Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
146 هەلیلویا!
ئەی گیانی من ستایشی یەزدان بکە.
2 هەتا لە ژیاندام ستایشی یەزدان دەکەم،
هەتا ماوم مۆسیقا بۆ خودای خۆم دەژەنم.
3 نە پشت بە میرەکان ببەستن،
نە بە ئادەمیزاد کە ڕزگارییان لەلا نییە.
4 کە ڕۆحی دەرچوو بۆ خۆڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە،
لە هەمان ڕۆژدا نەخشەکانی دەسڕێتەوە.
5 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە خودای یاقوب یارمەتیدەری بێت و
هیوای بە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بێت،
6 دروستکەری ئاسمان و زەوی و
دەریا و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە،
ئەوەی هەتاهەتایە دڵسۆز دەمێنێتەوە.
7 دادپەروەری بۆ زۆرلێکراوان بەڕێوە دەبات،
نان دەداتە برسییەکان.
یەزدان گیراوەکان ئازاد دەکات،
8 یەزدان چاوی کوێرەکان دەکاتەوە،
یەزدان کەسە چەماوەکان ڕاست دەکاتەوە،
یەزدان ڕاستودروستانی خۆشدەوێت.
9 یەزدان نامۆکان دەپارێزێت،
یارمەتی هەتیو و بێوەژنان دەدات،
بەڵام ڕێگای بەدکاران خوار دەکات.
10 یەزدان هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات،
ئەی سییۆن، ئەو خودای تۆیە بۆ هەموو نەوەکانت.
هەلیلویا.
18 کە بینی سوورە لەسەر ئەوەی لەگەڵیدا بڕوات، ئیتر زۆری لێ نەکرد.
19 ئینجا هەردووکیان ڕۆیشتن هەتا چوونە ناو بێتلەحم. کاتێک گەیشتنە بێتلەحم شارۆچکەکە هەمووی لەبەر ئەوان خرۆشا و گوتیان: «ئایا ئەمە ناعۆمییە؟»
20 ئەویش پێی گوتن: «پێم مەڵێن ”ناعۆمی“[a]، بەڵکو پێم بڵێن ”مارا“[b] چونکە خودای هەرە بە توانا ژیانی زۆر تاڵ کردم. 21 من بە پڕی ڕۆیشتم و خودا بە بەتاڵی منی هێنایەوە. بۆچی بە ناعۆمی بانگم دەکەن؟ ئەوەتا یەزدان کۆستی خستم، هەرە بە توانا تووشی خراپەی کردم؟»
22 ئیتر ناعۆمی و ڕائووسی مۆئابی بووکی، لە وڵاتی مۆئابەوە هاتنەوە و لە سەرەتای دروێنەی جۆ چوونە ناو بێتلەحمەوە.
پاراستنی پەیمانی کۆن
9 ئیتر پەیمانە یەکەمەکە ڕێوڕەسمی خزمەت و پیرۆزگای زەمینییە. 2 چادری پەرستن هەڵدرا، لە ژووری یەکەم چرادان و مێز و نانی تەرخانکراوی تێدابوو کە پێی دەگوترا شوێنی پیرۆز. 3 پشتی پەردەی دووەم، ژوورێک هەبوو پێی دەگوترا شوێنی هەرەپیرۆز، 4 بخووردانێکی زێڕین و سندوقی پەیمانی تێدا بوو کە لە هەموو لایەکانی بە زێڕ ڕووپۆش کرابوو. لەناو ئەمەش گۆزەیەکی زێڕین هەبوو مەنی[a] تێدابوو، لەگەڵ گۆچانەکەی هارون کە گەڵای سەوزی کردبوو، هەروەها دوو تەختە بەردەکەی پەیمان. 5 لەسەریشی کەڕوبەکانی[b] شکۆ سێبەریان کردبووە سەر قەپاغی کەفارەت[c]. لێرەدا بە وردی ناتوانین باسی ئەمانە بکەین.
6 کاتێک شتەکان ئاوا ڕێکخرابوون، کاهینان هەموو کاتێک دەچنە ژووری یەکەم بۆ جێبەجێکردنی خزمەت. 7 بەڵام بۆ ژووری دووەم تەنها سەرۆک کاهین ساڵی جارێک دەچێت، ئەویش بێ خوێن نابێت، خوێنەکە پێشکەش دەکات لە پێناوی خۆی و گوناهەکانی گەل کە بە نەزانی کردوویانە. 8 بەمەش ڕۆحی پیرۆز ئاماژە دەکات کە هەتا چادری پەرستن لەسەر زەوی بێت، ڕێگای شوێنی هەرەپیرۆز لە ئاسمان ئاشکرا ناکرێت. 9 ئەمەش هێمایە بۆ ئەم سەردەمە، کە تێیدا دیاری و قوربانی پێشکەش دەکرێت، ناتوانێت ئاسوودەیی بە ویژدانی ئەوانە ببەخشێت کە خودا دەپەرستن. 10 ئەمانە تەنها ڕێوڕەسمی ڕواڵەتیانەن کە چڕدەبێتەوە لەسەر خواردن و خواردنەوە و شێوازەکانی شوشتن، هەتا کاتی داڕشتنەوەی نوێ.
خوێنی مەسیح
11 بەڵام کاتێک مەسیح هات وەک سەرۆک کاهین بۆ شتە باشەکانی داهاتوو، چووە ناو ئەو چادرەی کە گەورەتر و تەواوترە و هەروەها دەستکرد نییە، واتە هی بەدیهێنراو نییە. 12 بە خوێنی بزن و گوێرەکە نەچوو، بەڵکو بە خوێنی خۆی یەک جار چووە ناو شوێنی هەرەپیرۆز و کڕینەوەی هەتاهەتایی دەستکەوت،
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.