Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.
133 ئەوەتا چەند باشە و چەند جوانە،
کاتێک گەلی خودا پێکەوە بژین!
2 وەک ڕۆنی بۆن خۆشە بەسەر سەرەوە،
کە بەسەر ڕیشدا دێتە خوارێ، ڕیشی هارون،
کە بەسەر یەخەی کراسەکەیدا دێتە خوارێ.
3 وەک شەونمی حەرمۆن[a] کە دێتە خوارێ
بەسەر کێوی سییۆن،
چونکە لەوێ یەزدان فەرمانی بە بەرەکەت دا، ژیانی هەتاهەتایی.
4 داودیش پێی گوت: «ڕووداوەکە چۆن بوو؟ تکایە پێم ڕابگەیەنە.»
ئەویش گوتی:[a] «جەنگاوەران لە جەنگەکەدا هەڵاتن، زۆربەی جەنگاوەران کەوتن و مردن، شاول و یۆناتانی کوڕیشی مردن.»
5 داودیش بەو گەنجەی گوت کە هەواڵەکەی پێی ڕاگەیاندبوو: «چۆن زانیت شاول و یۆناتانی کوڕی مردوون؟»
6 گەنجەکەش پێی گوت: «وا ڕێککەوت من لە کێوی گلبۆع بووم، بینیم شاول بەسەر ڕمەکەیدا دەچەمایەوە، گالیسکە و سوارەکانیش بە توندی بەدوایەوە بوون. 7 ئاوڕی لەدوای خۆی دایەوە و منی بینی، بانگی کردم، منیش گوتم: ”ئەوەتام.“
8 «لێی پرسیم: ”تۆ کێیت؟“
«منیش وەڵامم دایەوە: ”من عەمالێقیم.“
9 «ئینجا پێی گوتم: ”تکایە، وەرە سەرم و بمکوژە! لە سەرەمەرگدام، بەڵام هێشتا ژیانم تێدا ماوە.“
10 «منیش چوومە سەری و کوشتم، چونکە زانیم پاش کەوتنەکەی ناژیێت، ئیتر تاجەکەی سەر سەری و بازنەکەی کە بە قۆڵییەوە بوو بردم و ئەوانەم بۆ لای گەورەم هێناوە.»
11 داود جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی، بە هەمان شێوە هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵی بوون. 12 لاوانەوە و گریان، هەتا ئێوارە بەڕۆژوو بوون، بۆ شاول و یۆناتانی کوڕی و هەموو سوپای یەزدان و بنەماڵەی ئیسرائیل، چونکە بە شمشێر کەوتن.
13 ئیتر داود بە گەنجەکەی گوت: «تۆ خەڵکی کوێیت؟»
ئەویش گوتی: «من کوڕی پیاوێکی عەمالێقی نامۆم.»
14 داودیش پێی گوت: «چۆن سڵت نەکردەوە لەوەی دەستت درێژ بکەیت هەتا دەستنیشانکراوی یەزدان لەناو ببەیت؟»
15 ئینجا داود یەکێک لە خزمەتکارەکانی بانگکرد و گوتی: «وەرە پێشەوە و بیکوژە!» ئەویش لێیدا و مرد. 16 لەبەر ئەوەی داود پێی گوتبوو: «خوێنی خۆت لە ملی خۆتە، چونکە دەمت شایەتی لەسەر دایت و گوتت: ”من دەستنیشانکراوی یەزدانم کوشت.“»
لاواندنەوەی داود بۆ شاول و یۆناتان
17 داود بەم لاوانەوەیە بۆ شاول و یۆناتانی کوڕی لاواندییەوە و 18 فەرمانی دا کە نەوەی یەهودا ئەم لاواندنەوەیەی کەوان فێر بن. ئەوە لە پەڕتووکی یاشاردا[b] نووسراوە:
19 «ئەی ئیسرائیل! ئای چۆن قارەمانان کەوتن!
شکۆمەندییەکەت لەسەر بەرزاییەکانت کوژراوە.
20 «لە گەت ڕایمەگەیەنن،
لە شەقامەکانی ئەسقەلان مژدە مەدەن،
نەوەک کچانی فەلەستییەکان دڵخۆش بن،
نەوەک کچانی خەتەنە نەکراوان پێمان خۆش بن.
21 «ئەی چیاکانی گلبۆع،
با شەونم و بارانتان بەسەرەوە نەبێت،
نە کێڵگەکانت پێشکەشکراوی دانەوێڵە،
چونکە لەوێ قەڵغانی پاڵەوانان گڵاو بووە،
قەڵغانەکەی شاول، بێ چەورکردنی بە ڕۆن.
22 «لە خوێنی کوژراوان و
لە جەستەی پاڵەوانان
کەوانەکەی یۆناتان نەگەڕایەوە دواوە و
شمشێرەکەی شاولیش بە بەتاڵی نەگەڕایەوە.
23 شاول و یۆناتان،
لە ژیانیاندا خۆشەویست و شیرین بوون،
لە مەرگیشدا لە یەکتر جیا نەبوونەوە.
لە هەڵۆ تیژڕەوتر و
لە شێر بەهێزتر بوون.
24 «ئەی کچانی ئیسرائیل،
بۆ شاول بگریێن،
ئەوەی بەرگی سوور و نەرمی لەبەرکردن،
ئەوەی خشڵی زێڕی بە کراسەکانتانەوە کرد.
25 «ئای چۆن قارەمانان لەناو جەرگەی جەنگدا کەوتن!
یۆناتان لەسەر بەرزاییەکانتدا کوژرا.
26 یۆناتانی برام، دڵم بۆت گوشرا،
زۆر شیرین بوویت لەلام،
خۆشەویستی تۆ بۆ من
لە خۆشەویستی خانمان سەیرتر بوو.
27 «ئای چۆن قارەمانان کەوتن!
چەکەکانی جەنگ لەناوچوون!»
27 لەو ڕۆژانەدا هەندێک پێغەمبەر لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە ئەنتاکیا، 28 یەکێک لەوان ناوی ئاگابۆس بوو، هەستا و لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە پێشبینیی کرد کە قاتوقڕییەکی گەورە هەموو جیهان دەگرێتەوە، ئەوەی لە سەردەمی کلودیۆسیش ڕوویدا. 29 بۆیە قوتابییەکان بڕیاریان دا هەریەکە بەگوێرەی توانای خۆی یارمەتی بنێرێت بۆ ئەو خوشک و برایانەی لە یەهودیا دەژین. 30 جا بەمە هەستان و بە دەستی بەرناباس و شاول بۆ پیرانییان نارد.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.