Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 77

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان. ئاوازی یەدوتون، زەبوورێکی ئاساف.

77 دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، هاوار دەکەم،
    دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، گوێم لێ بگرە.
لە ڕۆژی تەنگانەم بەدوای پەروەردگاردا دەگەڕێم،
    بە درێژایی شەو دەست پان دەکەمەوە، بێ ئەوەی سڕبێت.
    گیانم نەوازش ڕەت دەکاتەوە.

بیر لە خودا دەکەمەوە و دەناڵێنم،
    ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەبوورێتەوە.[a]
پێڵووی چاوەکانمت گرت،
    شپرزە بووم، قسەم پێ نەکرا.
بیر لە ڕۆژگاری دێرین دەکەمەوە،
    ساڵانی ڕابردوو.
شەوانە لە دڵی خۆم بیر لە ئاوازەکانم دەکەمەوە،
    ورد دەبمەوە و ڕۆحم دەگەڕێت:

«ئایا هەتاهەتایە پەروەردگار ڕەت دەکەیتەوە؟
    چیتر لێمان ڕازی نابێتەوە؟
ئایا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتایە نەماوە؟
    ئایا بەڵێنەکانی بۆ نەوە دوای نەوە دواییان هاتووە؟
ئایا خودا میهرەبانی لەبیر کردووە؟
    یان لە تووڕەیی بەزەیی خۆی داخستووە؟»

10 ئینجا دەڵێم: «ئەمە دەردی منە:
    دەستە ڕاستەی خودای هەرەبەرز گۆڕاوە.»
11 کردارەکانی یەزدان دێنمەوە یادم،
    بێگومان پەرجووەکانی تۆم لەبیرە کە لە کۆنەوەیە.
12 لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە و
    بیر لە کردەوە مەزنەکانت دەکەمەوە.

13 ئەی خودایە، ڕێگات پیرۆزە.
    چ خودایەک وەک خودا مەزنە؟
14 تۆ ئەو خودایەی کە پەرجووت کردووە و
    هێزی خۆتت لەنێو خەڵک دەرخستووە.
15 بە بازووی خۆت گەلی خۆتت کڕییەوە،
    نەوەی یاقوب و یوسف.

16 ئەی خودایە، کە ئاوەکان تۆیان بینی،
    کە ئاوەکان تۆیان بینی ترسان،
    بگرە قووڵاییەکان هەژان.
17 هەورەکان ئاویان ڕشت،
    هەورەتریشقەکان دەنگیان دایەوە،
    هەروەها تیرەکانت بریسکانەوە.
18 گرمەی هەورەتریشقەی تۆ لە گەردەلوول،
    بروسکەکان دنیاییان ڕووناک کردەوە،
    زەوی لەرزی و هەژا.
19 ڕێگات بە ناو دەریادایە،
    ڕێچکەکانت بە ناو ئاوە زۆرەکانە،
    شوێن پێیەکانت نەزانران.

20 لەسەر دەستی موسا و هارون،
    وەک مێگەلە مەڕ ڕێنمایی گەلی خۆتت کرد.

دووەم پاشایان 2:1-18

بەرزکردنەوەی ئەلیاس بۆ ئاسمان

کاتێک یەزدان ویستی ئەلیاس لە گەردەلوولێکدا بۆ ئاسمان بەرز بکاتەوە، ئەلیاس و ئەلیشەع لە گلگالەوە بەڕێکەوتن. ئەلیاس بە ئەلیشەعی گوت: «لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە بێت‌ئێل.»

ئەلیشەعیش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی خۆت، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا بەرەو بێت‌ئێل چوون.

ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی بێت‌ئێل هاتنە دەرەوە بۆ لای ئەلیشەع و لێیان پرسی: «دەزانیت ئەمڕۆ یەزدان گەورەکەت لە تۆ دەستێنێ؟»

ئەویش گوتی: «بەڵێ دەزانم، بێدەنگ بن.»

ئینجا ئەلیاس پێی گوت: «ئەلیشەع، لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە ئەریحا.»

ئەویش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا چوونە ئەریحا.

ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی ئەریحاش لە ئەلیشەع هاتنە پێشەوە و لێیان پرسی: «دەزانیت ئەمڕۆ یەزدان گەورەکەت لێ دەستێنێت؟»

ئەویش گوتی: «بەڵێ دەزانم، بێدەنگ بن.»

پاشان ئەلیاس پێی گوت: «لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە ڕووباری ئوردون.»

ئەویش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا هەردووکیان ڕۆیشتن.

پەنجا ئەندامی کۆمەڵی پێغەمبەران ڕۆیشتن و لە دوورەوە لە بەرامبەر ئەلیاس و ئەلیشەع ڕاوەستان، ئەوانیش هەردووکیان لەسەر ڕووباری ئوردون ڕاوەستان. ئەلیاس کەواکەی گرت و پێچایەوە و لە ئاوەکەی دا. جا ئاوەکە شەق بوو، هەردووکیان بە وشکانیدا پەڕینەوە.

کاتێک پەڕینەوە، ئەلیاس بە ئەلیشەعی گوت: «داوای چی دەکەیت هەتا بۆت بکەم، بەر لەوەی لێت جیا ببمەوە؟»

ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «با ڕۆحی تۆ بە میرات وەربگرم.»

10 ئەلیاس گوتی: «داوای شتێکی گرانت کرد. ئەگەر منت بینی کاتێک لێت جیا دەبمەوە، ئەوا بۆ تۆ دەبێت، ئەگەر نا بۆت نابێت.»

11 ئەوە بوو کاتێک دەڕۆیشتن و قسەیان دەکرد، لەناکاو گالیسکەیەکی ئاگرین و چەند ئەسپێکی ئاگرین هەردووکیانی لێک جیا کردەوە، ئەلیاس لە گەردەلوولێکدا بۆ ئاسمان سەرکەوت. 12 ئەلیشەع ئەمەی بینی و هاواری کرد: «باوکە! باوکە! گالیسکەکەی ئیسرائیل و سوارەکانی!» ئیتر ئەلیاسی نەبینییەوە. جلەکەی بەر خۆی دڕاند و کردییە دوو پارچە.

13 کەواکەی ئەلیاسی هەڵگرتەوە کە لێی کەوتبووە خوارەوە، گەڕایەوە و لەسەر کەناری ڕووباری ئوردون ڕاوەستا. 14 ئینجا کەواکەی ئەلیاسی هەڵگرت، ئەوەی لێی کەوتبووە خوارەوە، بە کەوایەکە کێشای بە ئاوەکەدا و گوتی: «یەزدانی خودای ئەلیاس لەکوێیە؟» کاتێک بە ئاوەکەیدا کێشا، ئاوەکە شەقبوو، ئەلیشەع پەڕییەوە.

15 کاتێک ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی ئەریحا، ئەوانەی لە بەرامبەری بوون بینییان، گوتیان: «ڕۆحی ئەلیاس لەسەر ئەلیشەع جێگیر بووە.» ئینجا بەرەوپیری چوون و کڕنۆشیان بۆ برد. 16 پێیان گوت: «ئەوەتا خزمەتکارەکانت پەنجا پیاوی تواناداریان هەیە. لێیانگەڕێ با بچن بەدوای گەورەکەتدا بگەڕێن. لەوانەیە ڕۆحی یەزدان هەڵیگرتبێت و لەسەر کێوێک یاخود لەناو یەکێک لە دۆڵەکان داینابێت.»

ئەلیشەع گوتی: «مەیاننێرن.»

17 بەڵام زۆریان لێکرد هەتا شەرم دایگرت و گوتی: «بیاننێرن.» ئەوانیش پەنجا پیاویان نارد، سێ ڕۆژ بەدوایدا گەڕان و نەیاندۆزییەوە. 18 کاتێک گەڕانەوە لای ئەلیشەع کە هێشتا لە ئەریحا مابووەوە، پێی گوتن: «پێم نەگوتن مەچن؟»

مەرقۆس 11:20-25

دەربارەی هێزی باوەڕ

20 بەیانی بەوێدا تێدەپەڕین، دار هەنجیرەکەیان بینی لە ڕەگەوە وشک بووە. 21 پەترۆس بیری کەوتەوە و گوتی: «ڕابی، سەیر بکە! دار هەنجیرەکەی نەفرەتت لێکرد، وشک بووە!»

22 عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕتان بە خودا هەبێت. 23 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی بەم کێوە بڵێت ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ لە دڵدا گومان نەکات، بەڵکو باوەڕ بکات ئەوەی دەیڵێت دەبێت، ئەوا بۆی دەبێت. 24 لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: هەموو ئەوەی داوای دەکەن و نوێژی بۆ دەکەن، باوەڕ بکەن کە وەرتانگرتووە، بۆتان دەبێت. 25 کاتێک دەوەستن نوێژ بکەن، ئەگەر شتێکتان بەسەر یەکێکەوە هەبێت لێی خۆشبن، تاکو باوکیشتان ئەوەی کە لە ئاسمانە لە گوناهەکانتان خۆشبێت. ⌟

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.