Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
97 یەزدان پاشایەتی دەکات، با زەوی دڵخۆش بێت،
دوورگە زۆرەکان شادمان بن.
2 هەور و تەم لە دەوروپشتی ئەوە،
ڕاستودروستی و دادپەروەری بنچینەی تەختی ئەوە.
3 ئاگر لەپێشیەوە،
دوژمنەکانی دەوروبەری دەسووتێنێت.
4 بروسکەکانی جیهان ڕووناک دەکەنەوە،
زەوی چاوی پێکەوت و لەرزی.
5 چیاکان وەک مۆم لەبەردەم یەزدان توانەوە،
لەبەردەم یەزدانی هەموو زەوی.
6 ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت،
هەموو گەلان شکۆمەندی ئەویان بینی.
7 ئەوانەی پەیکەر دەپەرستن شەرمەزار دەبن،
ئەوانەی شانازی بە بت دەکەن.
ئەی هەموو خوداوەندەکان، کڕنۆشی بۆ ببەن.
8 سییۆن بیستی و شادمان بوو،
کچانی یەهودا دڵخۆش بوون،
بە حوکمەکانت، ئەی یەزدان.
9 چونکە ئەی یەزدان، لەسەر هەموو زەوی تۆ هەرەبەرزی.
لەسەر هەموو خوداوەندەکان زۆر بەرزبوویتەوە.
10 دۆستانی یەزدان ڕقیان لە بەدکاری دەبێتەوە،
گیانی خۆشەویستانی دەپارێزێت،
لە دەست خراپەکاران دەربازیان دەکات.
11 ڕووناکی بۆ ڕاستودروستان چێنراوە،
شادی بۆ دڵڕاستەکان.
12 ئەی ڕاستودروستان، بە یەزدان شاد بن،
ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.
موسا و شکۆمەندی یەزدان
12 موسا بە یەزدانی گوت: «بڕوانە، تۆ بە منت فەرموو: ”ئەم گەلە سەربخە،“ بەڵام تۆ پێت نەناساندم کە کێ لەگەڵم دەنێریت، هەروەها تۆ فەرمووت: ”دەتناسم و ناویشت دەزانم و پەسەندیت لەبەرچاوم.“ 13 ئێستاش ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، ڕێگای خۆتم فێر بکە، بۆ ئەوەی بتناسم، هەتا لەبەرچاوت پەسەند بم، هەروەها ببینە ئەم نەتەوەیەی کە گەلی خۆتە.»
14 یەزدان فەرمووی: «من لەگەڵتان دەبم و لەگەڵتان دەڕۆم و دەتانحەسێنمەوە.»
15 موساش پێی گوت: «ئەگەر تۆ لەگەڵمان نەبیت و لەگەڵمان نەڕۆیت، لێرەوە سەرمان مەخە. 16 بە چیش دەزانرێت کە من و گەلەکەت لەبەرچاوت پەسەندین، ئایا بە ڕۆیشتنت نییە لەگەڵمان؟ بەمە لە هەموو گەلانی سەر ڕووی زەوی جیا دەکرێینەوە.»
17 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەروەها ئەم شتەش دەکەم کە باست کرد، چونکە لەبەرچاوم پەسەند بوویت و بە ناوت تۆم ناسی.»
6 پاشان پێی فەرمووم: «ئەم وشانە متمانەدار و ڕاستن. خودای پەروەردگاری ڕۆحی پێغەمبەران، فریشتەکەی خۆی نارد تاکو ئەو شتانە پیشانی بەندەکانی خۆی بدات کە دەبێت زوو ڕووبدەن.»
من بە پەلە دێم
7 «ئەوەتا بە پەلە دێم! خۆزگە دەخوازرێت بەوەی پێشبینییەکانی ئەم پەڕتووکە وشە بە وشە پەیڕەو دەکات.»
8 من یۆحەنام، ئەوەی کە ئەم شتانەم بینی و بیستم. کاتێک بینیم و بیستم، کەوتم بۆ ئەوەی لەبەرپێی ئەو فریشتەیە کڕنۆش ببەم کە ئەم شتانەی پیشاندەدام. 9 جا پێی گوتم: «وا مەکە! منیش وەک تۆ بەندەی هاوکارتم، لەگەڵ خوشک و برا پێغەمبەرەکانت و ئەوانەی پەیامی ئەم پەڕتووکە پەیڕەو دەکەن. کڕنۆش بۆ خودا ببە!»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.