Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئەیوب 1:1

سەرەتا: ژیانی ئەیوب پێش تاقیکردنەوە

پیاوێک هەبوو لە خاکی عوچ ناوی ئەیوب بوو، کەسێکی ڕاست و بێ کەموکوڕی بوو، لەخواترس بوو، خۆی لە خراپە لا دەدا.

ئەیوب 2:1-10

دووەم تاقیکردنەوەی ئەیوب

ئەوە بوو ڕۆژێکیان فریشتەکان هاتن بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدان بوەستن، شەیتانیش لەگەڵیان هات. یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «لەکوێوە هاتیت؟»

شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «لە گەڕان لەسەر زەوی و هاتوچۆکردن تێیدا.»

جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «خۆ چاوت نەبڕیوەتە سەر ئەیوبی بەندەم؟ چونکە لە زەویدا کەس نییە وەک ئەو، کەسێکی وا ڕاست و بێ کەموکوڕی، لەخواترسە و لە خراپە لادەدات. هەتا ئێستاش پابەندە بەوەی کەسێکی دروست بێت، هەرچەندە هانت دام بۆ ئەوەی بەبێ هۆ لووشی بدەم.»

شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «پێست بە پێست! مرۆڤ هەرچی هەبێت بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خۆی دەیدات. بەڵام ئێستا دەست درێژبکە و لە ئێسک و گۆشتی خۆی بدە، بزانە چۆن بەرەو ڕوو نەفرەتت لێ دەکات.»

یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «ئەوەتا لەبەردەستی خۆتدایە، بەڵام ژیانی بپارێزە.»

ئیتر شەیتان لەبەردەم یەزدان چووە دەرەوە و ئەیوبی تووشی برینی پیس کرد، لە بنی پێیەوە هەتا تەپڵی سەری. ئەویش پارچە گۆزەیەکی بۆ خۆخوراندن لەدەست گرت و لەناو خۆڵەمێش دانیشتبوو.

ژنەکەی پێی گوت: «ئایا هەتا ئێستاش هەر پابەندیت بە دروستییەکەتەوە؟ نەفرەتی لە خودا بکە و بمرە!»

10 ئەویش پێی گوت: «وەک نەزانێک قسە دەکەیت، ئایا چاکەی خودا قبوڵ بکەین، بەڵام نەهامەتی قبوڵ نەکەین؟»

لە هەموو ئەمەدا ئەیوب گوناهی بەسەر لێودا نەهات.

زەبوورەکان 26

زەبوورێکی داود.

26 ئەی یەزدان، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
    چونکە بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
پشتم بە یەزدان بەستووە،
    بەبێ دوودڵی.
ئەی یەزدان، تاقیم بکەوە، بمخە ناو لێکۆڵینەوە،
    مێشک و دڵم بپشکنە.
چونکە خۆشەویستی نەگۆڕی تۆم لەبەرچاوە،
    بە ڕاستی تۆ ڕەفتار دەکەم.

لەگەڵ فێڵبازان دانانیشم،
    تێکەڵی دووڕووان نابم.
ڕقم لە کۆمەڵی بەدکاران دەبێتەوە و
    لەگەڵ خراپەکار دانانیشم.
دەستەکانم دەشۆم تاکو بێتاوانیم دەربخەم،
    ئەی یەزدان، بە دەوری قوربانگاکەتدا دەسووڕێمەوە و
بە دەنگی بەرز ستایشت دەکەم و
    هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.

ئەی یەزدان، ئەو ماڵەم خۆشدەوێت کە تۆ تێیدا دەژیت،
    ئەو شوێنەی کە شکۆی تۆی تێدا نیشتەجێیە.
گیانم لەگەڵ گوناهباران کۆمەکەوە،
    ژیانم لەگەڵ خوێنڕێژان،
10 ئەوانەی کە دەستیان بە خراپە پیس بووە،
    ئەوانەی دەستی ڕاستەیان پڕ لە بەرتیلە.
11 بەڵام من بەبێ کەموکوڕی ژیاوم،
    بمکڕەوە و لەگەڵم میهرەبان بە.

12 پێم لەسەر زەوییەکی تەختە،
    لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی یەزدان دەکەم.

عیبرانییەکان 1:1-4

پایەبەرزی عیسای مەسیح

لە سەردەمانی کۆنەوە خودا زۆر جار و بە ڕێگای جۆراوجۆر لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە لەگەڵ باوباپیراندا دواوە، بەڵام لەم ڕۆژانەی کۆتاییدا لە ڕێگەی کوڕەکەیەوە لەگەڵمان دوا، ئەوەی دەستنیشانی کردووە وەک میراتگری هەموو شتێک و لە ڕێگەی ئەویشەوە گەردوونی دروستکردووە. کوڕەکە تیشکی شکۆی خودایە و بە تەواوی وێنەی کڕۆکیەتی[a]، هەڵگری هەموو شتێکە بە هێزی فەرمایشتی خۆی، لەدوای ئەوەی پاکسازیی بۆ گوناه کرد لە دەستەڕاستی خودای مەزن لە ئاسمان دانیشت. بەم شێوەیە کوڕەکە لە فریشتەکان پایەبەرزتر بوو، بەو ئەندازەیەی ناوێکی بە میرات بۆ مایەوە زۆر لەوان شکۆدارتر.

عیبرانییەکان 2:5-12

عیسا وەک براکانیەتی

ئەو جیهانەی کە دێت و باسی دەکەین، ملکەچی فریشتەکانی نەکردووە. بەڵام لە شوێنێکدا کەسێک شایەتی داوە:

[مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟
    کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟
بۆ ماوەیەکی کەم ئەوت لە فریشتەکانت بە کەمتر دانا و
    تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری،
    هەروەها هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.][a]

کاتێک خودا هەموو شتێکی ملکەچ کردووە، هیچ شتێکی نەهێشتەوە ملکەچی نەکات. هەرچەندە ئێستا نابینین هەموو شتێک ملکەچی کرابێت. بەڵکو عیسا دەبینین، ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت لە فریشتەکان کەمتر دانرا، لەبەر ئازاری مردن تاجی شکۆ و ڕێزی خراوەتە سەر، تاکو بە نیعمەتی خودا لە جیاتی هەر یەکێک مردن بچێژێ.

10 لە خودا دەوەشایەوە، ئەوەی هەموو شتێک بۆ ئەو و بەهۆی ئەوەوەیە، کاتێک دەیویست ڕۆڵەی زۆر بهێنێتە نێو شکۆمەندییەکەی، دەبووایە عیسا کە پێشەنگی ڕزگارکردنیانە، لە ڕێگەی ئازارەوە بکاتە ڕزگارکەرێکی تەواو. 11 عیسا کە خەڵک پیرۆز دەکات و ئەو خەڵکەی پیرۆز کراون هەردووکیان سەر بە یەک خێزانن، لەبەر ئەم هۆیەش عیسا شەرم ناکات بە خوشک یان برا ناویان ببات. 12 دەفەرموێ:

[ناوی تۆ بە براکانم ڕادەگەیەنم،
    لەناو کۆمەڵدا[b] ستایشت دەکەم.][c]

مەرقۆس 10:2-16

هەندێک فەریسی هاتن و بۆ تاقیکردنەوە پرسیاریان لێی کرد: «ئایا دروستە مێرد ژنەکەی تەڵاق بدات؟»

وەڵامی دایەوە: «موسا فەرمانی چی پێ کردوون؟»

گوتیان: «موسا ڕێی داوە تەڵاقنامە بنووسرێت و تەڵاق بکەوێت.»

بەڵام عیسا پێی فەرموون: «لەبەر دڵڕەقیتان ئەم ڕاسپاردەیەی بۆ نووسین. بەڵام لە سەرەتای بەدیهێنانەوە، خودا [بە نێر و مێ بەدیهێنان.][a] [لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.][b] کەواتە چیتر دوو نین، بەڵکو یەک جەستەن. لەبەر ئەوە ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە، با مرۆڤ جیای نەکاتەوە.»

10 لە ماڵەوەش، قوتابییەکان دیسان لەم بارەیەوە لێیان پرسی. 11 پێی فەرموون: «ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی بەرامبەری دەکات. 12 ئەگەر ژن مێردەکەی تەڵاق بدات و مێرد بە یەکێکی دیکە بکات، ئەوا داوێنپیسی دەکات.»

شانشینی ئاسمان بۆ منداڵانە

13 خەڵکی منداڵیان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت[c]. بەڵام قوتابییەکان سەرزەنشتیان کردن. 14 کە عیسا ئەمەی بینی، تووڕە بوو، پێی فەرموون: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی خودا هی وەک ئەمانەیە. 15 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێک شانشینی خودا قبوڵ نەکات، هەرگیز ناچێتە ناویەوە.» 16 منداڵەکانیشی لە باوەش کرد، دەستی لەسەر دانان و بەرەکەتی پێدان.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.