Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
گۆرانییەک بۆ تەرخانکردنی پەرستگا.[a]
30 ئەی یەزدان، بە گەورەت دەزانم،
چونکە هەڵتکێشام و
نەتهێشت دوژمنەکانم شانازیم بەسەردا بکەن.
2 ئەی یەزدان، خودای من، هاوارم بۆ تۆ هێنا،
تۆش چاکت کردمەوە.
3 ئەی یەزدان، تۆ گیانی منت لەناو جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە،
منت دەرباز کرد لەوەی شۆڕببمەوە ناو گۆڕ.
4 ئەی خۆشەویستانی یەزدان، گۆرانی بۆ بڵێن،
ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.
5 چونکە تووڕەبوونی تەنها چرکەیەکە،
بەڵام ڕەزامەندی بە درێژایی ژیانە.
ڕەنگە گریان بۆ شەوێ بمێنێت،
بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەلهەلە دێنێت.
6 کاتێک هەستم بە دڵنیایی کرد گوتم:
«هەرگیز نالەقێم.»
7 ئەی یەزدان، بە ڕەزامەندی خۆت،
منت وەک چیایەکی بەهێز چەسپاند،
بەڵام کە ڕووی خۆتت لە من شاردەوە،
پەرێشان بووم.
8 ئەی یەزدان، من هاوارم بۆ تۆ هێنا،
من لە پەروەردگار پاڕامەوە:
9 «مەرگی من سوودی چی تێدایە،
ئەگەر من شۆڕ ببمەوە ناو گۆڕ؟
ئایا خۆڵ ستایشت دەکات؟
ئایا دڵسۆزیت ڕادەگەیەنێت؟
10 ئەی یەزدان، گوێ بگرە و لەگەڵم میهرەبان بە!
ئەی یەزدان، ببە بە یارمەتیدەرم!»
11 تۆ شینی منت گۆڕی بۆ شایی،
جلوبەرگی گوشت[b] لەبەر داماڵیم و بەرگی شادیت لەبەرکردم،
12 بۆ ئەوەی دڵم گۆرانیت بۆ بڵێت و بێدەنگ نەبێت.
ئەی یەزدان، خودای من، هەتاهەتایە هەر ستایشت دەکەم.
دانانی ئیشایا لەسەر ئەرک
6 لە ساڵی مردنی عوزیای پاشادا، پەروەردگارم بینی لەسەر تەختێکی بەرز و بڵند دانیشتبوو، دامێنیشی پەرستگاکەی پڕکردبوو. 2 سەرافیمەکان[a] لەبەردەستی بوون، هەریەکە شەش باڵیان هەبوو، بە دووانیان ڕووی خۆی داپۆشی بوو، بە دووانی دیکەیان پێیەکانی داپۆشی بوو، بە دووانیش دەفڕی. 3 ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی:
«یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە!
شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.»
4 چوارچێوە و سەکۆی دەروازەکان لە دەنگی بانگدەر لەرینەوە و پەرستگاکە پڕبوو لە دووکەڵ.
بینینی تەختی پاشایانەی خودا
4 پاش ئەمە تەماشام کرد دەرگایەکی کراوەم بینی لە ئاسماندا، ئەو دەنگەش کە یەکەم جار وەک کەڕەنا هاتە گوێم[a]، پێی فەرمووم: «سەربکەوە بۆ ئێرە، ئەوەت پیشان دەدەم کە دوای ئەمە پێویستە ڕووبدات.» 2 دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و تەختێکم بینی لە ئاسمان دانرابوو، لەسەر تەختەکەش یەکێک دانیشتبوو. 3 ڕوخساری دانیشتووەکە لە بەردی یەشب و یاقووتی سوور دەچوو، پەلکەزێڕینەیەکیش وەک زمروود لە دەوری تەختەکە دەدرەوشایەوە. 4 لە دەوری تەختەکەش بیست و چوار تەخت هەبوون، بیست و چوار پیریش کە جلی سپییان پۆشی بوو لەسەر تەختەکان دانیشتبوون و تاجی زێڕینیان لەسەر بوو. 5 لە تەختەکەوە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە دەهات، لەبەردەم تەختەکەش حەوت چرای ئاگرین دەسووتان، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان. 6 لەبەردەم تەختەکەش شوێنێکی وەک دەریایەکی شووشەیی هەبوو، وەک کریستاڵ.
لەناوەڕاست، لە دەوروبەری تەختەکە چوار بوونەوەر هەبوون، لەپێش و پاش بە چاو داپۆشرا بوون. 7 بوونەوەری یەکەم وەک شێر بوو، دووەم بوونەوەر وەک جوانەگا، سێیەم بوونەوەر ڕوخسارێکی وەک مرۆڤی هەبوو، چوارەم بوونەوەر وەک هەڵۆیەکی فڕیو بوو. 8 چوار بوونەوەرەکە هەریەکەیان شەش باڵی هەبوو، دەوروبەر و ژێر باڵیشیان بە چاو داپۆشرابوو، تەنانەت لەژێر باڵەکانی، شەو و ڕۆژ بێ وەستان دەڵێن:
«پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە،
خودای پەروەردگاری هەرە بە توانا،
ئەوەی هەبووە و هەیە و دێت.»
9 هەر کاتێک بوونەوەرەکان شکۆ و ڕێز و سوپاس دەکەن بۆ ئەوەی دانیشتووی سەر تەختەکەیە، ئەوەی هەتاهەتایە زیندووە، 10 بیست و چوار پیرەکەی بەردەم دانیشتووی سەر تەختەکە دەکەون و کڕنۆش بۆ زیندووی هەتاهەتایی دەبەن و تاجەکانیان لەبەردەم تەختەکە فڕێدەدەن و دەڵێن:
11 «ئەی خودای پەروەردگارمان، تۆ شایانی ئەوەی شکۆ و ڕێز و توانا وەربگریت،
چونکە تۆ هەموو شتێکت بەدیهێناوە،
بە خواستی تۆش هەن و بەدیهێنران.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.