Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 117

117 ئەی هەموو نەتەوەکان، ستایشی یەزدان بکەن!
    ئەی هەموو گەلان، ستایشی بکەن!
چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی بەسەرمانەوە گەورەیە،
    دڵسۆزی یەزدانیش هەتاهەتاییە.

هەلیلویا!

یەرمیا 30:18-24

18 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”من ڕاپێچکراوانی چادرەکانی یاقوب دەگەڕێنمەوە،
    بەزەییم بە نشینگەکانی دێتەوە.
شار لەسەر گردەکەی خۆی بنیاد دەنرێتەوە،
    کۆشک لە شوێنی خۆی بنیاد دەنرێتەوە.
19 دەنگی گۆرانی سوپاسگوزاری و
    بەزمیان لێ بەرز دەبێتەوە.
ژمارەیان زۆر دەکەم و
    کەم نابن،
ڕێزیان لێ دەنێم و
    بچووک نابن.
20 کوڕەکانی وەک جاری جاران دەبن،
    کۆمەڵەکەی لەبەردەمم دەچەسپێت،
    سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە ستەمی لێ دەکەن.
21 میرەکەیان یەکێک دەبێت لەنێو خۆیان،
    فەرمانڕەواکەیان لە خۆیان هەڵدەکەوێت.
لە خۆمی نزیک دەکەمەوە و لێم نزیک دەبێتەوە،
    چونکە کەس ناوێرێت بەبێ ویستی من لێم نزیک بێتەوە.“»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
22 «”ئێوە دەبن بە گەلی من و
    منیش دەبم بە خودای ئێوە.“»

23 ئەوەتا گەردەلوولی یەزدان
    تووڕەییە هەڵدەچێت،
گەردەلوولێکی ڕاماڵە،
    لەسەر سەری بەدکاران هەڵدەکات.
24 گڕی تووڕەیی یەزدان دانامرکێتەوە
    هەتا نیازەکانی دڵی خۆی
    بە تەواوی بەجێنەگەیەنێت.
لە ڕۆژانی داهاتوودا
    لەمە تێ دەگەن.

ئاشکراکردن 22:8-21

من یۆحەنام، ئەوەی کە ئەم شتانەم بینی و بیستم. کاتێک بینیم و بیستم، کەوتم بۆ ئەوەی لەبەرپێی ئەو فریشتەیە کڕنۆش ببەم کە ئەم شتانەی پیشاندەدام. جا پێی گوتم: «وا مەکە! منیش وەک تۆ بەندەی هاوکارتم، لەگەڵ خوشک و برا پێغەمبەرەکانت و ئەوانەی پەیامی ئەم پەڕتووکە پەیڕەو دەکەن. کڕنۆش بۆ خودا ببە!»

10 هەروەها پێی گوتم: «پەیامی پێشبینییەکانی ئەم پەڕتووکە مەشارەوە، چونکە کاتەکە نزیکە. 11 ئەوەی ستەمکارە با هەر ستەمکاری بکات، ئەوەی گڵاوە با هەر گڵاو بێت، ئەوەی ڕاستودروستە با هەر کاری ڕاستودروست بکات، ئەوەی پیرۆزیشە با هەر پیرۆز بێت.

12 «ئەوەتا بە پەلە دێم! پاداشتی خۆم پێیە، تاکو پاداشتی هەرکەسێک بەگوێرەی کارەکەی بدەمەوە. 13 من ئەلف و یێم، یەکەمین و دواهەمینم، سەرەتا و کۆتاییم.

14 «خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی جلەکانیان دەشۆن، تاکو مافیان لە درەختی ژیان هەبێت و لە دەرگاکانەوە بچنە ناو شارەکە. 15 سەگەکان و جادووگەران و داوێنپیسان و بکوژان و بتپەرستان و هەموو درۆزن و ئەوانەی حەز لە درۆ دەکەن لە دەرەوە دەبن.

16 «من عیسام، فریشتەکەمم نارد تاکو بەم شتانە شایەتی بۆ کڵێساکان بدەم. من لە ڕەگ و نەوەی داودم، ئەستێرەی بەیانی پڕشنگدار.»

17 ڕۆحی پیرۆز و بووک دەفەرموون: «وەرە!» ئەوەی گوێی لێیە با بڵێت: «وەرە!» ئەوەی تینوویەتی با بێت، ئەوەی دەیەوێت با بەخۆڕایی ئاوی ژیان ببات.

18 من ئاگاداری هەموو ئەوانە دەکەمەوە کە گوێیان لە وشەکانی پێشبینیی ئەم پەڕتووکە دەبێت، هەرکەسێک وشەیەک بۆ ئەم پێشبینییانە زیاد بکات ئەوا خودا ئەو دەردانەی لەسەر زیاد دەکات کە لەم پەڕتووکەدا نووسراون. 19 ئەگەر کەسێکیش وشەیەکی پێشبینییەکانی ئەم پەڕتووکە بسڕێتەوە، خودا لە درەختی ژیان و لە شارە پیرۆزەکە بێبەشی دەکات، ئەوەی لەم پەڕتووکەدا نووسراون.

20 شایەتی ئەمانە دەفەرموێ: «بەڵێ، بە پەلە دێم.»

ئامین! وەرە، عیسای خاوەن شکۆ.

21 با نیعمەتی عیسای خاوەن شکۆ لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.