Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
מ (میم)
97 چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە!
بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە.
98 بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم،
چونکە هەتاهەتایە بۆ منە.
99 لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم،
چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە.
100 لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم،
چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.
101 پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ،
بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم.
102 لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە،
چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم.
103 بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم،
لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم.
104 لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا،
بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.
ئاگر لە یەزدانەوە
11 گەل دەربارەی ناخۆشییان بۆڵەبۆڵیان کرد، گەیشتە لای یەزدان. یەزدان کە ئەمەی بیست پێی خراپ بوو، تووڕەیی جۆشا، ئیتر ئاگری یەزدان تێیاندا گڕی گرت و قەراغی ئۆردوگاکەی سووتاند. 2 لەبەر ئەوە گەل هاواریان بۆ موسا کرد، موساش لە یەزدان پاڕایەوە و ئاگرەکە کوژایەوە. 3 ئەو شوێنەش ناونرا تەبعیرە، چونکە ئاگری یەزدان تێیاندا گڕی گرت.
سوێسکە لە یەزدانەوە
4 ئەو ئاژاوەگێڕانەی لەنێویان دەژیان ئارەزووی گۆشتیان دەکرد، جا نەوەی ئیسرائیلیش گەڕانەوە و گریان و گوتیان: «کێ گۆشتمان دەرخوارد دەدات. 5 ئەو ماسیەی لە میسر بەخۆڕایی دەمانخوارد بەبیرمان هاتەوە، لەگەڵ خەیار و شووتی و کەوەر و پیاز و سیر. 6 ئێستاش وا گیانمان وشک بوو، هیچ شتێک نییە و هەر چاومان لەسەر ئەو مەنەیە!»
7 مەنیش وەک تۆوی گژنیژ وابوو، دیمەنی وەک دیمەنی سرێشی دار درەوشاوە بوو. 8 گەلیش دەسووڕانەوە هەتا هەڵیبگرنەوە، ئینجا بە دەستاڕ دەیانهاڕی یان لە هاون دەیانکوتایەوە و لە مەنجەڵ لێیان دەنا و دەیانکردە کولێرە، تامەکەشی وەک تامی کولێرە برژاوی بە زەیت بوو. 9 هەر کاتێک بە شەو شەونم بەسەر ئۆردوگاکەدا دەهاتە خوارەوە، ئەوا مەنیش لەگەڵیدا دەهاتە خوارەوە.
17 ئەی خوشک و برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، ئاگاتان لەوانە بێت کە ناکۆکی و کۆسپ دەنێنەوە، بە پێچەوانەی ئەو فێرکردنەی فێری بوون. لێیان دوور بکەونەوە. 18 ئەو کەسانەی بەم شێوەیەن خزمەتی مەسیحی گەورەمان ناکەن، بەڵکو خزمەتی سکی خۆیان دەکەن، بە قسەی خۆش و زمانلووسی دڵی ساکارەکان هەڵدەخەڵەتێنن. 19 هەروەها هەواڵی ملکەچیتان بۆ خودا بە هەمووان گەیشتووە، بۆیە پێتان دڵخۆشم، بەڵام دەمەوێت لە چاکە دانا بن و لە خراپە بێبەری بن.
20 خودای ئاشتی بەم زووانە شەیتان لەژێر پێتان پان دەکاتەوە. با نیعمەتی عیسای خاوەن شکۆمان لەگەڵتان بێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.