Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
23 یەزدان شوانی منە، پێویستم بە هیچ نابێت.
2 لە لەوەڕگای سەوزدا دەملەوەڕێنێت و
دەمباتە سەر ئاوی هێمن و سازگار،
3 گیانم دەبووژێنێتەوە.
بەرەو ڕێگای ڕاستودروستی ڕێنماییم دەکات
لە پێناوی ناوی خۆی.
4 ئەگەر تەنانەت بەناو دۆڵی سێبەری مەرگیشدا بڕۆم،
لە هیچ خراپەیەک ناترسم،
لەبەر ئەوەی تۆ لەگەڵمدای،
گۆچان و داردەستەکەت دڵنەواییم دەکەن.
5 سفرەم بۆ ئامادە دەکەیت لەبەردەم دوژمنانم،
زەیت لە سەرم دەدەیت بۆ دەستنیشانکردنم،
جامەکەم لێوانلێو دەکەیت.
6 بێگومان بە درێژایی ژیانم چاکە و خۆشەویستی نەگۆڕ بەدوام دەکەون،
بۆ هەتاهەتایە لە ماڵی یەزدان دەژیم.
سەپاندنی حوکمی یەزدان
11 ئینجا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی هێنایە لای دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ماڵی یەزدان. بیست و پێنج پیاو لەبەر دەروازەکە بوون و لەنێویاندا دوو ڕابەری گەل، یازەنیاهوی کوڕی عەزور و پەلەتیای کوڕی بەنایام بینی. 2 یەزدان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەوانە ئەو پیاوانەن کە بیر لە بەدکاری دەکەنەوە، لەم شارە پیلان دادەڕێژن و ڕاوێژی خراپ پێشکەش دەکەن، 3 دەڵێن: ”کاتەکە لەبار نییە بۆ دروستکردنی خانوو، شار مەنجەڵە و ئێمەش گۆشتەکەین.“ 4 لەبەر ئەوە پێشبینی بکە لەسەریان، ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە!»
5 جا ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم و پێی فەرمووم: «بڵێ، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە وا دەڵێن، بەڵام من دەزانم چی لەژێر سەرتانە. 6 زۆرتان لەو شارە کوشتووە، کۆڵانەکانیتان پڕکرد لە کوژراو.
7 «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەوانەی ئێوە کوشتتان و فڕێتاندانە ناوەڕاستی شارەکە، ئەوان گۆشتن و شاریش مەنجەڵەکە، ئێوەش لەناوەڕاستی دەردەکەم. 8 ئێوە لە شمشێر دەترسن، شمشێرتان دەهێنمە سەر. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 9 لە شار دەرتاندەهێنم و دەتاندەمە دەست بێگانە، سزاتان دەدەم. 10 بە شمشێر دەکوژرێن، لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. 11 ئەم شارە بۆ ئێوە نابێت بە مەنجەڵ و ئێوەش نابن بە گۆشتەکەی ناوی، بەڵکو لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم. 12 ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، چونکە ڕێگای فەرزەکانی منتان پەیڕەو نەکردووە و کارتان بە حوکمەکانی من نەکردووە، بەڵکو بەپێی بنەماکانی نەتەوەکانی دەوروبەری خۆتان ڕۆیشتن.»
13 کاتێک کە پێشبینیم دەکرد، پەلەتیای کوڕی بەنایا مرد. جا بەسەر ڕوومدا کەوتم و بە دەنگێکی بەرز هاوارم کرد و گوتم: «ئای یەزدانی باڵادەست! ئایا تۆ پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی لەناودەبەیت؟»
14 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 15 «ئەی کوڕی مرۆڤ، دانیشتووانی ئۆرشەلیم سەبارەت بە براکانت، خزمەکانی خۆت و هەموو ڕاپێچکراوانی گەلی ئیسرائیل، گوتیان: ”ئەوان لە یەزدان دوورکەوتنەوە، لەبەر ئەوە یەزدان خاکەکەی بە میرات بە ئێمە بەخشی.“
بەڵێنی کۆکردنەوەی ئیسرائیل
16 «لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەرچەندە بۆ ناو نەتەوەکانیش دوورم خستبنەوە و بەناو خاکەکاندا پەرتەوازەم کردبن، بۆ ماوەیەکی کەم بۆ ئەوان بووم بە پەناگایەکی پیرۆز لەو خاکانەی کە بۆی چوون.“
17 «لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لەنێو گەلان کۆتان دەکەمەوە و لەناو ئەو خاکانەی تێیدا پەرتەوازە بوونە دەتانگەڕێنمەوە و خاکی ئیسرائیلتان پێدەدەمەوە.“
18 «بۆ ئەوێ دەگەڕێنەوە و هەموو وێنەیەکی قێزەون و بتێکی گڵاوی لێ دادەماڵن. 19 یەک دڵیان دەدەمێ، ڕۆحێکی تازە دەخەمە ناویانەوە. ئەو دڵە بەردینەیان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینیان دەدەمێ، 20 بۆ ئەوەی ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بپارێزن و کاری پێ بکەن، ببن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان. 21 بەڵام ئەوانەی دڵیان بەدوای وێنەی قێزەون و بتی گڵاو کەوتووە، من کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
22 ئینجا کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و چەرخەکانیش لەگەڵیان، شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو. 23 شکۆمەندی یەزدان لەسەر ناوەڕاستی شارەکە بەرزبووەوە و لەسەر ئەو کێوە ڕاوەستا کە لە ڕۆژهەڵاتی شارەکەیە. 24 ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و لە بینیندا منی هێنایە خاکی بابلییەکان بۆ لای ڕاپێچکراوەکان.
لێرەدا ئەو بینینە لەبەرچاوم نەما، 25 ئیتر هەموو ئەوەی یەزدان پیشانی دام بە ڕاپێچکراوەکانم ڕاگەیاند.
تۆمار و بەرخە سەربڕدراوەکە
5 لەلای دەستە ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکەوە تۆمارێکم بینی لە هەردوو ڕووی نووسرا بوو، بە حەوت مۆریش مۆر کرابوو. 2 هەروەها فریشتەیەکی بەهێزم بینی بە دەنگێکی بەرز هاواری دەکرد: «کێ شایستەی ئەوەیە تۆمارەکە بکاتەوە و مۆرەکانی بشکێنێت؟» 3 کەس نەبوو، نە لە ئاسمان و نە لەسەر زەوی و نە لەژێر زەوی بتوانێت تۆمارەکە بکاتەوە یاخود تەماشای بکات. 4 دەستم بە گریانێکی زۆر کرد، چونکە کەس شایستەی ئەوە نەبوو تۆمارەکە بکاتەوە یان تەماشای ناوەوەی بکات. 5 یەکێک لە پیرەکان پێی گوتم: «مەگریێ، ئەوەتا ئەو شێرەی لە هۆزی یەهودایە و لە ڕەگی داودە[a] سەرکەوتنی بەدەستهێنا، تۆمارەکە دەکاتەوە و حەوت مۆرەکەی دەشکێنێت.»
6 ئینجا لەناوەڕاستی تەختەکە بەرخێکم بینی وەستا بوو وەک سەربڕدرابێت وابوو، چوار بوونەوەرەکە و پیرەکانیش بەدەوریدا بوون. بەرخەکە حەوت شاخ و حەوت چاوی هەبوو، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان بۆ هەموو زەوی نێردراون. 7 هات و تۆمارەکەی لە دەستی ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکە وەرگرت. 8 کاتێک تۆمارەکەی وەرگرت، چوار بوونەوەرەکە و بیست و چوار پیرەکە کەوتنە بەردەم بەرخەکە، هەریەکەیان قیسارە و جامی زێڕینی پڕ بخووریان پێبوو، ئەوەش نوێژەکانی گەلی پیرۆزی خودایە، 9 سروودێکی نوێشیان دەگوت:
«تۆ شایستەی ئەوەی تۆمارەکە ببەیت و
مۆرەکانی بکەیتەوە،
چونکە تۆ سەربڕایت و بە خوێنی خۆت خەڵکت بۆ خودا کڕییەوە،
لە هەموو خێڵ و زمان و گەل و نەتەوەیەک.
10 ئەوانیشت کردە شانشین و کاهین بۆ خودامان و
فەرمانڕەوایەتی زەوی دەکەن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.