Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 55:1-15

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان بە ئامێرە ژێدارەکان، هۆنراوەیەکی داود.

55 ئەی خودایە، گوێ لە نوێژم بگرە،
    پاڕانەوەم پشت گوێ مەخە،
    گوێم لێ بگرە و وەڵامم بدەوە.
سەرم لێ شێواوە و لە نەگبەتی خۆم و بێزارم،
    لە بیستنی دەنگی دوژمن،
    لە چاو لێ سوور کردنەوەی بەدکاران،
چونکە ئەمانە تووشی گرفتم دەکەن و
    بە تووڕەییەوە دەمچەوسێننەوە.

دڵم لە ناخمدا پڕ لە ئازارە،
    ترسی مەرگ هاتووەتە سەرم.
ترس و لەرز دایگرتووم،
    تۆقین باڵی بەسەرمدا کێشاوە.
گوتم: «خۆزگە وەک کۆتر باڵم دەبوو،
    دوور دەفڕیم و دەحەسامەوە،
بە ڕاستی دووردەکەوتمەوە و
    لە چۆڵەوانی دەمامەوە.[a]
پەلەم دەکرد بۆ شوێنی پەناگای خۆم،
    دوور لە ڕەشەبا و لە گەردەلوول.»

ئەی پەروەردگار، سەریان لێ بشێوێنە، زمانیان تێک بئاڵێنە،
    چونکە زۆرداری و دووبەرەکی لە شاردا دەبینم.
10 شەو و ڕۆژ بەسەر شووراکانیدا دەسووڕێنەوە و
    خراپە و ناڕەوایی لە ناوەڕاستیدایە.
11 وێرانکاری لە ناوەڕاستیدایە،
    دەستدرێژی و ساختەکاری هەرگیز شەقامەکانی بەرنادەن.

12 ئەگەر دوژمن سووکایەتی پێم بکردایە،
    بەرگەم دەگرت،
ئەگەر ناحەز بەسەرمدا زاڵ بووایە،
    دەمتوانی خۆمی لێ بشارمەوە.
13 بەڵام ئەوە تۆی! هاوشێوەی من مرۆڤی،
    هاوڕێمی، نزیکترین برادەری منی،
14 کە بەیەکەوە پەیوەندییەکی شیرینمان هەبوو،
    بەیەکەوە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا بەرەو ماڵی خودا دەچووین.

15 با مەرگ چەواشەیان بکات،
    با بە زیندوویی دابەزنە ناو جیهانی مردووان،
    چونکە خراپە شوێنی خۆی کردووەتەوە لەنێویان.

ئەیوب 8

وەڵامی یەکەمی بیلدەد

ئینجا بیلدەدی شوحی وەڵامی دایەوە:

«هەتا کەی بەم شێوەیە قسە دەکەیت؟
    ئەوەی لە دەمت دێتە دەرەوە ڕەشەبایە.
ئایا خودا دادپەروەری بە لاڕێدا دەبات؟
    ئایا توانادارەکە ڕاستودروستی بەدرۆدەخاتەوە؟
ئەو کاتەی ڕۆڵەکانت گوناهیان دەرهەق بە خودا کرد،
    ئەوا خودا سزای گوناهەکانی خۆیانی بەسەر هێنانەوە.
بەڵام ئەگەر تۆ بەیانییان زوو ڕوو لە خودا بکەیت،
    لە خودای هەرە بە توانا بپاڕێیتەوە،
ئەگەر تۆ بێگەرد و ڕاست بیت،
    ئەوا هەر ئێستا ئاوڕت لێ دەداتەوە و
    ماڵەکەی خۆتت وەک پاداشت بۆ دەگەڕێنێتەوە.
پاشەڕۆژەکەت هێندە تێروتەسەل دەبێت،
    کە سەرەتاکەت زۆر هەژار بووە.

«پرسیار لە نەوەی ڕابردوو بکە و
    بزانە لە باوباپیرانیانەوە چی فێربوون،
چونکە ئێمە منداڵی دوێنێین و هیچ نازانین،
    ڕۆژگاریشمان لەسەر زەوی وەک سێبەر تێدەپەڕێت.
10 ئایا ئەو نەوەیە فێرت ناکەن و پێت ناڵێن؟
    یان بە بیری خۆیان قسەت لێ دەرناهێنن؟
11 ئایا زەل بەبێ زۆنگاو گەشە دەکات،
    یان قامیش بەبێ ئاو شین دەبێت؟
12 بەڵکو ئەوان کە هێشتا گەشە دەکەن و نەبڕدراون،
    کەچی پێش هەموو گیایەک وشک دەبن،
13 بەو جۆرەیە سەرگوزەشتەی ژیانی هەموو ئەوانەی خودایان لەبیر کردووە و
    هیوای خوانەناسان لەناودەچێت.
14 ئەوەی پاڵپشتەکەیەتی دەبڕدرێتەوە،
    پشتی بە تەونی جاڵجاڵۆکە بەستووە.
15 خۆی بە تەوەنەکەوە ڕادەگرێت بەڵام دەپچڕێت،
    دەستی پێوە دەگرێت و خۆی ڕاناگرێت.
16 ئەوانە وەک ڕووەکێکی تەڕ لەژێر تیشکی خۆردان،
    کە لەناو باخچەکەیدا چڵی تازە دەردەکات.
17 بەسەر کۆمەڵە بەرددا ڕەگ دادەکوتێت و
    بە تاشەبەردەکانەوە خۆیان توند دەگرن.
18 بەڵام کە لە شوێنی خۆی هەڵکەنرا،
    شوێنەکەی نکۆڵی لێ دەکات و دەڵێ: ”من جێگای تۆ نیم.“
19 ببینە، خۆشی ژیانەکەی تەنها ئەوەیە،
    کە لە جێگاکەیەوە یەکێکی دیکە چەکەرە دەکات.

20 «بێگومان خودا ئەو کەسە ڕەت ناکاتەوە کە بێ کەموکوڕی بێت،
    کە هانی خراپەکاران نادات.
21 کاتێک دەمت پڕ لە پێکەنین دەکات و
    لێوەکانت پڕ لە هوتاف،
22 ناحەزانت شەرمەزاری لەبەر دەکەن و ڕەشماڵی
    خراپەکارانیش تەفروتوونا دەبن.»

یەکەم کۆرنسۆس 7:1-9

هاوسەرگیری

سەبارەت بەو شتانەی کە بۆ منتان نووسیوە: باشە بۆ پیاو ژن نەهێنێت[a]. بەڵام لەبەر داوێنپیسی، با هەر پیاوێک ژنی خۆی هەبێت و هەر ژنێک مێردی خۆی هەبێت. مێرد لەسەریەتی ئەرکی سەرشانی بۆ ژنەکەی بەجێبگەیەنێت، هەروەها ژنیش بۆ مێرد. ژن دەسەڵاتی بەسەر لەشی خۆیدا نییە، بەڵکو هی مێردەکەیەتی. هەروەها مێردیش دەسەڵاتی بەسەر لەشی خۆیدا نییە، بەڵکو هی ژنەکەیەتی. خۆتان لە یەکتری بێبەش مەکەن، مەگەر بە ڕێککەوتن بۆ ماوەیەک تاکو بۆ نوێژکردن دەست بەتاڵ بن و دواتر بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی ژن و مێردایەتی، نەوەک بەهۆی بەسەرخۆدا زاڵنەبوونتانەوە شەیتان تاقیتان بکاتەوە. بەڵام ئەمەی دەیڵێم، وەک ڕێگادانە نەک فەرمان. هیوادارم هەموو خەڵک وەک من بن[b]، بەڵام هەریەکە لەلایەن خوداوە بەهرەی خۆی هەیە، هی یەکێک ئاوایە و ئەوەی دیکەش ئاوا.

بەڵام ئەوانەی هاوسەرگیرییان نەکردووە و بێوەژنانیش، پێیان دەڵێم: بۆیان باشە ئەگەر وەک من[c] بمێننەوە. بەڵام ئەگەر خۆیان ڕانەگرت، با هاوسەرگیری بکەن، چونکە هاوسەرگیری لە گڕگرتن باشترە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.