Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دەرچوون 17:1-7

هەڵقوڵانی ئاو لە تاشەبەرد

17 هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی سینەوە کۆچیان کرد، بەگوێرەی کۆچەکانیان کاتێک یەزدان فەرمانی پێ دەکردن، لە ڕەفیدیم لایاندا، بەڵام ئاو نەبوو بۆ خواردنەوە بۆ گەل. جا گەل کردیان بە دەمەقاڵێ لەگەڵ موسا و گوتیان: «ئاومان بدەنێ بیخۆینەوە.»

موساش وەڵامی دانەوە: «بۆچی دەمەقاڵێم لەگەڵ دەکەن؟ بۆچی یەزدان تاقی دەکەنەوە؟»

بەڵام گەل لەوێ تینوویان بوو و کەوتنە بۆڵەبۆڵ لەسەر موسا. گوتیان: «بۆچی ئێمەت لە میسرەوە هێنایە دەرەوە، هەتا خۆمان و منداڵ و مەڕوماڵاتمان بە تینووێتی بمرین؟»

ئیتر موسا هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «چی لەم گەلە بکەم؟ پاش کەمێکی دیکە بەردبارانم دەکەن.»

یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لەپێش گەلدا بڕۆ و هەندێک پیری ئیسرائیل لەگەڵ خۆت ببە و ئەو گۆچانەش کە پێی لە ڕووباری نیلت دا لەگەڵ دەستت بیبە و بڕۆ. من لەپێشت لەوێ لەسەر ئەو تاشەبەردە[a] لە حۆرێڤ وەستاوم. لە تاشەبەردەکە دەدەیت، ئاوی لێ هەڵدەقوڵێت و گەل دەیخۆنەوە.» موساش بەم جۆرەی کرد لەبەرچاوی پیرانی ئیسرائیل. ئەو شوێنەیان ناونا مەسا و مەریبا[b]، لەبەر دەمەقاڵێی نەوەی ئیسرائیل و لەبەر ئەوەی یەزدانیان تاقی کردەوە و گوتیان «ئایا یەزدان لەنێوانمانە یان نا؟»

زەبوورەکان 78:1-4

هۆنراوەیەکی ئاساف.

78 ئەی گەلی من، گوێ بدەنە فێرکردنم،
    گوێ شل بکەن بۆ قسەکانی دەمم.
بە نموونە دەمم دەکەمەوە،
    مەتەڵی ڕۆژگاری کۆن دەردەبڕم.
ئەو شتانەی بیستوومانە و زانیومانە،
    ئەوەی باوباپیرانمان پێیان گوتووین.
ئەو شتانە لە منداڵەکانیان ناشارینەوە،
    بەڵکو بە نەوەی داهاتوو،
ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنین،
    هێزی و کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە کردوویەتی.

زەبوورەکان 78:12-16

12 لەبەرچاوی باوباپیرانیان پەرجووی کرد،
    لە خاکی میسر، لە وڵاتی چۆعەن[a].
13 دەریای شەقکرد و پەڕاندنیەوە،
    وەک بەربەست ئاوی ڕاگرت.
14 بە ڕۆژ بەهۆی هەورەوە ڕێبەری کردن،
    بە درێژایی شەویش بە ڕووناکی ئاگر.
15 لە بیابان تاشەبەردی شەقکرد و ئاوی پێدان،
    ئەوەندە زۆر وەک لە دەریاوە بێت.
16 جۆگەی لەناو تاشەبەرد هەڵقوڵاند،
    وەک ڕووبار ئاوی بەردایەوە.

فیلیپی 2:1-13

خۆنزمکردنەوەی عیسا

ئەگەر یەکبوونتان لەگەڵ مەسیح مایەی هاندان بێت، ئەگەر خۆشەویستییەکەی دڵنەواییتان بکات، ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز هاوبەش بن، ئەگەر بە سۆز و میهرەبان بن، ئەوا دڵم بە تەواوی خۆش بکەن کە هاوبیر بن و هەمان خۆشەویستیتان هەبێت، هەروەها یەک دڵ و هاوئامانج بن. هیچ شتێک بە خۆپەرستی و لووتبەرزییەوە مەکەن، بەڵکو بە شێوەیەک بێفیز بن کە بەرامبەرەکەتان لە خۆتان بە باشتر بزانن. هەریەکە تەماشای بەرژەوەندی خۆی نەکات، بەڵکو تەماشای بەرژەوەندی خەڵکی دیکەش بکەن.

وەک عیسای مەسیح بیر بکەنەوە:

ئەوەی بە سروشتی خۆی خودایە،
    نەیویست یەکسانییەکەی لەگەڵ خودا بۆ خۆی بقۆزێتەوە،
بەڵکو خۆی کردە هیچ[a]،
    شێوەی بەندەی وەرگرت،
    وەک مرۆڤی لێهات،
کە بە ڕوخساری مرۆڤ بینرا،
    خۆی نزم کردەوە و
    تاکو مردن ملکەچ بوو، تەنانەت مردنی سەر خاچ[b].

لەبەر ئەوە خودا زۆر بەرزی کردەوە و
    ئەو ناوەی[c] دایێ کە لە سەرووی هەموو ناوێکەوەیە،
10 تاکو بە ڕاگەیاندنی ناوی عیسا هەموو ئەژنۆیەک چۆک دابدەن،
    لە ئاسمان و سەر زەوی و ژێر زەویش،
11 هەروەها هەموو زمانێک دان بنێت بەوەدا کە عیسای مەسیح خاوەن شکۆیە،
    بۆ شکۆی خودای باوک.

ڕۆڵەکانی خودا بێ گلەیین

12 بۆیە خۆشەویستانم، هەروەک چۆن کاتێک لەلاتان بووم هەمیشە گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانم بوون، ئێستاش کە لەلاتان نیم زۆر گرنگترە کە گوێڕایەڵم بن. بە ترس و لەرزەوە کۆشش بکەن بۆ تەواوکردنی ڕزگاریتان، 13 چونکە خودا خۆی لە ئێوەدا کار دەکات تاکو بتانەوێت و کار بکەن بۆ ڕەزامەندی ئەو.

مەتا 21:23-32

دەسەڵاتی عیسا

23 کاتێک عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و خەڵکەکەی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و پیرانی گەل هاتنە لای و گوتیان: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە؟»

24 عیسا وەڵامی دانەوە: «منیش پرسیارێکتان لێ دەکەم، ئەگەر وەڵامتان دامەوە، ئەوا پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم. 25 لەئاوهەڵکێشانی یەحیا، لەکوێوە بوو؟ لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟»

لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن، گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە بوو،“ دەڵێت، ”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“ 26 ئەگەریش بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو،“ لە خەڵکەکە دەترسین، چونکە هەموو یەحیا بە پێغەمبەر دادەنێن.»

27 ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.»

ئەویش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»

نموونەی دوو کوڕەکە

28 ئینجا عیسا فەرمووی: «ڕاتان چییە؟ پیاوێک دوو کوڕی هەبوو. چووە لای یەکەمیان و گوتی: ”کوڕم ئەمڕۆ بڕۆ لە ڕەزەکەدا کار بکە.“

29 «ئەویش وەڵامی دایەوە: ”ناچم.“ بەڵام پاشان پەشیمان بووەوە و چوو.

30 «چووە لای دووەم و هەمان قسەی کرد. وەڵامی دایەوە: ”بەسەرچاو[a]، گەورەم!“ بەڵام نەچوو.

31 «ئایا کام لەم دووانە بە خواستی باوکیان کرد؟» گوتیان: «یەکەمیان.» عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: باجگران و لەشفرۆشان لە چوونە ناو شانشینی خودا پێشتان دەکەون، 32 چونکە یەحیا بە ڕێگای ڕاستودروستی بۆ لاتان هات و ئێوە باوەڕتان پێی نەکرد، بەڵام باجگران و لەشفرۆشان باوەڕیان پێی کرد. دواتر کە بینیشتان، هەر تۆبەتان نەکرد و باوەڕتان پێی نەکرد.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.