Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
26 ئەی یەزدان، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
چونکە بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
پشتم بە یەزدان بەستووە،
بەبێ دوودڵی.
2 ئەی یەزدان، تاقیم بکەوە، بمخە ناو لێکۆڵینەوە،
مێشک و دڵم بپشکنە.
3 چونکە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆم لەبەرچاوە،
بە ڕاستی تۆ ڕەفتار دەکەم.
4 لەگەڵ فێڵبازان دانانیشم،
تێکەڵی دووڕووان نابم.
5 ڕقم لە کۆمەڵی بەدکاران دەبێتەوە و
لەگەڵ خراپەکار دانانیشم.
6 دەستەکانم دەشۆم تاکو بێتاوانیم دەربخەم،
ئەی یەزدان، بە دەوری قوربانگاکەتدا دەسووڕێمەوە و
7 بە دەنگی بەرز ستایشت دەکەم و
هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
8 ئەی یەزدان، ئەو ماڵەم خۆشدەوێت کە تۆ تێیدا دەژیت،
ئەو شوێنەی کە شکۆی تۆی تێدا نیشتەجێیە.
9 گیانم لەگەڵ گوناهباران کۆمەکەوە،
ژیانم لەگەڵ خوێنڕێژان،
10 ئەوانەی کە دەستیان بە خراپە پیس بووە،
ئەوانەی دەستی ڕاستەیان پڕ لە بەرتیلە.
11 بەڵام من بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
بمکڕەوە و لەگەڵم میهرەبان بە.
12 پێم لەسەر زەوییەکی تەختە،
لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی یەزدان دەکەم.
7 «ئایا ژیانی مرۆڤ لەسەر زەوی خزمەتکردن و ڕەنجکێشان نییە،
ڕۆژانیشی وەک ڕۆژانی ڕەنجدەرێک نییە؟
2 وەک چۆن کۆیلە تامەزرۆی سێبەرە و
کرێکاریش چاوەڕێی کرێیەکەیەتی،
3 ئاواش مانگەکانی بێ ئومێدی بۆم بوون بە میرات و
شەوانی چەرمەسەری بوون بە بەشم.
4 کە دەچمە سەر جێگاکەم دەڵێم: ”کەی بێت هەستم،“
شەو درێژە دەکێشێت و هەتا بەرەبەیان ئەم دیو و ئەو دیو دەکەم.
5 گۆشتم کرم و قەتماغە پۆشیویەتی،
پێستم شەقار بووە و کێمی کردووە.
6 «ڕۆژگارم لە تەون خێراترە و
بێ هیوا کۆتایی دێت.
7 ئەی خودا، لە یادت نەچێت کە ژیانم هەناسەیەکە و
ئیتر چاوەکانم خۆشی نابینن.
8 ئەو چاوەی کە ئێستا دەمبینێت لەمەودوا نامبینێت،
چاوت بڕیوەتە من، بەڵام من بوونم نابێت.
9 هەور پەرت دەبێت و نامێنێت،
بە هەمان شێوە ئەوەی دادەبەزێتە ناو جیهانی مردووان سەرناکەوێتەوە.
10 ئیتر ناگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی و
دەوروپشتی لە یادی دەکەن.
11 «لەبەر ئەوە منیش دەمم ناگرم،
لە تەنگی ڕۆحمەوە قسە دەکەم،
لە دڵشکاویمەوە سکاڵا دەکەم.
12 بۆچی پاسەوانت لەسەر داناوم؟
ئایا من دەریام یان ئەژدیهام؟
13 ئەگەر بڵێم نوێنەکەم دڵنەواییم دەداتەوە،
جێگاکەم دڵتەنگییەکەم دەڕەوێنێتەوە،
14 بە خەون دەمترسێنیت و
بە مۆتەکە دەمتۆقێنیت.
15 لەبەر ئەوە گیانم خنکان هەڵدەبژێرێت،
مردنم پێ باشترە لەم پەیکەرە ئێسکە.
16 توامەوە، بۆ هەتاهەتایە ناژیم،
وازم لێ بهێنە، چونکە ڕۆژگارم هیچ واتایەکی نییە.
17 «مرۆڤ چییە هەتا بایەخی پێبدەیت و
هەتا بیری خۆتی پێوە خەریک بکەی،
18 هەموو بەیانییەک بەسەری بکەیتەوە و
هەموو ساتێک تاقی بکەیتەوە؟
19 هەتا کەی ڕووت لێم وەرناگێڕیت و
مۆڵەتم نادەیتێ هەتا تفەکەم قووت بدەم؟
20 ئەگەر گوناهیشم کردبێت،
کە تۆ چاودێری مرۆڤیت،
ئایا هیچ کاردانەوەیەکی لەسەر تۆ هەبووە؟
بۆچی منت کردووە بە نیشانەی تیری خۆت؟
ئایا بووم بە بار بەسەر تۆوە؟
21 ئەی بۆ لە یاخیبوونم خۆش نابیت و
تاوانم ناسڕیتەوە؟
چونکە بەم نزیکانە لەناو خاکدا ڕادەکشێم و
بەدوامدا دەگەڕێیت، بەڵام من بوونم نابێت.»
14 فەریسییەکانیش کە پارەیان خۆشدەویست، گوێیان لە هەموو ئەمانە بوو، گاڵتەیان پێکرد. 15 پێی فەرموون: «لەنێو خەڵکدا خۆتان بە بێتاوان دەردەخەن، بەڵام خودا دڵتان دەناسێت. ئەوەی لای خەڵکی پایەدارە، لای خودا قێزەونە.
16 «تەورات و پەیامی پێغەمبەران هەتا هاتنی یەحیا ڕاگەیەنران، لەو کاتە بەولاوە مزگێنی پاشایەتی خودا دەدرێت و هەموو کەسێک تێدەکۆشێت بچێتە ناوی.[a] 17 بەڵام نەمانی زەوی و ئاسمان ئاسانترە لە کەوتنی خاڵێکی تەورات.
تەڵاقدان
18 «ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، داوێنپیسی دەکات. ئەوەش کە تەڵاقدراوێک دەهێنێت داوێنپیسی دەکات.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.