Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
28 ئەی یەزدان، من بۆ تۆ هاوار دەکەم.
ئەی تاشەبەردەکەم، گوێی خۆتم لێ کەڕ مەکە،
چونکە ئەگەر تۆ خۆتم لێ بێدەنگ بکەیت،
وەک ئەوانەم لێدێت کە شۆڕ دەبنەوە ناو گۆڕ.
2 گوێ لە دەنگی پاڕانەوەم بگرە،
کاتێک کە هاوارت بۆ دەهێنم،
دەستەکانم بەرز دەکەمەوە
بەرەو شوێنی هەرەپیرۆزی تۆ.
3 لەگەڵ بەدکارەکان ڕاممەکێشە،
ئەوانەی ئیشی خراپە دەکەن،
بە ئاشتی قسە لەگەڵ دراوسێکانیان دەکەن،
بەڵام دڵیان پڕ لە کینەیە.
4 بەگوێرەی کردەوە و خراپەکارییەکانیان سزایان بدە،
بەگوێرەی کردەوەکانی دەستیان سزایان بدە و
ڕەفتارەکانی خۆیان بگەڕێنەوە سەر خۆیان.
5 لەبەر ئەوەی گوێ نادەن بە کردارەکانی یەزدان و
بە کارەکانی دەستی،
تێکیان دەشکێنێت و
جارێکی دیکە بنیادیان نانێتەوە.
6 ستایش بۆ یەزدان،
چونکە گوێی لە دەنگی پاڕانەوەم بوو.
7 یەزدان هێز و قەڵغانی منە،
دڵم متمانەی بەو کرد و یارمەتیم وەرگرت،
دڵم شاد دەبێت و
بە گۆرانی خۆم ستایشی دەکەم.
8 یەزدان هێزی گەلەکەیەتی،
قەڵای ڕزگاریی دەستنیشانکراوەکەی [a]
9 گەلەکەت ڕزگار بکە و میراتەکەت بەرەکەتدار بکە،
ببە بە شوانیان و هەتاهەتایە هەڵیانبگرە.
9 لەبەر ئەمە دادپەروەری لێمان دوورکەوتەوە و
ڕاستودروستی پێمان ناگات.
چاوەڕێی ڕووناکی دەکەین و ئەوەتا تاریکی دێت،
بە هیواین ڕۆشنایی بێت،
بەڵام بە تاریکی ئەنگوستەچاودا دەڕۆین.
10 وەک کوێر دەست لە دیوار دەدەین،
وەک یەکێک دوو چاوی نەبێت دەست دەکوتین.
لە نیوەڕۆدا هەروەک کاتی تاریک و ڕوونی پەل دەکوتین،
لەنێو چالاکەکان وەک مردوو واین.
11 هەموومان وەک ورچ دەباڕێنین،
وەک کۆتر دەگمێنین،
چاوەڕێی دادپەروەری دەکەین و نییە،
بە هیوای ڕزگارین،
بەڵام لێمان دوور دەکەوێتەوە.
12 بێگومان یاخیبوونەکانمان لە بەرامبەر تۆدا زۆر بوون،
گوناهەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن.
یاخیبوونەکانمان پێمانەوە لکاون،
دان بە تاوانەکانی خۆماندا دەنێین:
13 یاخیبوون و ناپاکی لە دژی یەزدان،
لادان لە ڕێگای خودای خۆمان،
هاندان بۆ ستەم و هەڵگەڕانەوە،
دروستکردنی درۆ لە دڵەوە و بە ساختە قسەکردن.
14 دادپەروەری هەڵدەدرێتە دواوە و
ڕاستودروستی پشتگوێ دەخرێت.
ڕاستی لە گۆڕەپانی شاردا کەوتوو و
ڕاستگۆیی ڕێگا نادرێت بێتە ژوورەوە.
15 ڕاستی ون بووە و
ئەوەی لە خراپە لادەدات دەبێت بە نێچیر.
یەزدان بینی و لەبەرچاوی خراپ بوو
کە دادپەروەری نەبوو.
16 بینی کەس نەبوو،
سەرسام بوو کە ناوبژیوان نەبوو.
بە هێزی بازووی خۆی ڕزگاری کردین،
ڕاستودروستی خۆی پاڵپشتی کرد.
17 ڕاستودروستی وەک سپەر[a] لەبەرکرد و
کڵاوی ئاسنینی ڕزگاریش لەسەری،
بەرگی تۆڵەسەندنەوەی لەبەرکرد،
دڵگەرمیشی وەک کەوا لە خۆی پێچا.
18 بەگوێرەی کردەوەکان لە ناحەزانی تووڕە دەبێت،
سزای ڕەوای دوژمنانی دەدات،
بە تەواوی سزای دوورگەکانیش دەدات.
19 خەڵکی ڕۆژئاوا لە ناوی یەزدان دەترسن،
خەڵکی ڕۆژهەڵات لە شکۆمەندییەکەی،
چونکە یەزدان وەک لافاو دێت،
بە هەناسەی خۆی پاڵی پێوە دەنێت.
بەردی زیندوو
2 بۆیە هەموو ڕق و هەموو فێڵ و دووڕوویی و چاوپیسی و هەموو زەمکردنێک دابکەنن. 2 وەک ساوای تازە لەدایک بوو، ئارەزووتان لە شیری ڕۆحی پاک بێت، تاکو بەمە بۆ ڕزگاری گەشە بکەن، 3 چونکە تامتان کردووە کە مەسیحی باڵادەست چاکە.
4 ئەوەی ئێوە دێنە لای، بەردە زیندووەکەیە، لەلایەن خەڵکەوە ڕەتکراوەتەوە، بەڵام لەلایەن خوداوە هەڵبژێردراوە و گرانبەهایە، 5 ئێوەش وەک بەردی زیندوو لە خانووێکی ڕۆحی بنیادنراون، بۆ کاهینیێتی پیرۆز، بۆ کردنی قوربانییە ڕۆحییە قبوڵکراوەکان بۆ خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە، 6 چونکە لە نووسراوە پیرۆزەکاندا هاتووە:
[ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم،
گرنگترین بەردی بناغەی[a] هەڵبژێردراو و گرانبەها،
ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.][b]
7 بۆیە بۆ ئێوە کە باوەڕتان هێناوە ئەم بەردە گرانبەهایە، بەڵام بۆ بێباوەڕان،
[ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە،
بوو بە گرنگترین بەردی بناغە،][c]
8 هەروەها:
[دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،
تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.][d]
ئەوانە ساتمە دەکەن و دەکەون چونکە گوێڕایەڵی وشەی خودا نین، هەر ئەمەشە چارەنووسیان.
9 بەڵام ئێوە گەلێکی هەڵبژێردراون، کاهینیێتی شاهانە، نەتەوەیەکی پیرۆز، گەلی تایبەتی خودان[e]، تاکو چاکییەکانی ئەوە ڕابگەیەنن کە بانگی کردوون لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکییە سەیرەکەی. 10 پێشتر گەل نەبوون، بەڵام ئێستا گەلی خودان، پێشتر بەزەییتان وەرنەگرتبوو، بەڵام ئێستا بەزەییتان وەرگرت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.