Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
کردار 11:1-18

ڕوونکردنەوەی پەترۆس

11 نێردراوان و باوەڕداران کە لە یەهودیا بوون بیستیان کە ناجولەکەکانیش پەیامی خودایان وەرگرتووە. کاتێک پەترۆس گەڕایەوە ئۆرشەلیم باوەڕدارانی خەتەنەکراو ڕەخنەیان لێ گرت و دەیانگوت: «تۆ چوویتە ماڵی خەڵکێکی خەتەنە نەکراو و نانت لەگەڵیان خواردووە!»

جا پەترۆس یەک لەدوای یەک دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی ئەوانەی کە ڕوویدابوو، گوتی: «لە شاری یافا بووم نوێژم دەکرد، لەهۆش خۆم چووم و بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا، شتێک لە ئاسمانەوە وەک چەرچەفێکی گەورە بە هەر چوار لایەوە بۆ لای من شۆڕکرایەوە. سەیرم کرد و لێی وردبوومەوە، چوارپێی زەوی و ئاژەڵی کێوی، خشۆک و باڵندەی ئاسمانم بینی. ئینجا گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم: ”پەترۆس هەستە، سەربڕە و بخۆ!“

«بەڵام گوتم: ”نەخێر، ئەی پەروەردگار، چونکە هەرگیز گڵاو و حەرام نەچووەتە دەمم.“

«دەنگەکە دووبارە لە ئاسمانەوە فەرمووی: ”ئەوەی خودا پاکی کردووەتەوە تۆ بە گڵاوی دامەنێ.“ 10 ئەمە سێبارە بووەوە و هەموو شتەکان بۆ ئاسمان ڕاکێشرانەوە.

11 «ئەوە بوو یەکسەر سێ پیاو لەپێش ئەو ماڵە ڕاوەستان کە ئێمەی لێبوو، لە قەیسەرییەوە بۆ لام نێردرابوون، 12 ڕۆحی پیرۆز پێی فەرمووم کە بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆم، ئەم شەش برایەش لەگەڵم هاتن و چووینە ماڵی پیاوەکە. 13 ئەویش بۆی گێڕاینەوە چۆن فریشتەی لە ماڵەکەیدا بینیوە ڕاوەستاوە و گوتوویەتی: ”بنێرە بۆ یافا بەدوای شیمۆندا کە نازناوی پەترۆسە، 14 ئەو پەیامێکتان دەداتێ بەهۆیەوە خۆت و هەموو ماڵەکەت ڕزگارتان دەبێت.“

15 «کاتێک دەستم بە قسە کرد، ڕۆحی پیرۆزیان بەسەردا ڕژا، وەک لە سەرەتادا هاتە سەر ئێمەش. 16 قسەکەی عیسای خاوەن شکۆم بەبیر هاتەوە کە فەرمووی: ”یەحیا لەئاوهەڵکێشانی کرد، بەڵام ئێوە لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن.“ 17 جا ئەگەر خودا هەمان بەهرەی بەوان دابێت هەروەک بە ئێمەی داوە کە باوەڕمان بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ هێنا، ئیتر من کێم بتوانم ڕێگا لە خودا بگرم؟»

18 کاتێک گوێیان لەمە بوو، بێدەنگ بوون و ستایشی خودایان کرد، گوتیان: «کەواتە خودا تۆبەکردنی بۆ ژیان بە نەتەوەکانیش بەخشیوە.»

زەبوورەکان 148

148 هەلیلویا!

ستایشی یەزدان بکەن، لە ئاسمان،
    لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن.
ئەی هەموو فریشتەکانی، ستایشی بکەن،
    ئەی هەموو سوپاکەی، ستایشی بکەن.
ئەی خۆر و مانگ، ستایشی بکەن،
    ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی، ستایشی بکەن.
ئەی بەرزترینی ئاسمان، ستایشی بکەن،
    ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن.

با ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
    چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران.
هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن،
    فەرزی داناوە بەسەرناچێت.

لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن،
    ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان،
ئاگر و تەرزە، بەفر و تەم،
    ڕەشەبا، کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن،
چیاکان و هەموو گردەکان،
    داری بەردار و هەموو ئورزەکان،
10 گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ،
    خشۆک و باڵدار،
11 پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان،
    میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی،
12 گەنجان و کچان،
    پیران و منداڵان.

13 با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
    چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە،
    شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە.
14 پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە،
    تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن،
    نەوەی ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن.

هەلیلویا.

ئاشکراکردن 21:1-6

ئاسمانێکی نوێ و زەوییەکی نوێ

21 پاشان ئاسمانێکی نوێ و زەوییەکی نوێم بینی، چونکە ئاسمانی یەکەم و زەوی یەکەم بەسەرچوون، ئیتر دەریاش نەما. شارە پیرۆزەکەش، ئۆرشەلیمی نوێم بینی لە ئاسمانەوە لەلایەن خوداوە دەهاتە خوارەوە، وەک بووکێکی ڕازاوە بۆ زاوایەکەی ئامادە کرابێت. گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو لە تەختەکەوە فەرمووی: «ئەوەتا نشینگەی خودا لەگەڵ خەڵک، ئەویش لەگەڵیان نیشتەجێ دەبێت. ئەوانیش دەبن بە گەلی ئەو، خودا خۆی لەگەڵیاندایە و دەبێتە خودای ئەوان. ئەویش هەموو فرمێسکێکی چاویان دەسڕێتەوە، ئیتر مردن نابێت، شیوەن و هاوار و ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون.»

دانیشتووی سەر تەختەکە فەرمووی: «ئەوەتا هەموو شتێک نوێ دەکەمەوە.» هەروەها دەفەرموێ: «بنووسە، چونکە ئەم وتانە متمانەدار و ڕاستن.» پاشان پێی فەرمووم: «ئەوا هاتە دی. من ئەلف و یێم[a]، سەرەتا و کۆتاییم. لە کانی ئاوی ژیان بەخۆڕایی دەدەمە تینوو.

یۆحەنا 13:31-35

ڕاسپاردەی نوێ

31 کاتێک چووە دەرەوە، عیسا فەرمووی: «ئێستا کوڕی مرۆڤ شکۆدار کرا و خوداش تێیدا شکۆدار کرا. 32 جا ئەگەر خودا تێیدا شکۆدار کرا، خوداش کوڕەکە لە خۆیدا شکۆدار دەکات، دەستبەجێ شکۆداری دەکات.

33 «ڕۆڵەکانم، ماوەیەکی کورت لەگەڵتاندا دەبم. جا بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام وەک چۆن بە جولەکەکانم گوت، ئێستا بە ئێوەشی دەڵێم: ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی کە من بۆی دەچم.

34 «من ڕاسپاردەیەکی نوێتان دەدەمێ: یەکتریتان خۆشبوێ. وەک خۆشمویستن، ئێوەش بەو جۆرە یەکتریتان خۆشبوێ. 35 بەمە هەموو خەڵک دەزانن کە قوتابی منن، ئەگەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتری هەبێت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.