Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
104 ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ زۆر مەزنیت!
شکۆمەندی و پایەبەرزیت لەبەرکردووە.
2 وەک بەرگ ڕووناکیت پۆشیوە،
وەک خێوەت ئاسمانت هەڵداوە،
3 وەک کاریتە بەیتوونەکەت لەسەر ئاو داناوە.
هەوری ئاسمانت کردووەتە گالیسکەت،
بەسەر باڵی باوە دەڕۆیت.
4 بایەکانت کردووەتە فریشتەکانت،
بڵێسەی ئاگر خزمەتکارانت.
5 زەویت لەسەر بناغەی خۆی دامەزراندووە،
هەتاهەتایە نالەقێت.
6 تۆ وەک کراس زەویت بە دەریای قووڵ داپۆشی،
لەسەر چیاکان ئاو ڕادەوەستێت.
7 بەڵام لە سەرزەنشتی تۆ دەریاکان هەڵاتن،
لە گرمەی دەنگی تۆ بە ترسەوە ڕایانکرد،
8 بەسەر چیاکان کەوتن و
شۆڕ بوونەوە ناو دۆڵەکان،
بۆ ئەو شوێنەی تۆ بۆت دامەزراندبوون.
9 سنوورێکت دانا لێی تێنەپەڕن،
نەگەڕێنەوە هەتا زەوی دابپۆشن.
24 ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن!
هەموویت بە دانایی دروستکردووە،
زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ.
35 بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە،
با بەدکاران ئیتر نەمێنن.
ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
هەلیلویا![a]
36 دیسان ئەلیهو گوتی:
2 «تۆزێک ئارامم لەگەڵ بگرە جا پێتی نیشان دەدەم
کە هێشتا قسە هەیە لەبەر خودا بگوترێت.
3 زانینم لە دوورەوە هەڵدەگرم و
ڕاستودروستی دەدەمە پاڵ دروستکەرەکەم.
4 بەڕاستی قسەکانم درۆ نین،
ئەو کەسەی زانیاری تەواوە لەلای تۆیە.
5 «خودا مەزنە و بە چاوی سووک تەماشای کەس ناکات،
گەورەیە و ئامانجەکەی چەسپاوە.
6 خراپەکار ناژیێنێت و
مافی زەلیلان دەدات.
7 چاوەکانی لەسەر کەسی ڕاستودروست لا نادات،
بەڵکو لەگەڵ پاشایان لەسەر تەخت دایاندەنیشێنێت و
هەتاسەر پایەداریان دەکات.
8 ئەگەر بە زنجیر ببەسترێنەوە،
ئەگەر بە پەتی زەلیلی ببردرێن،
9 کردەوە و یاخیبوونەکانی خۆیانیان بۆ دەردەخات،
چونکە لووتبەرز بوون.
10 گوێیەکانیان بۆ ئاگادارکردنەوە دەکاتەوە و
فەرمانیان پێ دەکات لە خراپەکانیان تۆبە بکەن.
11 ئەگەر گوێ بگرن و بیپەرستن،
ڕۆژگاریان بە باشە و
ساڵانیان بە خۆشی بەسەردەبەن.
12 ئەگەر گوێش نەگرن،
بە شمشێر لەناودەچن و
بە نەزانی دەمرن.
13 «خوانەناسان تووڕەیی کۆدەکەنەوە،
هاواری فریاکەوتن ناکەن کە بیانبەستێتەوە.
14 لەنێو پیاوە لەشفرۆشەکانی نزرگەکان
لە گەنجیێتیدا دەمرن.
15 بەڵام فریای کڵۆڵ دەکەوێت لە زەلیلییەکەی و
لە کاتی تەنگانە گوێیان دەکاتەوە.
16 «هەروەها لە ڕووی تەنگانە پاڵت پێوە دەنێت
بەرەو شوێنێکی پانوبەرین و بێ بەربەست و
سەر خوانەکەت پڕ دەبێت لە خواردنی بەتام.
7 بۆیە پێشوازی لە یەکتری بکەن، هەر وەک مەسیح پێشوازی لێکردین، بۆ شکۆمەندی خودا. 8 من پێتان دەڵێم، مەسیح لەبەر ڕاستی خودا بوو بە خزمەتکاری جولەکەکان[a]، تاکو ئەو بەڵێنانەی بۆ باوکانە بیانچەسپێنێت، 9 لەبەر ئەوەی خودا بە بەزەییە نەتەوەکانیش ستایشی خودا دەکەن، وەک نووسراوە:
[لەبەر ئەوە لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم،
گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.][b]
10 دیسان دەفەرموێ:
[ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن.][c]
11 هەروەها:
[ئەی هەموو نەتەوەکان، ستایشی یەزدان بکەن!
ئەی هەموو گەلان، ستایشی بکەن!][d]
12 دیسان ئیشایا دەڵێت:
[ڕەگی یەسا دەردەکەوێت،
ئەوەی بۆ فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان هەڵدەستێتەوە،
ئومێدی نەتەوەکان بەو دەبێت.][e]
13 با خودای هیوا بە هەموو خۆشی و ئاشتییەک لە باوەڕدا پڕتان بکات، تاکو بە هێزی ڕۆحی پیرۆز سەرڕێژ بن لە هیوا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.