودی پێغەمبەرەکە نەنووسراوە، 21 چونکە هەرگیز پێشبینی بە خواستی مرۆڤ نەهاتووە، بەڵکو ڕۆحی پیرۆز ڕابەرایەتی مرۆڤەکانی کردووە، بۆ ئەوەی پەیامی خودا ڕابگەیەنن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.