Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
104 ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ زۆر مەزنیت!
شکۆمەندی و پایەبەرزیت لەبەرکردووە.
2 وەک بەرگ ڕووناکیت پۆشیوە،
وەک خێوەت ئاسمانت هەڵداوە،
3 وەک کاریتە بەیتوونەکەت لەسەر ئاو داناوە.
هەوری ئاسمانت کردووەتە گالیسکەت،
بەسەر باڵی باوە دەڕۆیت.
4 بایەکانت کردووەتە فریشتەکانت،
بڵێسەی ئاگر خزمەتکارانت.
5 زەویت لەسەر بناغەی خۆی دامەزراندووە،
هەتاهەتایە نالەقێت.
6 تۆ وەک کراس زەویت بە دەریای قووڵ داپۆشی،
لەسەر چیاکان ئاو ڕادەوەستێت.
7 بەڵام لە سەرزەنشتی تۆ دەریاکان هەڵاتن،
لە گرمەی دەنگی تۆ بە ترسەوە ڕایانکرد،
8 بەسەر چیاکان کەوتن و
شۆڕ بوونەوە ناو دۆڵەکان،
بۆ ئەو شوێنەی تۆ بۆت دامەزراندبوون.
9 سنوورێکت دانا لێی تێنەپەڕن،
نەگەڕێنەوە هەتا زەوی دابپۆشن.
24 ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن!
هەموویت بە دانایی دروستکردووە،
زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ.
35 بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە،
با بەدکاران ئیتر نەمێنن.
ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
هەلیلویا![a]
37 «لەبەر ئەمە دڵم خورپە دەکات و
لە جێی خۆی دەست دەکات بە کوتان.
2 بۆ نەڕەی دەنگەکەی و گرمەگرمی دەمی
گوێ شل بکە!
3 لەژێر هەموو ئاسمان هەتا ئەوپەڕی زەوی،
بە بروسکەکەی دەردەبڕێت.
4 لەدوای ئەوەش هەر دەنگی نەڕەکەی دێت،
بە دەنگی پڕ شانازییەکەی دەگرمێنێت.
کاتێک دەنگ دەداتەوە
بروسکەکەی ڕاناگرێت.
5 خودا بە دەنگێکی سەرسوڕهێنەر دەگرمێنێت؛
کاری مەزنی وا دەکات کە ئێمە تێیناگەین.
6 چونکە بە بەفر دەفەرموێت: ”بکەوە سەر زەوی،“
هەروەها بە تاوە باران دەفەرموێت: ”بە لێزمە ببارێ.“
7 مۆر لە دەستی هەموو مرۆڤێک دەدات،
بۆ ئەوەی هەموو خەڵکی دروستکەری خۆیان بناسن.
8 گیانلەبەران دەچنە ناو لانەکانی خۆیانەوە و
لەناو کونەکانی خۆیان دەمێننەوە.
9 لە باشوورەوە ڕەشەبا دێت و
لە باکووریشەوە سەرما.
10 لە هەناسەی خوداوە بەستەڵەک پەیدا دەبێت و
سەر ڕووی ئاوەکان دەبنە سەهۆڵ.
11 هەروەها هەورەکان بە شێ بار دەکات؛
بروسکەکەی بەناو هەورەکاندا پەرت دەکات.
12 بەگوێرەی خواستی ئەو
لەسەر ڕووی زەوی ئاوەدان دەگەڕێن
هەتا هەموو ئەوە بکات کە فەرمانی پێ دەکرێت.
13 هەورەکان دەهێنێت بۆ تەمبێکردنی خەڵک،
یان بۆ ئەوەی ئاو بداتە زەوییەکەی و
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پیشان بدات.
14 «ئەیوب گوێ بۆ ئەمە شل بکە!
هەستە و لە پەرجووەکانی خودا وردبەرەوە.
15 ئایا دەزانیت خودا چۆن فەرمان بە هەورەکان دەکات،
یان درەوشانەوەی هەورە بروسکەکەی چۆنە؟
16 ئایا دەزانیت چۆن هەورەکان بە ئاسمانەوە وەستاون،
ئایا کارە سەرسوڕهێنەرەکانی خودا دەزانیت ئەوەی کە زانیاری تەواوە؟
17 ئەی ئەوەی لەناو جلوبەرگەکەت گەرما دەتخوات
بە کپبوونی زەوی بە بای باشوور،
18 ئایا دەتوانیت هاوکاری ئەو بکەیت ئاسمان بڵاو بکەیتەوە،
کە وەک ئاوێنەیەکی لە بڕۆنز داڕێژراو ڕەقە؟
19 «پێمان بڵێ کە چی پێ بڵێین؛
لەبەر ئەوەی ئێمە لە تاریکیداین ناتوانین داواکارییەکەمان ئامادە بکەین.
20 ئایا دەبێت پێی بگوترێت کە من دەمەوێ قسە بکەم؟
ئایا مرۆڤ قسە دەکات بۆ ئەوەی خۆی بە قووتدان بدات؟
21 ئێستاش کەس ناتوانێت تەماشای خۆر بکات
کە لە ئاسماندا دەدرەوشێتەوە
دوای ئەوەی با هەڵیکرد و ئاسمانی بێگەرد کرد.
22 لە باکوورەوە بە شکۆمەندییەکی زێڕین دێت،
خودای شکۆدار و سامناک دێت.
23 ئێمە پەی بە خودای هەرە بە توانای باڵادەست نابەین،
کە لەبەر دادپەروەرییە مەزنەکەی و ڕاستودروستییە زۆرەکەی ستەم ناکات.
24 لەبەر ئەمە خەڵکی لێی دەترسن،
چونکە ئاوڕ دەداتەوە لەوانەی کە بە دڵیان دانان.»
بابل دایکی داوێنپیسانە
17 ئینجا یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی حەوت جامەکەیان پێبوو پێی گوتم: «وەرە با سزای لەشفرۆشە گەورەکەت پیشان بدەم کە لەسەر ئاوە زۆرەکان دانیشتووە. 2 ئەوەی پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵ کردووە و دانیشتووانی سەر زەوی بە شەرابی داوێنپیسییەکەی سەرخۆش بوون.»
3 پاشان فریشتەکە بە ڕۆحی پیرۆز بردمییە چۆڵەوانی، بینیم ژنێک لەسەر دڕندەیەکی قرمزی دانیشتووە کە بە ناوی کفر داپۆشرابوو، دڕندەکە حەوت سەر و دە شاخی هەبوو. 4 ژنەکە ئەرخەوانی و قرمزی پۆشرا بوو، بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازابووەوە، جامێکی زێڕینی بەدەستەوە بوو، پڕ لە قێز و گڵاوی داوێنپیسییەکەی. 5 لەسەر ناوچەوانیشی ناوێکی نهێنی نووسرابوو:
«بابلی گەورە،
دایکی لەشفرۆشان و
قێزەونانی زەوی.»
6 هەروەها بینیم کە ژنەکە بە خوێنی گەلی پیرۆزی خودا و خوێنی شەهیدانی عیسا سەرخۆش ببوو. بە بینینی زۆر سەرسام بووم.
7 فریشتەکە پێی گوتم: «بۆ سەرسام بوویت؟ نهێنی ژنەکە و ئەو دڕندەیەی هەڵیگرتووە پێت دەڵێم کە حەوت سەر و دە شاخی هەیە. 8 ئەو دڕندەیەی بینیت هەبووە و ئێستا نییە، خەریکە لە بیری بێ بن دەردەچێت و بۆ لەناوچوون دەڕوات. دانیشتووانی سەر زەوی، ئەوانەی لە دامەزراندنی جیهانەوە ناویان لە پەڕتووکی ژیاندا نەنووسراوە، کاتێک دڕندەکە دەبینن سەرسام دەبن، چونکە دڕندەکە پێشتر هەبووە و ئێستا نییە، بەڵام لە داهاتوودا دێتەوە.
9 «ئەمە بانگەوازە بۆ مێشکی دانا: حەوت سەرەکە حەوت گردن[a] کە ژنەکە لەسەریان دانیشتووە، 10 حەوت پاشاکەش، پێنجیان کەوتن و یەکێکیان هەیە و ئەوی دیکە هێشتا نەهاتووە، کاتێکیش دێت پێویستە کەمێک بمێنێتەوە. 11 ئەو دڕندەیەی هەبووە و ئێستا نییە هەشتەمینە، بەڵام لە حەوتەکەیە و بۆ لەناوچوون دەڕوات. 12 ئەو دە شاخەی بینیت دە پاشان، هێشتا شانشینیان وەرنەگرتووە، بەڵام بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەگەڵ دڕندەکە وەکو پاشا دەسەڵات وەردەگرن. 13 ئەوانە یەک مەبەستیان هەیە، هێز و دەسەڵاتی خۆیان دەدەنە دڕندەکە. 14 ئەوانە لەگەڵ بەرخەکە دەجەنگن و بەرخەکە دەیانبەزێنێت، چونکە گەورەی گەورانە و پاشای پاشایانە، ئەوانەی لەگەڵیدان بانگکراو و هەڵبژێردراو و دڵسۆزن.»
15 ئینجا پێی گوتم: «ئەو ئاوانەی بینیت، کە لەشفرۆشەکە لەوێ دانیشتووە، گەل و خەڵک و نەتەوە و زمانن. 16 دە شاخەکە و دڕندەکەی کە بینیت، ڕق لە لەشفرۆشەکە هەڵدەگرن، وێران و ڕووتی دەکەنەوە، گۆشتەکەی دەخۆن و بە ئاگر دەیسووتێنن، 17 چونکە خودا خستوویەتییە دڵیان بە مەبەستی بکەن و ڕێک بکەون، دەسەڵاتیان بدەنە دڕندەکە، هەتا وشەکانی خودا بێتە دی. 18 ئەو ژنەی بینیشت ئەو شارە گەورەیە کە دەسەڵاتی بەسەر پاشاکانی زەویدا هەیە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.