Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «وێران مەکە»، زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک.
75 ئەی خودایە، ستایشت دەکەین،
ستایشت دەکەین، چونکە ناوت نزیکە،
خەڵکی باسی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکەن.
2 تۆ دەفەرمووی: «کات دیار دەکەم،
بە ڕاستی دادوەری دەکەم.
3 کە زەوی و هەموو دانیشتووانەکەی دەلەرزن،
منم کۆڵەکەکانی دەچەسپێنم.[a]
4 بە لووتبەرزان دەڵێم: ”لووتبەرز مەبن،“
بە خراپەکاران: ”هێزتان دەرمەخەن.
5 هێزتان بەرەو ئاسمان دەرمەخەن،
بە کەللەڕەقی مەدوێن.“»
6 چونکە نە لە ڕۆژهەڵات و نە لە ڕۆژئاوا،
نە لە بیابان کەس ناتوانێ مرۆڤ بەرز بکاتەوە،
7 بەڵکو خودایە دادپەروەری دەکات،
ئەم نزم دەکات و ئەو بەرز دەکاتەوە.
8 چونکە جام بەدەستی یەزدانەوەیە،
پڕە لە مەی ترشاو و تێکەڵ بە داوودەرمان،
لەمە تێدەکات، هەموو بەدکارانی سەر زەوی
لێی بخۆنەوە و تاوەکو خڵتەکەی بەتاڵی بکەن.
9 بەڵام من هەتاهەتایە ئەمە ڕادەگەیەنم،
گۆرانی بۆ خودای یاقوب دەڵێم، کە دەفەرموێت:
10 «هێزی هەموو بەدکارەکان دەڕووخێنم،
هێزی ڕاستودروستانیش زیاد دەکەم.»
12 «بێدەنگ نابم لە باسکردنی ئەندامەکانی جەستەی لیڤیاتان و
لە ڕاگەیاندنی هێزی و لە جوانی ئاکاری جەستەی.
13 کێ دەتوانێت پێستەکەی دابماڵێت؟
کێ دەتوانێت هەردوو لای سپەرەکەی ببڕێت؟
14 کێ دوو شەویلاکی دەمی دەکاتەوە؟
ڕیزی ددانەکانی ترسێنەرە.
15 پشتی بە ڕیزێک قەڵغان داپۆشراوە،
بە پتەوی بەیەکەوە بەستراوە؛
16 بە شێوەیەک پێکەوە نووساون کە
تەنانەت با بە نێوانیاندا ناڕوات.
17 هەریەکەیان بەوی تەنیشتیەوە نووساوە؛
پێکەوە بەستراون لێک نابنەوە.
18 کە دەحیلێنێت بروسکەی ڕووناکی دەدات؛
چاوەکانی وەک گزنگی بەیانن.
19 لە دەمیەوە بڵێسەی ئاگر دێتە دەرەوە،
پریشکی ئاگری لێ دەبێتەوە.
20 لە کونە لووتییەوە دووکەڵ هەڵدەستێت،
هەروەک سووتانی قامیش لەبن مەنجەڵێکی لە کوڵ.
21 هەناسەی خەڵووز دادەگیرسێنێت،
گڕیش لە دەمیەوە دەڕژێت.
22 هێزەکەی لە ملیدایە،
لەبەردەمی هەڵوەستەی لێ دەکەن.
23 گۆشتەکەی قەدقەد پێکەوە نووساوە،
بەسەر لەشیدا داڕێژراوە و ناجوڵێتەوە.
24 سەرسەختە،
بە جەرگ و چاونەوترسە.
25 کە هەڵدەستێت بەهێزان دەتۆقن،
لە ترسی خۆڕاتەکاندنەکەی پەنا دەگرن.
26 شمشێری بەر دەکەوێت بەڵام نایپێکێت،
نە ڕم و نە تیر.
27 ئاسن لەلای وەک کا وایە،
بڕۆنزیش وەک داری کلۆر.
28 تیری کەوانەکان نایبەزێنن؛
بەردی بەردەقانییەکان بەلایەوە وەک پووشن.
29 گورز لەلای وەک کایە؛
بە ڕاوەشاندنی ڕم پێدەکەنێت.
30 ژێری پارچە گۆزەی تیژە،
جەنجەڕ بەسەر قوڕدا ڕادەکێشێت.
31 وا دەکات قووڵایی وەک مەنجەڵ بکوڵێت،
دەریا وەک هیزەی زەیت لێ دەکات.
32 لەدوای خۆی هێڵێکی سپی درەوشاوە بەجێدەهێڵێت،
شەپۆلەکان وەک پرچی سپی لێ دەکات.
33 لەسەر زەوی هاوشێوەی نییە،
بۆ نەترسان دروستکراوە.
34 بە سووکییەوە تەماشای لووتبەرزەکان دەکات؛
پاشای هەموو لەخۆباییەکانە.»
عیسا پێی قوتابییەکانی دەشوات
13 پێش جەژنی پەسخە، عیسا دەیزانی کاتی هاتووە ئەم جیهانە بەجێبهێڵێت و بۆ لای باوک بگەڕێتەوە، جا ئەوانەی هی خۆی بوون لە جیهاندا خۆشی دەویستن، تاکو ئەوپەڕی خۆشویستن.
2 ژەمی ئێوارە بوو، شەیتان خستبوویە دڵی یەهوزای ئەسخەریوتی کوڕی شیمۆن، کە عیسا بەدەستەوە بدات. 3 عیساش دەیزانی باوک هەموو شتێکی خستووەتە ژێر دەستی، لە خوداوە هاتووە و بۆ خوداش دەگەڕێتەوە. 4 لەسەر خوان هەستا، کەواکەی داکەند و خاولییەکی هەڵگرت و لە ناوقەدی بەست. 5 پاشان عیسا ئاوی کردە ناو لەگەنێک و دەستی بە شوشتنی پێی قوتابییەکان کرد و بەو خاولییەی کە بە ناوقەدیەوە بەستبووی پێیانی دەیسڕییەوە.
6 کاتێک گەیشتە سەر شیمۆن پەترۆس، شیمۆن پێی گوت: «گەورەم تۆ پێی من دەشۆیت؟»
7 عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموو: «ئێستا ئەمەی دەیکەم تێیناگەیت، بەڵام دواتر تێیدەگەیت.»
8 پەترۆس پێی گوت: «هەرگیز پێم ناشۆیت.»
عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر پێت نەشۆم، لەگەڵ من بەشت نابێت.»
9 جا شیمۆن پەترۆس پێی گوت: «گەورەم، تەنها پێم نا، بەڵکو دەست و سەریشم!»
10 عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی خۆی شوشتبێت تەنها پێویستی بە پێ شوشتن هەیە، تەواوی جەستەی پاکە. ئێوەش پاکن بەڵام هەمووتان نا.» 11 عیسا فەرمووی: «هەمووتان پاک نین،» چونکە دەیزانی کێ بە گرتنی دەدات.
12 پاش شوشتنی پێیان کەواکەی هەڵگرت و دانیشتەوە، لێی پرسین: «ئایا لەوە تێگەیشتن کە بۆم کردن؟ 13 ئێوە بە ”مامۆستا“ و ”گەورە“ بانگم دەکەن و ڕاست دەکەن، چونکە من وام. 14 جا کە من گەورە و مامۆستاتانم و پێم شوشتن، ئێوەش لەسەرتانە پێی یەکتری بشۆن. 15 من نموونەیەکم پێدان تاکو ئەوەی بۆم کردن ئێوەش بیکەن. 16 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کۆیلە لە گەورەکەی گەورەتر نییە، نێردراویش لەوەی ناردوویەتی گەورەتر نییە. 17 ئەگەر ئەمانەتان زانی، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە ئەگەر پەیڕەوتان کرد.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.