Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
یەزدان قسە دەکات
38 یەزدانیش لە گەردەلوولەکەوە وەڵامی ئەیوبی دایەوە و فەرمووی:
2 «ئەمە کێیە، بێ زانیاری قسە دەکات و
ڕاوێژی من تێک دەدات؟
3 ئێستا وەک پیاو پشتێنەکەی خۆت توند بکە،
پرسیارت لێ دەکەم و
وەڵامم بدەوە.
4 «کاتێک زەویم دامەزراند لەکوێ بوویت؟
ئەگەر تێگەیشتنت هەیە پێم بڵێ.
5 کێ پێوانەکانی دانا؟ بێگومان تۆ دەزانیت!
یان کێ گوریسی پێوانەی بەسەردا هێنا؟
6 بناغەکانی لەسەر چی چەسپاند،
یان کێ بەردی بناغەکەی دانا،
7 کاتێک ئەستێرەکانی بەرەبەیان پێکەوە هاواری خۆشییان دەکرد و
هەموو فریشتەکان[a] هوتافیان دەکێشا؟
34 «ئایا دەتوانیت دەنگت بۆ هەورەکان بەرز بکەیتەوە
هەتا بە لێشاوی ئاو داتبپۆشێت؟
35 ئایا توانای ئەوەت هەیە بروسکەکان بنێریت،
جا بڕۆن و بڵێن: ”ئەوەتاین ئێمە“؟
36 کێ دانایی دەبەخشێت
یان تێگەیشتن بە مێشک دەدات؟
37 کێ بە داناییەوە هەورەکان دەژمێرێت
یان مەشکەکانی ئاسمان دەڕژێنێت،
38 کاتێک تێکەڵ بە خۆڵ دەبێت
یەکدەگرن و دەبنە قوڕ؟
39 «ئایا تۆ نێچیر بۆ شێرە مێ ڕاو دەکەیت
یان هەڵپەی بەچکە شێرەکان ئارام دەکەیتەوە،
40 کاتێک لەناو بێشەکەیان خۆیان دەکێشنەوە و
خۆیان مەڵاس دەدەن بۆ بۆسە؟
41 کێ ڕاو بۆ قەلەڕەش ئامادە دەکات
کە بەچکەکانی دەقیڕێنن بۆ خودا و
لەبەر نەبوونی خواردن پەرتەوازە بوون؟
104 ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ زۆر مەزنیت!
شکۆمەندی و پایەبەرزیت لەبەرکردووە.
2 وەک بەرگ ڕووناکیت پۆشیوە،
وەک خێوەت ئاسمانت هەڵداوە،
3 وەک کاریتە بەیتوونەکەت لەسەر ئاو داناوە.
هەوری ئاسمانت کردووەتە گالیسکەت،
بەسەر باڵی باوە دەڕۆیت.
4 بایەکانت کردووەتە فریشتەکانت،
بڵێسەی ئاگر خزمەتکارانت.
5 زەویت لەسەر بناغەی خۆی دامەزراندووە،
هەتاهەتایە نالەقێت.
6 تۆ وەک کراس زەویت بە دەریای قووڵ داپۆشی،
لەسەر چیاکان ئاو ڕادەوەستێت.
7 بەڵام لە سەرزەنشتی تۆ دەریاکان هەڵاتن،
لە گرمەی دەنگی تۆ بە ترسەوە ڕایانکرد،
8 بەسەر چیاکان کەوتن و
شۆڕ بوونەوە ناو دۆڵەکان،
بۆ ئەو شوێنەی تۆ بۆت دامەزراندبوون.
9 سنوورێکت دانا لێی تێنەپەڕن،
نەگەڕێنەوە هەتا زەوی دابپۆشن.
24 ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن!
هەموویت بە دانایی دروستکردووە،
زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ.
35 بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە،
با بەدکاران ئیتر نەمێنن.
ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
هەلیلویا![a]
5 هەر سەرۆک کاهینێک لەنێو خەڵک هەڵبژێردراوە، وەک نوێنەری خەڵک لە کاروباری خودا دەستنیشان کراوە، تاکو دیاری و قوربانییەکانی گوناه پێشکەش بکات. 2 دەتوانێ لەگەڵ نەزان و چەواشە کراوان دڵنەرم بێت، چونکە خۆشی وەک ئەوان گرفتاری لاوازییە. 3 لەبەر ئەوە پێویستە لە پێناوی گوناهەکانی خۆی قوربانی بکات، هەروەک لە پێناوی گوناهەکانی کەسانی دیکە دەیکات.
4 کەس ئەم ڕێزە بۆ خۆی وەرناگرێت، بەڵکو دەبێت خودا بانگی بکات، هەروەک چۆن خودا هارونی بانگکرد. 5 بە هەمان شێوە، مەسیح خۆی شکۆدار نەکرد تاکو ببێتە سەرۆک کاهین، بەڵکو خودا پێی فەرموو:
[تۆ کوڕی منی،
من ئەمڕۆ بوومە باوکت.][a]
6 وەک لە شوێنێکی دیکەش دەفەرموێ:
7 عیسا لە ماوەی ژیانی لەسەر زەوی، بە هاواری توند و فرمێسکەوە نوێژ و پاڕانەوەی پێشکەش بە خودا کرد، ئەوەی توانای ڕزگارکردنیی هەبوو لە مردن، ئیتر لەبەر لەخواترسییەکەی گوێی لێ گیرا. 8 هەرچەندە عیسا کوڕی خودا بوو، بەڵام بەو ئازارانەی کە چێژتی فێری گوێڕایەڵی بوو و 9 لە ڕێی ئازارەکانیەوە بووە مرۆڤێکی پڕ و تەواو، بەم ڕێگایە بووە سەرچاوەی ڕزگاریی هەتاهەتایی بۆ هەموو ئەوانەی گوێڕایەڵی دەبن. 10 ئیتر لەلای خوداشەوە بە سەرۆک کاهین ناونرا، لە پلەی مەلکیسادق.
خزمەتکار پایەبەرزترە
35 یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدی هاتنە لای و پێیان گوت: «مامۆستا، دەمانەوێت هەرچی داوای دەکەین بۆمان بکەیت.»
36 ئەویش پێی فەرموون: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟»
37 وەڵامیان دایەوە: «کاتێک لەسەر تەختی شکۆمەندییەکەت دانیشتیت، پێمان ڕەوا ببینە یەکێکمان لەلای ڕاستت و یەکێکمان لەلای چەپت دابنیشین.»
38 بەڵام عیسا پێی فەرموون: «نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟ ئایا دەتوانن بەو ئازارەدا تێبپەڕن کە من پێیدا تێدەپەڕم[a]؟»
39 وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.» عیساش پێی فەرموون: «ئەو جامەی من دەیخۆمەوە، ئێوەش دەیخۆنەوە، بەو شێوەیەی من بە ئازاردا تێدەپەڕم، ئێوەش پێیدا تێدەپەڕن. 40 بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، هی من نییە تاکو بیبەخشم. ئەو شوێنانە هی ئەو کەسانەیە کە بۆیان ئامادە کراون.»
41 کاتێک دە قوتابییەکە بیستیان، لە یاقوب و یۆحەنا تووڕە بوون، 42 بەڵام عیسا بانگی کردن و پێی فەرموون: «دەزانن ئەوانەی بە سەرۆکی نەتەوەکان دادەنرێن وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەریاندا جێبەجێ دەکەن. 43 بەڵام لەنێو ئێوە ئاوا نابێت، ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان. 44 ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەی هەمووتان، 45 چونکە کوڕی مرۆڤیش نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.