Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
93 یەزدان پاشایەتی دەکات، مەزنی لەبەر دەکات،
یەزدان هێزی لەبەر دەکات و لە خۆی بەستووە،
هەروەها جیهان چەسپاوە و ناهەژێت.
2 لە دێر زەمانەوە تەختت چەسپاوە،
تۆ لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە هەیت.
3 ئەی یەزدان، دەریاکان بەرزیان کردەوە،
دەریاکان دەنگیان بەرزکردەوە،
دەریاکان شەپۆلەکانیان بەرز دەکەنەوە.
4 لە خوڕەی ئاوی زۆر،
لە توانای شەپۆلەکانی دەریا،
یەزدانی ئاسمان توانادارترە.
5 یاساکانت زۆر چەسپاون،
ئەی یەزدان، پیرۆزی لە ماڵی تۆ دەوەشێتەوە،
بە درێژایی ڕۆژگار.
چاکسازییەکانی ئاسا
15 عەزەریای کوڕی عۆدێد ڕۆحی خودا هاتە سەری و 2 ئەویش چووە بەردەم ئاسا و پێی گوت: «ئەی ئاسا و هەموو یەهودا و بنیامین گوێم لێ بگرن، یەزدان هەتا لەگەڵیدا بن لەگەڵتاندا دەبێت، ئەگەر ڕووی لێ بکەن بۆتان دەردەکەوێت بەڵام ئەگەر بەجێی بهێڵن بەجێتان دەهێڵێت. 3 ئیسرائیل ڕۆژانێکی زۆر بێ خودای ڕاستەقینە و بێ کاهینی مامۆستا و بێ فێرکردن بوون. 4 بەڵام کە لە تەنگانەکەیاندا گەڕانەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل و ڕوویان لەو کرد، بۆیان دەرکەوت. 5 لەو سەردەمەدا کەس نەیدەتوانی بێ ترس گەشت بکات، چونکە نائارامییەکی زۆر باڵی بەسەر هەموو دانیشتووانی خاکەکاندا کێشابوو. 6 ئیتر نەتەوەیەک بە نەتەوەیەکی دیکە لەناودەبردرا و شارێک بە شارێکی دیکە، چونکە خودا بە هەموو تەنگانەیەک هەراسانی کردبوون. 7 بەڵام ئێوە بەهێزبن و دەستتان شل مەکەن، چونکە پاداشت هەیە بۆ کارەکەتان.»
8 کە ئاسا گوێی لەم قسانە و لە پەیامەکەی عەزەریای کوڕی عۆدێد پێغەمبەر بوو، بەهێز بوو و بتە قێزەونەکانی لە هەموو خاکی یەهودا و بنیامین و ئەو شارۆچکانەی کە لە شاخەکانی ئەفرایمدا گرتنی، ڕیشەکێش کرد. قوربانگاکەی یەزدان ئەوەی بەردەم هەیوانەکەی پەرستگای یەزدانی نوێ کردەوە.
9 ئینجا هەموو خەڵکی یەهودا و بنیامین و ئەو بیانییانەی کە لەگەڵیان بوون، لە ئەفرایم و مەنەشە و شیمۆن کۆی کردنەوە، چونکە لە ئیسرائیلەوە خەڵکێکی زۆر هاتبوونە پاڵی کاتێک بینیبوویان یەزدانی پەروەردگاری لەگەڵیدایە.
10 لە مانگی سێی پازدەیەمین ساڵی پاشایەتی ئاسادا لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە و 11 لەو ڕۆژەدا لەو دەستکەوتەی کە لەگەڵ خۆیان هێنابوویان، حەوت سەد مانگا و حەوت هەزار مەڕیان بۆ یەزدان سەربڕی و 12 پەیمانێکیان بەست کە بە هەموو دڵ و بە هەموو گیانیانەوە ڕوویان لە یەزدان بکەن، خودای باوباپیرانی خۆیان، 13 هەموو ئەوانەی کە ڕوو لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ناکەن، لە گەورە و بچووک و لە پیاو و لە ژن، دەکوژرێن. 14 ئەوانیش سوێندیان بۆ یەزدان خوارد، بە دەنگی بەرز و بە هوتاف و زوڕنا و کەڕەنا لێدان. 15 هەموو یەهودا بەو سوێندە دڵخۆش بوون، چونکە بە هەموو دڵیانەوە سوێندیان خوارد و بەوپەڕی ڕەزامەندییانەوە ڕوویان لە یەزدان کرد، ئەویش بۆیان دەرکەوت و یەزدان لە هەموو لایەکەوە ئەوانی حەواندەوە.
15 ئەو فریشتەیەی لەگەڵم دەدوا دارێکی پێوانەی زێڕینی پێبوو، تاکو شارەکە و دەرگاکانی و شووراکەی بپێوێت. 16 شارەکە بە چوار گۆشەیی دانرابوو، درێژییەکەی هێندەی پانییەکەی بوو. شارەکەی بە دارەکە پێوا، دوازدە هەزار ستادیا[a] بوو، درێژی و پانی و بەرزییەکەی یەکسان بوون. 17 شووراکەشی پێوا، سەد و چل و چوار باڵ[b] بوو بە باڵی مرۆڤ کە فریشتەکە بەکاریدەهێنا. 18 بینای شووراکە لە یەشب بوو، شارەکەش لە زێڕی بێگەرد بوو، وەک شووشەی ساف. 19 بناغەکانی شوورای شارەکە بە هەموو بەردێکی گرانبەها ڕازێنرابووەوە. بناغەی یەکەم یەشب، دووەم یاقووتی شین، سێیەم یاقووتی سپی، چوارەم زمروود، 20 پێنجەم شیلانە، شەشەم یاقووتی سوور، حەوتەم زەبەرجەد، هەشتەم زمروودی سەوز، نۆیەم یاقووتی زەرد، دەیەم یاقووتی سەوز، یازدەیەم یاقووتی زەعفەرانی، دوازدەیەم جەمشت. 21 دوازدە دەرگاکەش دوازدە مروارین، هەر دەرگایەک لە یەک دەنکە مرواری بوو. شەقامی شارەکە لە زێڕی بێگەرد بوو وەک شووشەی ڕۆشن.
22 پەرستگام تێیدا نەبینی، چونکە یەزدانی پەروەردگاری هەرە بە توانا لەگەڵ بەرخەکە پەرستگای ئەون.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.