Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 133

گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.

133 ئەوەتا چەند باشە و چەند جوانە،
    کاتێک گەلی خودا پێکەوە بژین!

وەک ڕۆنی بۆن خۆشە بەسەر سەرەوە،
    کە بەسەر ڕیشدا دێتە خوارێ، ڕیشی هارون،
    کە بەسەر یەخەی کراسەکەیدا دێتە خوارێ.
وەک شەونمی حەرمۆن[a] کە دێتە خوارێ
    بەسەر کێوی سییۆن،
    چونکە لەوێ یەزدان فەرمانی بە بەرەکەت دا، ژیانی هەتاهەتایی.

یەکەم ساموئێل 20:1-23

داود و یۆناتان

20 پاشان داود لە نایۆتی ڕامەوە ڕایکرد، چووە بەردەم یۆناتان و لێی پرسی: «چیم کردووە و تاوانم چییە، چ گوناهێکم بەرامبەر بە باوکت کردووە، هەتا بمکوژێت؟»

یۆناتانیش وەڵامی دایەوە: «لە تۆ بەدوور بێت، نامریت! ئەوەتا باوکم هیچ شتێکی گەورە یان بچووک ناکات هەتا پێم نەڵێت، ئیتر بۆچی باوکم ئەمەم لێ بشارێتەوە؟ نەخێر وا نییە.»

داودیش سوێندی خوارد: «باوکت باش دەزانێت کە تۆ منت خۆشدەوێت، لەبەر ئەوە وا بیر دەکاتەوە و دەڵێت: ”با یۆناتان بەم کارە نەزانێت نەوەک خەفەت بخوات.“ بەڵام بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، نێوان من و مەرگ تەنها هەنگاوێکە.»

یۆناتانیش بە داودی گوت: «هەرچی دەڵێیت ئەوەت بۆ دەکەم.»

داود بە یۆناتانی گوت: «سەیر بکە، سبەینێ جەژنی سەرەمانگە، دەبێت منیش بۆ نانخواردن لەگەڵ پاشا دانیشم، بەڵام تۆ ڕێگام پێبدە بڕۆم و منیش هەتا ئێوارەی ڕۆژی سێیەم لەناو کێڵگەکەدا خۆم دەشارمەوە. ئەگەر باوکت بەسەری کردمەوە، پێی بڵێ: ”داود بە پەرۆشەوە داوای لێکردم هەتا بە پەلە بچێتە بێت‌لەحمی شارەکەی خۆی، چونکە لەوێ قوربانی ساڵانە بۆ هەموو خێڵەکەی سەردەبڕدرێت.“ ئەگەر گوتی: ”باشە،“ ئەوا خزمەتکارەکەت سەلامەت دەبێت. بەڵام ئەگەر زۆر تووڕە بوو ئەوا بزانە نیازی خراپە. کەواتە بە باشی هەڵسوکەوت لەگەڵ خزمەتکارەکەتدا بکە، چونکە تۆ لەبەردەم یەزدان منت خستووەتە ناو پەیمانێکەوە. ئەگەر تاوانێک لە مندا هەبێت، ئەوا خۆت بمکوژە، ئیتر بۆچی دەمدەیتە دەستی باوکت؟»

یۆناتانیش گوتی: «لە تۆ بەدوور بێت، چونکە ئەگەر بەڕاستی بمزانیایە باوکم بەرامبەر بە تۆ نیازی خراپە، ئایا پێم ڕانەدەگەیاندیت؟»

10 داودیش لە یۆناتانی پرسی: «ئەگەر باوکت بە ڕەقی وەڵامی دایتەوە، کێ پێم ڕادەگەیەنێت؟»

11 یۆناتانیش بە داودی گوت: «وەرە با بچینە دەرەوە بۆ کێڵگەکە.» جا هەردووکیان پێکەوە چوون.

12 ئینجا یۆناتان بە داودی گوت: «بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، سبەینێ یان دوو سبەی وەک ئەم کاتە دەمی باوکم تاقی دەکەمەوە، جا ئەگەر بۆ تۆ باش بوو، ئەوا هەواڵت بۆ دەنێرم و ئاگادارت دەکەمەوە. 13 بەڵام ئەگەر باوکم نیازی خراپەی لەگەڵ تۆ هەبوو، با یەزدان توندترین سزای یۆناتان بدات، ئەگەر بۆت ئاشکرا نەکەم و بە سەلامەتی بەڕێت نەکەم. با یەزدان لەگەڵتدا بێت وەک چۆن لەگەڵ باوکم بوو. 14 بە درێژایی ژیانم خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانم نیشان بدە بۆ ئەوەی نەمرم، 15 بەڵکو هەتاهەتایە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ بنەماڵەکەم مەبڕە، تەنانەت هەتا ئەو کاتەش کە یەزدان هەموو دوژمنەکانی داود لەسەر زەوی دەبڕێتەوە.»

16 جا یۆناتان پەیمانی لەگەڵ بنەماڵەی داود بەست و گوتی: «با یەزدان لێپرسینەوە لەگەڵ دوژمنەکانی داود بکات.» 17 یۆناتان سوێندەکەی بە داود دووپات کردەوە کە ئەوی خۆشدەوێت، چونکە وەک خۆی خۆشی دەویست.

18 پاشان یۆناتان بە داودی گوت: «سبەینێ جەژنی سەرەمانگە، دەربارەی تۆ پرسیار دەکەن، چونکە جێگات بەتاڵ دەبێت. 19 دوو سبەی بە خێرایی دابەزە و بڕۆ بۆ ئەو شوێنەی کە پێشتر لە ڕۆژی کارەکەدا خۆتت تێیدا شاردەوە[a]، لەلای گابەردی ئەزەل دابنیشە. 20 منیش سێ تیر دەگرمە تەنیشتی بەردەکە وەک ئەوەی بیگرمە نیشانێک. 21 ئینجا کوڕێک دەنێرم و دەڵێم: ”بڕۆ ئەو تیرانە بدۆزەوە.“ ئەگەر بە کوڕەکەم گوت: ”ئەوەتا تیرەکان لەولاتەوەن، بیانهێنە،“ تۆ وەرە، بە یەزدانی زیندوو، سەلامەت دەبیت و هیچ مەترسییەک نییە. 22 بەڵام ئەگەر بە کوڕەکەم گوت: ”ئەوەتا تیرەکان لەو بەرتن،“ ئەوا بڕۆ، چونکە یەزدان بەڕێی کردوویت. 23 ئەو قسەیەش کە من و تۆ کردمان، ئەوەتا یەزدان هەتاهەتایە لەنێوان من و تۆدا شایەتە.»

یەکەم ساموئێل 20:35-42

35 بۆ بەیانی یۆناتان بۆ دیدەنی داود بەرەو کێڵگە چوو، کوڕێکی بچووکیشی لەگەڵ بوو. 36 بە کوڕەکەی گوت: «ڕابکە ئەو تیرانە بدۆزەرەوە کە من دەیانهاوێژم.» لەو کاتەدا کە کوڕەکە ڕایدەکرد، تیرێکی هاویشت و لەوی تێپەڕاند. 37 کاتێک کوڕەکە گەیشتە شوێنی تیرەکە کە یۆناتان هاویشتبووی، جا یۆناتان هاواری لێکرد: «ئەوە تیرەکە نییە، لەوبەری تۆ، لە سەرەوە؟» 38 ئینجا یۆناتان هاواری لە کوڕەکە کرد: «خێرا بکە، پەلە بکە، مەوەستە!» کوڕەکەش تیرەکەی هەڵگرتەوە و بۆ لای گەورەکەی گەڕایەوە. 39 کوڕەکەش هیچی نەدەزانی، بەڵام یۆناتان و داود تێدەگەیشتن. 40 ئینجا یۆناتان چەکەکەی بە خزمەتکارەکەی خۆی دا و پێی گوت: «بڕۆ بیبەوە بۆ شار.»

41 کوڕەکە ڕۆیشت و داودیش لەلای باشووری گابەردەکەوە هەستا، سێ جار لەبەردەم یۆناتان کڕنۆشی برد و لەسەر ڕوو کەوت. ئینجا یەکتریان ماچکرد و پێکەوە گریان، بەڵام داود زیاتر گریا.

42 جا یۆناتان بە داودی گوت: «بە سەلامەتی بڕۆ، چونکە ئێمە هەردووکمان سوێندمان بە ناوی یەزدان خواردووە و گوتوومانە: ”یەزدان بۆ هەتاهەتایە لەنێوان من و تۆ و نەوەکانمان شایەت بێت.“» ئینجا داود هەستا و ڕۆیشت، یۆناتانیش گەڕایەوە شار.

کردار 11:19-26

کڵێسای ئەنتاکیا

19 ئینجا ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو چەوسانەوەیەی بەسەر ستیفانۆسدا هات پەرشوبڵاو بوونەوە، پەڕینەوە بۆ فینیکیا و قوبرس و ئەنتاکیا، باسی پەیامی خودایان بۆ کەس نەدەکرد، بۆ جولەکە نەبێت. 20 بەڵام هەندێکیان خەڵکی قوبرس و کورێن[a] بوون، کاتێک هاتنە ئەنتاکیا، قسەیان بۆ یۆنانییەکان دەکرد و مزگێنیی عیسای خاوەن شکۆیان دەدا. 21 یەزدان پشتگیری کردن، ژمارەیەکی زۆر باوەڕیان هێنا و بۆ عیسای خاوەن شکۆ گەڕانەوە.

22 ئەم هەواڵە گەیشتە کڵێسای ئۆرشەلیم، ئەوانیش بەرناباسیان بۆ ئەنتاکیا نارد. 23 کاتێک گەیشت و نیعمەتی خودای بینی، دڵشاد بوو، هەمووانی هاندا بە هەموو دڵیانەوە لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆ بمێننەوە، 24 چونکە پیاوچاک بوو، پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و باوەڕ. خەڵکێکی زۆریش هاتنە پاڵ مەسیحی خاوەن شکۆ.

25 ئەوسا چوو بۆ تەرسۆس تاکو بەدوای شاولدا بگەڕێت، 26 کاتێک دۆزییەوە بۆ ئەنتاکیای هێنا. ئیتر ساڵێکی تەواو لە کڵێسا کۆبوونەوە و خەڵکێکی زۆریان فێرکرد. یەکەم جاریش لە ئەنتاکیا قوتابییەکان ناویان لێنرا مەسیحی[b].

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.