Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
کردار 9:1-6

مەسیح شاول دەگۆڕێت

شاول هێشتا هەڕەشەی لە قوتابییەکانی عیسای خاوەن شکۆ دەکرد و هەوڵی کوشتنی دەدان. چوو بۆ لای سەرۆکی کاهینان، داوای نامەی لێکرد بۆ کەنیشتەکانی دیمەشق، تاکو ئەگەر یەکێک ببینێت و سەر بە ڕێگاکە[a] بێت، چ ژن و چ پیاو، بە بەندکراوی بۆ ئۆرشەلیمیان ببات. کە دەڕۆیشت و لە دیمەشق نزیک بووەوە، لەپڕ ڕووناکییەک لە ئاسمانەوە لە دەوروبەری بریسکەی دایەوە، کەوتە سەر زەوی و گوێی لە دەنگێک بوو، پێی فەرموو: «شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟»

شاول پرسیاری کرد: «گەورەم، تۆ کێیت؟»

فەرمووی: «من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە. ⌟بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی.⌞ بەڵام هەستە، بڕۆ ناو شار، لەوێ پێت دەگوترێ دەبێ چی بکەیت.»

کردار 9:7-20

پیاوانی گەشتیار کە لەگەڵی بوون بە بێدەنگی وەستان، دەنگەکەیان بیست بەڵام کەسیان نەبینی. شاول لەسەر زەوییەکە هەستایەوە، چاوی کرابووەوە و هیچی نەدەبینی، دەستیان گرت و هێنایانە ناو دیمەشق. سێ ڕۆژان هیچی نەبینی، هیچی نەخوارد و هیچی نەخواردەوە.

10 لە دیمەشق قوتابییەک هەبوو ناوی حەنانیا بوو، مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینیندا پێی فەرموو: «حەنانیا!»

گوتی: «ئەوەتام گەورەم!»

11 مەسیح پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ ئەو شەقامەی پێی دەگوترێ ڕاست، لە ماڵی یەهوزا پرسیار لە پیاوێکی تەرسۆسی بکە ناوی شاولە، وا نوێژ دەکات. 12 لە بینیندا پیاوێکی بۆ دەرکەوت بە ناوی حەنانیا کە دێتە لای و دەستی لە سەری دادەنێت تاکو بینایی بۆ بگەڕێتەوە.»

13 حەنانیا وەڵامی دایەوە: «گەورەم، لە زۆر کەس ئەو خراپانەم بیستووەتەوە کە ئەم پیاوە لە ئۆرشەلیم بە گەلە پیرۆزەکەی تۆی کردووە. 14 ئەوەتا لێرە لە کاهینانی باڵاوە دەسەڵاتی هەیە، هەموو ئەوانە بگرێت کە بە ناوی تۆ دەپاڕێنەوە.»

15 بەڵام مەسیح پێی فەرموو: «بڕۆ! ئەم پیاوە بۆ من ئامێرێکی هەڵبژێردراوە بۆ هەڵگرتنی ناوی من لەبەردەم نەتەوەکان و پاشایان و نەوەی ئیسرائیل. 16 پیشانی دەدەم دەبێت لەبەر ناوی من چەند ئازار بچێژێت.»

17 حەنانیاش ڕۆیشت و چووە ماڵەکە، دەستی لەسەری دانا و گوتی: «برام شاول، عیسای خاوەن شکۆ منی ناردووە، ئەوەی لەو ڕێگایەی پێیدا هاتی بۆت دەرکەوت، تاکو دیسان ببینیت و پڕبیت لە ڕۆحی پیرۆز.» 18 دەستبەجێ شتێکی وەک توێکڵ لە چاوەکانی کەوتە خوارەوە، ئینجا بینی، هەستا و لە ئاو هەڵکێشرا. 19 نانی خوارد، هێزی هاتەوە بەر و بۆ چەند ڕۆژێک لە دیمەشق لەگەڵ قوتابییەکان بوو.

مژدەدانی شاول لە دیمەشق

20 یەکسەر لە کەنیشتەکاندا عیسای ڕادەگەیاند، کە کوڕی خودایە.

زەبوورەکان 30

زەبوورێکی داود.

گۆرانییەک بۆ تەرخانکردنی پەرستگا.[a]

30 ئەی یەزدان، بە گەورەت دەزانم،
    چونکە هەڵتکێشام و
    نەتهێشت دوژمنەکانم شانازیم بەسەردا بکەن.
ئەی یەزدان، خودای من، هاوارم بۆ تۆ هێنا،
    تۆش چاکت کردمەوە.
ئەی یەزدان، تۆ گیانی منت لەناو جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە،
    منت دەرباز کرد لەوەی شۆڕببمەوە ناو گۆڕ.

ئەی خۆشەویستانی یەزدان، گۆرانی بۆ بڵێن،
    ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.
چونکە تووڕەبوونی تەنها چرکەیەکە،
    بەڵام ڕەزامەندی بە درێژایی ژیانە.
ڕەنگە گریان بۆ شەوێ بمێنێت،
    بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەلهەلە دێنێت.

کاتێک هەستم بە دڵنیایی کرد گوتم:
    «هەرگیز نالەقێم.»
ئەی یەزدان، بە ڕەزامەندی خۆت،
    منت وەک چیایەکی بەهێز چەسپاند،
بەڵام کە ڕووی خۆتت لە من شاردەوە،
    پەرێشان بووم.

ئەی یەزدان، من هاوارم بۆ تۆ هێنا،
    من لە پەروەردگار پاڕامەوە:
«مەرگی من سوودی چی تێدایە،
    ئەگەر من شۆڕ ببمەوە ناو گۆڕ؟
ئایا خۆڵ ستایشت دەکات؟
    ئایا دڵسۆزیت ڕادەگەیەنێت؟
10 ئەی یەزدان، گوێ بگرە و لەگەڵم میهرەبان بە!
    ئەی یەزدان، ببە بە یارمەتیدەرم!»

11 تۆ شینی منت گۆڕی بۆ شایی،
    جلوبەرگی گوشت[b] لەبەر داماڵیم و بەرگی شادیت لەبەرکردم،
12 بۆ ئەوەی دڵم گۆرانیت بۆ بڵێت و بێدەنگ نەبێت.
    ئەی یەزدان، خودای من، هەتاهەتایە هەر ستایشت دەکەم.

ئاشکراکردن 5:11-14

11 ئینجا تەماشام کرد و گوێم لە دەنگی فریشتەیەکی زۆر بوو لە دەوری تەختەکە و بوونەوەرەکان و پیرەکان، ژمارەیان هەزاران هەزار و دەیان هەزار دە هەزار دەبوو، 12 بە دەنگێکی بەرز دەیانگوت:

«بەرخە سەربڕدراوەکە شایستەی وەرگرتنی
    توانا و دەوڵەمەندی و دانایی و هێز و
    ڕێز و شکۆ و ستایشە!»

13 هەموو بوونەوەرێکی ئاسمان و زەوی و ژێر زەوی و ناو دەریاش، هەموو ئەوانەی لەوێدا بوون، بیستم دەیانگوت:

«با ستایش و ڕێز و شکۆ و توانا،
    بۆ دانیشتووی سەر تەختەکە و
    بەرخەکە بێت، هەتاهەتایە!»

14 چوار بوونەوەرەکەش دەیانگوت: «ئامین»، پیرەکانیش کەوتن و کڕنۆشیان برد.

یۆحەنا 21:1-19

دەرکەوتنی عیسا لەسەر دەریاچە

21 دوای ئەمە دیسان عیسا لە دەریاچەی جەلیل[a] خۆی بۆ قوتابییەکان دەرخست. بەم شێوەیە خۆی دەرخست: شیمۆن پەترۆس و تۆماس کە بە دیدمۆس ناسراوە، لەگەڵ ناتانئیل کە خەڵکی قانای جەلیل بوو، هەروەها کوڕەکانی زەبدی و دوو قوتابی دیکەی ئەو پێکەوە بوون. شیمۆن پەترۆس پێی گوتن: «بۆ ڕاو دەچم.» پێیان گوت: «ئێمەش لەگەڵت دێین.» ئینجا ڕۆیشتن و سواری بەلەم بوون، بەڵام لەو شەوەدا هیچیان نەگرت.

کاتی بەرەبەیان، عیسا لەسەر کەنارەکە وەستا، بەڵام قوتابییەکان نەیانزانی ئەوە عیسایە.

عیسا پێی فەرموون: «کوڕینە، هیچ ماسیتان پێنییە؟» وەڵامیان دایەوە: «نەخێر.»

پێی فەرموون: «تۆڕەکە هەڵبدەنە لای ڕاستی بەلەمەکە، ماسی دەبیننەوە.» جا هەڵیاندا و ئیتر لەبەر زۆری ئەو ماسییانەی تێیدا بوو نەیانتوانی تۆڕەکە ڕابکێشنە ناو بەلەمەکە.

ئەو قوتابییەی عیسا خۆشی دەویست بە پەترۆسی گوت: «ئەوە عیسای خاوەن شکۆیە!» کاتێک پەترۆس بیستی «ئەوە عیسای خاوەن شکۆیە،» خۆی بە جلەکانی داپۆشی چونکە ڕووت بوو، خۆی هەڵدایە ناو ئاوەکەوە. قوتابییەکانی دیکە بە بەلەمەکە هاتن و تۆڕی ماسییەکەیان ڕادەکێشا، چونکە لە وشکانی دوور نەبوون، تەنها دوو سەد باڵ[b]. کاتێک دابەزینە وشکانی، بینییان وا خەڵووز ئامادە کراوە و ماسی خراوەتە سەری و نان دانراوە.

10 عیسا پێی فەرموون: «لەو ماسییانە بهێنن کە ئێستا گرتتان.»

11 شیمۆن پەترۆسیش سەرکەوت و تۆڕەکەی ڕاکێشایە سەر وشکانی، سەد و پەنجا و سێ ماسی گەورەی تێدابوو، لەگەڵ زۆریەکەشی تۆڕەکە نەدڕا. 12 عیسا پێی فەرموون: «وەرن بخۆن.» هیچ کام لە قوتابییەکان نەیانوێرا پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» زانییان عیسای خاوەن شکۆیە. 13 عیسا هات، نانەکەی هەڵگرت و پێیدان، ماسییەکەش بە هەمان شێوە. 14 ئەمە سێیەم جارە عیسا بۆ قوتابییەکان دەربکەوێت پاش هەستانەوەی لەنێو مردوواندا.

گەڕانەوەی پەترۆس بۆ خزمەت

15 دوای ئەوەی نانیان خوارد عیسا بە شیمۆن پەترۆسی فەرموو: «شیمۆنی یۆنا، منت لەوانە خۆشتر دەوێت؟»

پێی گوت: «بەڵێ گەورەم، دەزانیت کە تۆم خۆشدەوێت.»

پێی فەرموو: «بەرخەکانم بلەوەڕێنە.»

16 دیسان پێی فەرمووەوە: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟»

پێی گوت: «بەڵێ گەورەم، دەزانیت خۆشمدەوێیت.»

پێی فەرموو: «ببە بە شوانی مەڕەکانم.»

17 سێیەم جار پێی فەرموو: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟»

پەترۆس دڵگران بوو، چونکە سێ جار پێی فەرموو: «منت خۆشدەوێت؟» پێی گوت: «ئەی گەورەم، هەموو شتێک دەزانیت. دەزانیت کە خۆشمدەوێیت.»

عیسا پێی فەرموو: «مەڕەکانم بلەوەڕێنە. 18 ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، کاتێک گەنج بوویت پشتێنەکەتت دەبەست و بۆ هەرکوێ دەتویست، دەچوویت. بەڵام کاتێک پیر دەبیت دەستت درێژ دەکەیت و یەکێکی دیکە پشتێنەکەت دەبەستێت و دەتباتە شوێنێک کە ناتەوێت.» 19 ئەمەی گوت وەک ئاماژەکردنێک بۆ مردنی پەترۆس کە بە هۆیەوە شکۆداریی خودا دەردەخات. لەدوای ئەمە پێی فەرموو: «دوام بکەوە!»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.