Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ئاسمانی نوێ و زەوی نوێ
17 «بڕوانن، من لە داهاتوودا ئاسمانی نوێ و
زەوی نوێ بەدی دەهێنم و
ئەوانەی پێشوو نە باس دەکرێن و
نە بە مێشکدا دێنەوە.
18 بەڵکو ئێوە بۆ هەتاهەتایە دڵخۆش و شاد بن
لەوەی من بەدی دەهێنم،
چونکە ئەوەتا من ئۆرشەلیمی شاد بەدی دەهێنم و
دانیشتووانەکەی دڵخۆش دەبن.
19 بە ئۆرشەلیم دڵخۆش دەبم و
بە گەلی خۆم شاد دەبم،
چیتر لەناویدا دەنگی گریان و هاوار نابیسترێت.
20 «چیتر لەوێ نە کۆرپەی تازە لەدایکبوو دەمرێت و
نە پیری لە تەمەن تێر نەخواردوو،
چونکە ئەوەی لە تەمەنی سەد ساڵی بمرێت گەنجە و
ئەوەی نەگات بە تەمەنی سەد ساڵی نەفرەت لێکراوە.
21 خانوو بنیاد دەنێن و نیشتەجێ دەبن،
ڕەز دەڕوێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
22 خانوو بنیاد نانێن و یەکێکی دیکە تێیدا دانیشێت،
ڕەز ناڕوێنن و یەکێکی دیکە بیخوات،
چونکە ڕۆژانی گەلەکەم
وەک ڕۆژانی دار[a] دەبێت و
هەڵبژێردراوانم خۆشی دەبینن
لە کردارەکانی دەستیان.
23 بەخۆڕایی ماندوو نابن و
بۆ تۆقاندن منداڵیان نابێت،
چونکە ئەوان نەوەی بەرەکەتپێدراوی یەزدانن و
وەچەکانیان لەگەڵیاندان.
24 جا بەر لەوەی نزا بکەن من وەڵام دەدەمەوە و
هێشتا ئەوان قسە دەکەن من گوێم لێیان دەبێت.
25 گورگ و بەرخ پێکەوە دەلەوەڕێن،
شێریش وەک مانگا گیا دەخوات،
بەڵام نانی مار خۆڵە.
لە هەموو کێوی پیرۆزم
نە زیان دەبەخشن و نە دەفەوتێنن،»
یەزدان دەفەرموێت.
گۆرانی ستایش
12 لەو ڕۆژەدا دەڵێیت:
«ئەی یەزدان، ستایشت دەکەم،
هەرچەندە لێم تووڕە بوویت،
بەڵام تووڕەییەکەت لە من دامرکایەوە و دڵت دامەوە.
2 ئەوەتا خودای ڕزگاریی من،
دڵنیا دەبم و ناترسم،
چونکە یەزدانی پەروەردگار هێز و سروودی منە و
ئەو بوو بە ڕزگاریم.»
3 بە شادییەوە ئاو دەکێشنەوە
لە کانییەکانی ڕزگاری.
4 لەو ڕۆژەدا دەڵێن:
«ستایشی یەزدان بکەن، ناوی ڕابگەیەنن،
وا بکەن کردارەکانی لەنێو گەلاندا زانراو بێت،
باسی ئەوە بکەن کە ناوی بەرز بووەتەوە.
5 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
چونکە کاری شکۆمەندانەی کردووە،
با ئەمە لە هەموو جیهاندا زانراو بێت.
6 ئەی نیشتەجێی سییۆن دەنگ بەرز بکەرەوە و هاوار بکە!
چونکە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل لەنێوتاندا مەزنە.»
ئاگاداری بۆ تەمبەڵەکان
6 ئێستاش خوشکان، برایان، بە ناوی عیسای مەسیحی گەورەمان ڕاتاندەسپێرین، لە هەر خوشک یان برایەک دوور بکەونەوە کە بە تەمبەڵی ژیان بەڕێ دەکات و بەگوێرەی ئەو نەریتە نییە کە لە ئێمە وەریگرتووە. 7 ئێوە خۆتان دەزانن کە دەبێت چۆن لاسایی ئێمە بکەنەوە، چونکە کاتێک لەلاتان بووین تەمبەڵ نەبووین، 8 بەخۆڕایی نانی کەسمان نەخواردووە، بەڵکو شەو و ڕۆژ بە ڕەنج و ماندووبوون کارمان کردووە، تاکو نەبینە بار بۆ کەستان. 9 ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی مافمان[a] نییە، بەڵکو بۆ ئەوەی خۆمان بکەین بە نموونە بۆ ئێوە تاکو لاساییمان بکەنەوە. 10 تەنانەت کاتێک لەلاتان بووین ئەم ڕاسپاردەیەمان پێدان: «ئەوەی حەز نەکات کار بکات، با نەخوات.»
11 ئێمە بیستوومانە هەندێکتان بە تەمبەڵی دەژین و کار ناکەن و خۆیان لە کاروباری کەسانی دیکەدا هەڵدەقورتێنن. 12 بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە ئامۆژگاری و فەرمان بەو کەسانە دەکەین کە بە هێمنی کار بکەن و نانی خۆیان بخۆن. 13 خوشک و برایان، ئێوەش واز لە چاکەکاری مەهێنن و بەردەوام بن.
نیشانەکانی کۆتایی سەردەم
5 هەندێک لە قوتابییەکانی عیسا باسی پەرستگایان دەکرد کە بە بەردی جوان و دیارییە تەرخانکراوەکان بۆ خودا ڕازێنراوەتەوە. بەڵام عیسا پێی فەرموون: 6 «ئەمەی دەیبینن، ڕۆژانێک دێت بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت کە نەڕووخێت.»
7 ئینجا لێیان پرسی: «مامۆستا، کەی ئەمانە ڕوودەدەن، چ نیشانەیەک لە کاتی نزیکبوونەوەیاندا دەردەکەوێت؟»
8 فەرمووی: «وریابن هەڵنەخەڵەتێن، چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن: ”من ئەوم،“ و ”کاتەکە نزیک بووەتەوە.“ دوایان مەکەون. 9 کاتێک گوێتان لە باسوخواسی جەنگ و شۆڕش دەبێت، مەتۆقن، چونکە جارێ دەبێ ئەم شتانە ببێت، بەڵام کۆتایی یەکسەر دوای ئەمە نایەت.»
10 ئینجا پێی فەرموون: «نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین. 11 لە زۆر شوێن بوومەلەرزەی گەورە و قاتوقڕی و دەرد دەبێت، ترس و نیشانەی گەورەش لە ئاسماندا دەبێت.
12 «بەڵام پێش هەموو ئەمانە دەتانگرن و دەتانچەوسێننەوە، دەدرێنە کەنیشت و بەندیخانەکان، لە پێناوی ناوی من دەبردرێنە لای پاشا و فەرمانڕەواکان. 13 بەو شێوەیە شایەتیم بۆ دەدەن. 14 ئەوەتان لە بیر بێت کە پێشوەخت نیگەرانی ئەوە مەبن کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن، 15 چونکە من دەم و داناییەکتان دەدەمێ کە هەموو بەرهەڵسکارانتان نەتوانن بەرگری بکەن و بەرپەرچی بدەنەوە. 16 تەنانەت دایک و باوک و برا، خزم و هاوڕێیانیش بە گرتنتان دەدەن، لێتان دەکوژن. 17 لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە. 18 بەڵام مووێکی سەرتان نافەوتێت. 19 بە خۆڕاگرتنتان خۆتان دەبەنەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.