Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 26

زەبوورێکی داود.

26 ئەی یەزدان، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
    چونکە بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
پشتم بە یەزدان بەستووە،
    بەبێ دوودڵی.
ئەی یەزدان، تاقیم بکەوە، بمخە ناو لێکۆڵینەوە،
    مێشک و دڵم بپشکنە.
چونکە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆم لەبەرچاوە،
    بە ڕاستی تۆ ڕەفتار دەکەم.

لەگەڵ فێڵبازان دانانیشم،
    تێکەڵی دووڕووان نابم.
ڕقم لە کۆمەڵی بەدکاران دەبێتەوە و
    لەگەڵ خراپەکار دانانیشم.
دەستەکانم دەشۆم تاکو بێتاوانیم دەربخەم،
    ئەی یەزدان، بە دەوری قوربانگاکەتدا دەسووڕێمەوە و
بە دەنگی بەرز ستایشت دەکەم و
    هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.

ئەی یەزدان، ئەو ماڵەم خۆشدەوێت کە تۆ تێیدا دەژیت،
    ئەو شوێنەی کە شکۆی تۆی تێدا نیشتەجێیە.
گیانم لەگەڵ گوناهباران کۆمەکەوە،
    ژیانم لەگەڵ خوێنڕێژان،
10 ئەوانەی کە دەستیان بە خراپە پیس بووە،
    ئەوانەی دەستی ڕاستەیان پڕ لە بەرتیلە.
11 بەڵام من بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
    بمکڕەوە و لەگەڵم میهرەبان بە.

12 پێم لەسەر زەوییەکی تەختە،
    لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی یەزدان دەکەم.

ئەیوب 4

وەڵامی یەکەمی ئەلیفاز

ئینجا ئەلیفازی تێمانی وەڵامی دایەوە:

«ئەگەر یەکێک قسەیەک بکات دڵگران دەبیت؟
    بەڵام کێ دەتوانێت لە قسەکردن ڕابوەستێت؟
لە یادت بێ تۆ ڕێنمایی زۆر کەست کردووە و
    دەستە شلبووەکانت توند کردووە.
قسەکانت ئەوانەی هەستاندەوە کە کەوتوون و
    ئەژنۆ لەرزۆکەکانت چەسپاند.
بەڵام ئێستا کە خۆت تووشی تەنگانە بوویت، ورەت بەرداوە،
    لەوەی کە بەسەر خۆت هاتووە، پەرێشان بوویت.
ئایا پشت بە لەخواترسییەکەت نابەستیت؟
    ئایا بێ کەموکوڕییەکەت هیوابەخش نییە؟

«بەبیر خۆتی بهێنەرەوە، بێتاوانێکت بینیوە فەوتابێت،
    یاخود کەسە سەرڕاستەکان لەناوچووبن؟
وەک بینیوتە، ئەوانەی خراپە دەکێڵن و
    چەرمەسەری دەچێنن، خۆیان دروێنەی دەکەن.
بە هەناسەی خودا لەناودەچن و
    بە بای تووڕەییەکەی نامێنن.
10 مڕەمڕی شێر و دەنگی نەڕەی و
    کەڵبەی شێرەکان شکێنران.
11 شێر دەفەوتێت لەبەر نەبوونی نێچیر و
    بەچکەی شێرەکە پەرتەوازە دەبن.

12 «وشەیەک بۆ لای من دزەی کرد،
    گوێم چرپەیەکی بیست.
13 لە مۆتەکەی[a] شەومدا
    کاتێک مرۆڤ خەوێکی قووڵ دەیباتەوە،
14 ترس و تۆقینێک منی داگرت و
    هەموو ئێسکەکانم لەرزین.
15 ڕۆحێک بە بەردەممدا تێپەڕی و
    مووەکانی لەشم مووچڕکەیان پێدا هات.
16 ڕاوەستا،
    بەڵام نەمزانی چی بوو،
شێوەیەک لەبەرچاوم بوو،
    چرپەیەک و دەنگێکم بیست:
17 ”ئایا مرۆڤ لە خودا ڕاستودروستترە،
    یان پیاو لە بەدیهێنەرەکەی بێگەردتر دەبێت؟
18 ئەگەر خودا متمانە بە خزمەتکارەکانی نەکات و
    گومڕایی بخاتە پاڵ فریشتەکانی،
19 ئەی چەند زیاتر متمانە بە دانیشتووانی ناو خانووی قوڕ ناکات،
    ئەوانەی بنەچەیان لە خۆڵەوەیە و
    وەک مۆرانە پان دەکرێنەوە.
20 لەنێوان بەیانی و ئێوارەدا تێکدەشکێنرێن،
    بێ ئەوەی کەس ئاگای لێیان بێت بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن.
21 ئایا گوریسی ڕەشماڵەکانیان هەڵنەکێشراوە،
    تاکو بەبێ دانایی بمرن؟“

ڕۆما 8:1-11

ئازادبوون لە مردن

کەواتە ئێستا تاوانبارکردن بۆ ئەوانە نییە کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن، چونکە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە یاسای ڕۆحی ژیان لە یاسای گوناه و مردن ئازادی کردیت. خودا ئەوەی کرد کە تەورات بەهۆی لاوازی سروشتی دنیایی نەیتوانی بیکات: کوڕەکەی خۆی لە شێوەی جەستەی مرۆڤی گوناهبار[a] نارد بۆ ئەوەی ببێتە قوربانی گوناه. لە جەستەی مرۆڤانەدا گوناهی تاوانبار کرد، تاکو داواکارییە دروستەکانی تەورات لە ئێمەدا بێتە دی، کە بەگوێرەی سروشتی دنیایی ناژین، بەڵکو بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز.

ئەوانەی بەگوێرەی سروشتی دنیایی دەژین، بایەخ بە کاروباری سروشتی دنیایی دەدەن، بەڵام ئەوانەی بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز دەژین، بایەخ بە کاروباری ڕۆحی پیرۆز دەدەن. بایەخی سروشتی دنیایی مردنە، بەڵام بایەخی ڕۆحەکە ژیان و ئاشتییە. بایەخی سروشتی دنیایی دوژمنایەتییە لەگەڵ خودا، چونکە ملکەچی تەوراتی خودا نابێت، لەبەر ئەوەی ناتوانێت. جا ئەوانەی لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایین ناتوانن خودا ڕازی بکەن.

بەڵام ئێوە، ئەگەر ڕۆحی خودا لەناوتاندا نیشتەجێ بێت، ئەوا لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایی نین، بەڵکو لە لەژێر کاریگەری ڕۆحدان. ئەگەر یەکێکیش ڕۆحی مەسیحی نەبێت، ئەوا هی مەسیح نییە. 10 ئەگەر مەسیح لە ئێوەدا بێت، ئەوا جەستە بەهۆی گوناه مردووە، بەڵام ڕۆح بەهۆی ڕاستودروستی زیندووە. 11 ئەگەر ڕۆحی ئەوەی عیسای لەنێو مردووان هەستاندەوە لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت، ئەوا ئەوەی مەسیحی لەنێو مردووان هەستاندەوە بە ڕۆحی خۆی کە لە ئێوەدا نیشتەجێیە لەشی مردووشتان زیندوو دەکاتەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.