Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود.
140 ئەی یەزدان، لە کەسی بەدکار دەربازم بکە،
لە پیاوی توندوتیژ بمپارێزە،
2 ئەوانەی لە دڵەوە بیر لە خراپە دەکەنەوە و
هەموو ڕۆژێک خەریکی شەڕانگێزین.
3 زمانیان وەک زمانی مار تیژکردووە،
ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.[a]
4 ئەی یەزدان، لە دەست بەدکار ئاگادارم بە،
لە پیاوی توندوتیژ بمپارێزە،
ئەوانەی پیلانیان داناوە بۆ ئەوەی قاچم بخلیسکێنن.
5 لووتبەرزان تەڵەیان بۆم ناوەتەوە،
پەت و تۆڕیان بڵاو کردووەتەوە،
لە دەم ڕێگا داویان بۆم ناوەتەوە.
6 بە یەزدانم گوت: «تۆ خودای منی!»
ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی پاڕانەوەم بگرە.
7 ئەی یەزدانی پەروەردگار، هێزی ڕزگاریم،
لە ڕۆژی شەڕدا سەری منت داپۆشی.
8 ئەی یەزدان، ئارەزووەکانی بەدکار مەهێنە دی،
لێمەگەڕێ پیلانەکانی سەربگرێت،
بۆ ئەوەی لووتبەرز نەبن.
9 با سەری ئەوانەی دەوریان داوم
بە خراپەی لێویان بپۆشرێن،
10 با پشکۆیان بەسەردا ببارێت،
بکەونە ناو ئاگرەوە،
بکەونە ناو چاڵەوە، ڕاست نەبنەوە.
11 با بوختانکەر لەسەر زەوی جێگیر نەبێت،
با کەسی توندوتیژ ببێتە نێچیری خراپە.
12 دەزانم یەزدان دادپەروەری دەکات بۆ هەژاران،
ماف دەدات بە نەداران.
13 بێگومان ڕاستودروستان ستایشی ناوت دەکەن،
سەرڕاستان لە ئامادەبوونت دادەنیشن.
فەرمانی پاشا سەبارەت بە جولەکەکان
8 لەو ڕۆژە ئەحەشوێرۆشی پاشا سامانی هامانی دوژمنی جولەکەکانی دایە ئەستێری شاژن. مۆردەخای هاتە بەردەم پاشا، چونکە ئەستێر پێی گوتبوو کە خزمی ئەوە. 2 هەروەها پاشا ئەنگوستیلەکەی لە دەستی خۆی داکەند کە لە هامانی سەندبووەوە و دایە مۆردەخای. ئەستێریش مۆردەخای کردە بریکاری سامانەکەی هامان.
3 ئەستێر جارێکی دیکە لەگەڵ پاشا قسەی کرد. خۆی خستە بەر پێیەکانی و گریا و لێی پاڕایەوە بۆ ئەوەی پیلانەکەی هامانی ئەگاگی هەڵبوەشێنێتەوە کە لە دژی جولەکەکان دایڕشتبوو. 4 ئینجا پاشا داردەستە زێڕینەکەی بۆ ئەستێر درێژکرد، ئەستێر هەستا و لەبەردەم پاشا ڕاوەستا.
5 گوتی: «ئەی پاشا، ئەگەر تۆ ڕازی بیت، ئەگەر منت بە دڵە و دەبینیت کە داواکارییەکەم ڕەوایە، ئەگەر من لەلای تۆ پەسەندم، تکایە داوای نووسینی فەرمانێک بکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پیلانەی هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی دایڕشتبوو. ئەو نامەی بۆ هەموو هەرێمەکانی پاشا نووسیبوو بۆ لەناوبردنی جولەکەکان. 6 ئەوسا چۆن دەتوانم تەماشای ئەو کارەساتە بکەم کە تووشی نەتەوەکەم دەبێت؟ چۆن دەتوانم تەماشای لەناوچوونی ڕەگەزەکەم بکەم؟»
7 ئەحەشوێرۆش پاشا وەڵامی شاژنە ئەستێر و مۆردەخای جولەکەی دایەوە: «لەبەر ئەوەی هامان دەستدرێژی کردە سەر جولەکە، سامانەکەی ئەوم دایە ئەستێر، لە سێدارەشیان دا. 8 ئێوەش ئەوەی پێتان باشە بە ناوی پاشاوە بۆ جولەکەکانی بنووسن، بە ئەنگوستیلەکەی پاشا مۆری بکەن، چونکە ئەو نووسینەی بە ناوی پاشاوە دەنووسرێت و بە ئەنگوستیلەکەی مۆر بکرێت هەڵناوەشێنرێتەوە.»
9 لەو کاتە، لە بیست و سێی سێ، واتە مانگی سیڤان، خامەی نهێنییەکانی[a] پاشا بانگ کران. هەموو ئەو شتانەی کە مۆردەخای فەرمانی پێ کردن بۆ جولەکە و میر و پارێزگار و سەرکردەکانی هەرێمەکان نووسییان، سەد و بیست و حەوت هەرێم بوون، لە هیندستانەوە هەتا کوش، بۆ هەر هەرێمێک بە زمان و ڕێنووسی خۆی، بۆ جولەکەکانیش بە زمان و ڕێنووسی خۆیان. 10 مۆردەخای ئەو نامانەی بە ناوی ئەحەشوێرۆش پاشاوە نووسی و بە ئەنگوستیلەکەی پاشا مۆری کردن، بە پەیامبەرەکاندا ناردی، کە سواری ئەسپە تیژڕەوە ڕەسەنەکانی پاشا ببوون.
11 ئەو نامانەی پاشا مافی ئەوەی بە جولەکەکانی هەموو شارێک دابوو کۆببنەوە بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن و هەر هێزێکی چەکدار لە هەر نەتەوە و هەرێمێک بێت هێرشیان بکاتە سەر لەناوی ببەن، بیانکوژن و قڕیان بکەن، بە ژن و منداڵەکانیشیانەوە، ئەوەی هەشیانە تاڵانی بکەن. 12 ئەو ڕۆژە لەناو هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا دیاریکراوە، لە سێزدەی دوازدە، واتە لە مانگی ئادار. 13 وێنەیەک لەو فەرمانە کە وەک یاسا دەرکرابوو لەنێو هەموو هەرێم و گەلەکان بڵاو کرایەوە، بۆ ئەوەی جولەکەکان ئامادە بن بۆ ئەو ڕۆژە تاکو تۆڵە لە دوژمنەکانیان بستێننەوە.
14 پەیامبەرەکان سواری ئەسپی پاشا بوون، هەروەک پاشا فەرمانی پێ کردبوون بە پەلە ڕۆیشتن، هەروەها یاساکە لە قەڵای شوشیش دەرچوو.
15 ئینجا مۆردەخای بە بەرگی شاهانەی مۆر و سپییەوە لەبەردەم پاشا هاتە دەرەوە، تاجێکی گەورەی زێڕین لەسەر ناوچەوانی بوو، کەوایەکی ئەرخەوانی لە کشمیر دروستکراویشی لەسەر شان بوو. شادی و خۆشی شاری شوشی گرتەوە. 16 ڕووناکی بۆ جولەکەکان درەوشایەوە، پڕبوون لە خۆشی و شادی و هەستکردن بە ڕێز. 17 جا لە هەر هەرێم و شارێک کە فەرمانەکەی پاشا و یاساکەیان پێ دەگەیشت، دەبووە شادی و خۆشی بۆ جولەکەکان، خوانیان دەڕازاندەوە و ئاهەنگیان دەگێڕا. زۆریش لە نەتەوەکانی دیکە بوونە جولەکە، چونکە زۆر لە جولەکە دەترسان.
6 بەڵام ئەوەی ببێتە کۆسپ بۆ یەکێک لەم بچووکانەی کە باوەڕیان بە من هەیە، باشترە بۆی بەرداشێکی گەورە بە ملیەوە هەڵبواسرێت و نوقومی بنی دەریا بکرێت.
7 «قوڕبەسەر جیهان لەبەر ئەو کۆسپانەی کە مرۆڤ تووشی گوناه دەکەن! چونکە کۆسپەکان هەر دەبێ هەبن، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی دەبێتە هۆی کۆسپەکان! 8 ئەگەر دەستت یان پێت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە و فڕێیبدە.[a] باشترە کە بێ دەست یان بێ پێ بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی بە دوو دەست یان دوو پێیەوە فڕێبدرێیتە ناو ئاگری هەتاهەتاییەوە. 9 ئەگەر چاوت بۆت بووە کۆسپ، دەریبهێنە و فڕێیبدە. باشترە بە یەک چاو بچیتە ناو ژیانەوە لەوەی بە دوو چاوەوە بخرێیتە ئاگری دۆزەخەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.