Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 142

هۆنراوەیەکی داود کە لە ئەشکەوت بوو. نوێژ.

142 پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم،
    بە دەنگی بەرز لە یەزدان دەپاڕێمەوە.
سکاڵای خۆمی لەبەردەم هەڵدەڕێژم،
    لەبەردەمی باسی تەنگانەکانی خۆم دەکەم.

لە کاتی ورەبەردانی ڕۆحم،
    تۆ شارەزای ڕێڕەوی منی.
لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆم،
    خەڵک تەڵەیان بۆم ناوەتەوە.
ئاوڕ بەلای ڕاستدا بدەوە و ببینە،
    کوا ناسیاوی من؟
پەناگا بۆ من قڕبووە،
    کوا پرسیارکەر لە ئەحواڵی من؟

ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد،
    گوتم: «تۆ پەناگای منی،
    لە خاکی زیندووان تۆ بەشی منی.»

بە وردی گوێ لە لاوانەوەم بگرە،
    چونکە زۆر زەلیلم،
لە دەست ڕاونەرانم دەربازم بکە،
    چونکە لە من بەهێزترن.
گیانم لە بەندیخانە دەربهێنە،
    بۆ ئەوەی ستایشی ناوت بکەم.
ئینجا ڕاستودروستان دەورم دەگرن،
    چونکە چاکەم لەگەڵ دەکەیت.

حەبەقوق 3:17-19

17 لەگەڵ ئەوەی دار هەنجیر گوڵ ناکات و
    دار مێوەکان هێشووە ترێیان نییە،
لەگەڵ ئەوەی دار زەیتوون بەر ناگرێت و
    کێڵگەکان خواردن بەرهەم ناهێنن،
لەگەڵ ئەوەی مەڕ لە پشتیر[a] دەبڕدرێتەوە و
    مانگا لەسەر ئاخوڕ نییە،
18 بەڵام من بە یەزدان دڵشاد دەبم،
    بە خودای ڕزگارکەرم دڵخۆش دەبم.

19 یەزدانی پەروەردگار هێزی منە،
    پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێدەکات،
    توانام پێ دەبەخشێت بچمە سەر بەرزاییەکان.

بۆ سەرۆکی گۆرانیبێژەکان، لەسەر ئامێرە ژێدارەکانم.

لۆقا 19:11-27

نموونەی دە مەناکە

11 کاتێک گوێیان لەمانە دەگرت، درێژەی پێدا و نموونەیەکی هێنایەوە، چونکە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو، وایان دەزانی کە پاشایەتی خودا خەریکە ئێستا دەردەکەوێت. 12 ئینجا فەرمووی: «پیاوماقوڵێک بۆ وڵاتێکی دوور ڕۆیشت، تاوەکو شانشینێک بۆ خۆی وەربگرێت و بێتەوە. 13 دە لە کۆیلەکانی خۆی بانگکرد و دە کیسە زیوی[a] پێدان و پێی گوتن، هەتا دێمەوە بازرگانی بکەن.

14 «بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە ڕقیان لێی بوو، شاندێکیان بەدوایدا نارد و گوتیان: ”نامانەوێت ئەمە پاشایەتیمان بکات.“

15 «ئەوە بوو کە گەڕایەوە پاشایەتییەکەی وەرگرتبوو، فەرمانی دا ئەو کۆیلانەی زیوەکەی پێدابوون بانگ بکرێنە لای، تاکو بزانێت چییان لە بازرگانی قازانج کردووە.

16 «یەکەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت دە کیسە زیوی قازانج کردووە.“

17 «ئەویش پێی گوت: ”ئافەرین کۆیلەی چاک، چونکە لە کەمترین شت دەستپاک بوویت، ببە بە فەرمانڕەوای دە شار.“

18 «دووەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت پێنج کیسە زیوی قازانج کردووە.“

19 «بەمەشیانی گوت: ”تۆش ببە بە فەرمانڕەوای پێنج شار.“

20 «ئەوی دیکە هات و گوتی: ”گەورەم ئەوەتا کیسە زیوەکەت، لە دەستەسڕێک پێچابوومەوە و هەڵمگرتبوو. 21 لە ڕاستیدا لێت ترسام، لەبەر ئەوەی پیاوێکی سەختیت، ئەوەی داتنەناوە دەیبەیت و ئەوەی نەتچاندووە دروێنەی دەکەیت.“

22 «ئەویش پێی گوت: ”ئەی کۆیلەی بەدکار، بە زارت تاوانبارت دەکەم، کە دەتزانی کابرایەکی توندم، ئەوەی دامنەناوە دەیبەم و ئەوەی نەمچاندووە دروێنەی دەکەم. 23 ئیتر بۆچی زیوەکەمت لە بانک دانەنا، کاتێک دەهاتمەوە لەگەڵ قازانجەکەی وەرمدەگرتەوە؟“

24 «بەوانەی گوت کە لەوێ ڕاوەستابوون: ”کیسە زیوەکەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە کیسە زیوەکەی پێیە.“

25 «ئەوانیش پێیان گوت: ”گەورەم، دە کیسە زیوی هەیە!“

26 «وەڵامی دایەوە: ”پێتان دەڵێم: ئەوەی هەیەتی پێی دەدرێت، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. 27 دوژمنانیشم، ئەوانەی نەیاندەویست پاشایەتییان بکەم، بیانهێننە ئێرە و لەبەردەمم بیانکوژن.“»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.