Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
گۆرانییەک بۆ تەرخانکردنی پەرستگا.[a]
30 ئەی یەزدان، بە گەورەت دەزانم،
چونکە هەڵتکێشام و
نەتهێشت دوژمنەکانم شانازیم بەسەردا بکەن.
2 ئەی یەزدان، خودای من، هاوارم بۆ تۆ هێنا،
تۆش چاکت کردمەوە.
3 ئەی یەزدان، تۆ گیانی منت لەناو جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە،
منت دەرباز کرد لەوەی شۆڕببمەوە ناو گۆڕ.
4 ئەی خۆشەویستانی یەزدان، گۆرانی بۆ بڵێن،
ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.
5 چونکە تووڕەبوونی تەنها چرکەیەکە،
بەڵام ڕەزامەندی بە درێژایی ژیانە.
ڕەنگە گریان بۆ شەوێ بمێنێت،
بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەلهەلە دێنێت.
6 کاتێک هەستم بە دڵنیایی کرد گوتم:
«هەرگیز نالەقێم.»
7 ئەی یەزدان، بە ڕەزامەندی خۆت،
منت وەک چیایەکی بەهێز چەسپاند،
بەڵام کە ڕووی خۆتت لە من شاردەوە،
پەرێشان بووم.
8 ئەی یەزدان، من هاوارم بۆ تۆ هێنا،
من لە پەروەردگار پاڕامەوە:
9 «مەرگی من سوودی چی تێدایە،
ئەگەر من شۆڕ ببمەوە ناو گۆڕ؟
ئایا خۆڵ ستایشت دەکات؟
ئایا دڵسۆزیت ڕادەگەیەنێت؟
10 ئەی یەزدان، گوێ بگرە و لەگەڵم میهرەبان بە!
ئەی یەزدان، ببە بە یارمەتیدەرم!»
11 تۆ شینی منت گۆڕی بۆ شایی،
جلوبەرگی گوشت[b] لەبەر داماڵیم و بەرگی شادیت لەبەرکردم،
12 بۆ ئەوەی دڵم گۆرانیت بۆ بڵێت و بێدەنگ نەبێت.
ئەی یەزدان، خودای من، هەتاهەتایە هەر ستایشت دەکەم.
11 قوڕبەسەر ئەوانەی بەیانییان زوو هەڵدەستن
بەدوای شەراب دەکەون،
لە زەردەپەڕی ئێواران دوا دەکەون
مەی گڕی تێبەرداون.
12 قیسارە و ساز، دەف و شمشاڵ و
شەراب بووە بە خەو و خۆراکیان،
بەڵام ئاوڕ لە کاری یەزدان نادەنەوە،
دەستکردەکانی نابینن.
13 لەبەر ئەوە گەلەکەم لەبەر نەزانی ڕاپێچ دەکرێن،
سەنگینەکانی لە برسان دەمرن،
سادە و ساکارەکانی لە تینووان وشک دەبن.
14 لەبەر ئەوە جیهانی مردووان خۆی پانوپۆڕ کرد و
بێ ئەندازە دەمی خۆی کردەوە،
تاکو بەگزادە و ڕەشۆکی و شەڕانگێزان،
لەگەڵ هەموو ئەوانەش کە شانازی بە ئۆرشەلیم دەکەن، شۆڕ ببنەوە ناوی.
15 مرۆڤ دەچەمێتەوە و
پیاو نزم دەبێت،
چاوی بەفیزان نزم دەبێت،
16 بەڵام یەزدانی سوپاسالار بە دادوەری بە گەورە دەزانرێت،
خودای پیرۆز بە ڕاستودروستییەکەی دەردەکەوێت کە پیرۆزە.
17 مەڕەکان دەلەوەڕێن وەک لە لەوەڕگای خۆیان،
بەرخەکانیش لە کەلاوەی دەوڵەمەندەکان دەلەوەڕێن.
نامەیەک بۆ کڵێسای لاودیکییا
14 بۆ فریشتەی کڵێساکەی لاودیکییا بنووسە:
ئەمە پەیامی ئەوەیە کە بە ئامین[a] ناو دەبردرێت، کە شایەتیدەری دڵسۆز و ڕاستگۆیە و سەرچاوەی بەدیهێنراوەکانی خودایە: 15 «ئاگام لە کردارەکانتە، تۆ نە سارد و نە گەرمیت. خۆزگە سارد یان گەرم بووای، 16 بەڵام لەبەر ئەوەی شلەتێنیت، نە ساردیت و نە گەرمیت، بەتەمام لە دەممەوە بتتفێنمەوە. 17 تۆ دەڵێی: ”دەوڵەمەندم و زەنگین بوومە، پێویستیم بە هیچ نییە.“ بەڵام بێئاگای لەوەی بە دەردەسەری و نەگبەت و هەژار و کوێر و ڕووتیت. 18 ئامۆژگاریت دەکەم زێڕی بە ئاگر پوختەکراوم لێ بکڕیت تاکو دەوڵەمەند بیت، جلی سپیش تاکو لەبەری بکەیت بۆ ئەوەی شەرمەزاری ڕووتیت دەرنەکەوێت، هەروەها کلیش بۆ ئەوەی لە چاوتی بدەیت هەتا ببینیت.
19 «ئەوانەی خۆشم بوێن سەرزەنشتیان دەکەم و تەمبێیان دەکەم. بۆیە دڵگەرم بە و تۆبە بکە. 20 ئەوەتا لە بەردەرگا وەستاوم و لە دەرگا دەدەم. ئەگەر یەکێک گوێی لە دەنگم بوو و دەرگاکەی کردەوە، لێی دێمە ژوورەوە و نانی لەگەڵ دەخۆم، ئەویش لەگەڵ من.
21 «ئەوەی سەربکەوێت دەیدەمێ لەسەر تەختەکەم لەگەڵم دانیشێت، وەک منیش سەرکەوتنم بەدەستهێنا و لەگەڵ باوکم لە تەختەکەیدا دانیشتم. 22 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.